پەندی پێشینان
سک تێشوو هەڵناگرێ
واتە: زیادە خۆری مەکە کەڵکت ناگرێ.
تان و پۆ ئاوریشمە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە باوک و دایکیەوە وەجاخزادە بێ.
دەستی بڵاوە
واتە: هەرچی بێتە دەستی خەرجی ئەکا.
بەرد ئەکا بە ئاو
بە دەنگێکی خۆش یا بە قسەی یەکێک ئەوترێ کە کار بکاتە دڵت.
جوو لە دین ئەبێ، لە خوێن نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پارە پەرەست بێ، بە جۆرێک کە دەست لە دینی هەڵبگرێ، بەڵام دەست لە شتێکی خۆی هەڵنەگرێ.
پەنجەی خۆی برد بە دەما
واتە: زۆر پەشیمان بووەوە.
باوێشکی بۆ ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەزی لە شتێک بێ و دەستی نەکەوێ.
ئەڵێن خزمت کێیە؟، ئەڵێ: ژنم نەهێناوە
واتە: لای زۆر کەس خزم هەر خزمی ژنە.
بە تەماشا کردن بوایا، سەگ زوو فێری قەسابی ئەبوو
واتە: فێربوونی هەموو شتێک هەر بە خوێندن یا تەماشا کردن نابێ، بەڵکو بە مێشک و بە دڵە.
پیاو بە قسەت خۆی دەبەسترێتەوە
واتە: قسەیەکت کرد، ئەبێ بیبەتە سەر.
بە سەر ئاوی حەمامەوە پیاوەتی ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە خۆڕایی مەردوم مەمنون بکات.
خولیا، سەرمایەی مفلسە
چونکە هیچی نییە پێوەی خەریک بێ، خولیا نەبێ.