یەکەمین هەنگاوی پاراستنی مافی گەلەکەمان بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی دەسپێدەکات

 

‌کاوە محمود

 

 

یەکەمین هەنگاوی خۆراگری بەرامبەر نەیارانی گەلی کوردستان بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی جەماوەر دەسپێدەکات

بەشێکی زۆری سەرکردە و کادیری دێرینی حزبە سیاسییەکانی کوردستان درووشمە سیاسییەکانی جەماوەریان لە بیرە، کە لە خۆپیشاندانەکانی دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 بە دەنگی بەرز دەیانوتەوە، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئیدارەکانی دەوڵەتی عێڕاق لە کوردستان و بڕینی موچەی مامۆستاکان و فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەت، کە خەڵکی کوردستانی ئازادکراو لە دیکتاتۆری بوون. 

بەشێکی دیکەی ئەو درووشمانە بەرپەچدانەوەی هەڵوێستی نەیارانی گەلەکەمان بوو، بەتایبەتی هەڵوێستی حوکمرانەکانی دەوڵەتە دراوسێکان، کە بە ئەزموونی هەرێمی کوردستانی رزگارکراو نەک تەنها قەڵس بوون، بەڵکو بە هەڕەشەیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانیان دەزانی و، پێیان وابوو، کە بوون و بەردەوامبوونی ئەو ئەزموونە هاندەرێکە بۆ تێکۆشانی گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.

(بەغدا، تاران، ئەنکارا، هەر سێ لا داگیرکەرە)، کە ویردی زمانی خۆپیشاندەرانی ئەو کاتە بوو و، ( بۆ موچە سەردانانەوێنین) کە سروودی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بوو، هەڵویستێکی شۆڕشگێرانەی جەماوەری تێکۆشەری کوردستان بوو، کە هەزاران قوربانیان دا و توانیان لە ئاداری 1991 تەخت و تەراجی دیکتاتۆری شۆڤینی نەتەوەی سەردەست تێک و پێک دەن.

ئەو درووشمانەی جەماوەر و ئەو هەڵوێستە شۆِشڕشگێرانەیان بەرهەم و ئاکامی کۆبونەوە حزبییەکانی لایەنە سیاسییەکان نەبوو. ئەو هەڵوێستانە و ئەو شۆڕشگێرییە بەرهەمی ئەزموونێکی کەڵەکەبووی جەماوەرێکی ستمەدیدە بوو، کە خەونی بە ئازادی و خودحوکمرانی و سەربەخۆیی دەبینی و، هەر ئەم هەڵوێستەشی وای کرد، کە ملیونەها کەس لە ریفراندۆمدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور بدەن.

بەڵام ئەوەی بابەتیکی نا لۆجیکییە و ئەمڕۆ بەدی دەکرێت، تابلۆی ئەمڕۆی شەقامی کوردستانە، کە بە پێچەوانەی ئەو تابلۆ شۆڕشگیرییەی ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ئادارە و، گوناحێکی گەورەشە، کە هۆکاری گۆڕینی ئەو تابلۆیە بخرێتە ئەستۆی جەماوەر.

جەماوەری کوردستان هەمان ئەم جەماوەر شۆڕگێرەیە، کە ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی هیوای و مەبەست و ئامانجی سەرەکییەتی، بەڵام کاتێک ئەو جەماوەرە ناعەدالەتی و نایەکسانی و زیادبوون و کەڵەکەبوونی سامانی مشەخۆران و دەوڵەمەندە نوێکان دەبینێ و، گوێی لە چیرۆکەکانی گەندەڵی و بە فیرۆدانی سامانی گشتی دەبێت و، بەرامبەر ئەمەش لەشکری بێکاری زیاد دەکات و دیاردەی هەژاری لە کۆمەڵگادا دەردەکەوێت، ئەوا بە هیچ شێوەیک گلەیی لە جەماوەر و لە پەیدابوونی سێبەری بێ هودەیی لە ریزەکانی ناکرێت.

کاتێک لایەنی سیاسی ئاراستەی بەرەنگاربوونەوە ون دەکات و بەغدا و تاران و ئەنکارا بە فریادڕەس بزانیت و، ئەم ڕەوشەش لەگەڵ سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و کردنی موچەی خەڵک بە بارمتەی سیاسی لەلایەن نەیاران و شکستی سیاسەتی ئابووری، کە لەلایەن حوکمرانانی خۆمانە پەیڕەو دەکرێ  هاوکات بێت، ئەوا بیگومان شۆرشی چەواشە و پرۆپاگندەی پەیامی نەیاران، کە سوکایەتیکردن و گاڵتەکردنە بە نەریتی شۆڕشگیری و چەمکی سەربەخۆیی و ئابووری سەربەخۆ و باوەڕبوون بە سەرکەوتن، شەقامی کوردستان دەتەنێت و، چی دی لە شەقامدا گوێمان لەوە نابێت کە (بەغدا و تاران و ئەنکارا هەر سێ لا داگیرکەرە) و، بەرپرسیاری ئەم ڕەوشەش لە ئەستۆی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و ئەو سیاسەتانەیە، کە گیانی بەرەنگاربوونەوە لاواز دەکات و باوەڕ ناکرێ چی دی جەماوەری هۆشمەند و ئازادیخواز بەو ڕەوشە قایل بێت.

یەکەمین هەنگاوی پاراستنی مافی گەلەکەمان بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی دەسپێدەکات.

سەرچاوە : ویستگە