یەكتر شكێنی

 

 

لەتیف فاتیح فەرەج 

 

قسە لەسەر كوردە، كوردی بە زۆر دەركراو لە مێژوو، هەڵبەت دیارە خۆیشی ئامادەیی ئەوەی تیا بووە كە لە مێژوو دەربكرێت، یەكێك لە پاشاكانی بابان لە سلێمانی پێموایە ڕیچە كە دەچێتەلای هەواڵی بارو دۆخ و دەسەڵاتدارێكەی دەپرسێت، ئەو توانای كۆكردنەوەی چەند هەزار پیادەو سوارەیەكی دەبێت بۆ بەرگری، كەچی گوردانێكی هەشتاكەسی سوپای ئێرانی لە سەرا داناوە، پێی دەڵێت ئەوانە بۆ لێرەن، پاشا دەڵێت بۆ پارێزگاری من لە براكەم كە ئێستا خۆی داوەتە پاڵ والی بەغدا، چیرۆكێك هەیە هەیە گوایە سوڵتانی عوسمانی بە كوردەكان دەڵێت بڕۆن یەكێك بكەنە پاشای خۆتان لە خۆتان، وەزیرو گزیر دەڵێن سوڵتان بۆ وا دەكەیت ، كەچی دوای ماوەیەكی زۆر كوردان لەسەر یەكێك لە خۆیان ناسازێن و عەجەمێك لە لایەن سوڵتانەوە دەكرێت بە خودانیان، دۆستێكی بیانی پێی وتم هیچ نەتەوەیەك نیە لە سەر گۆی زەوی خەڵكی تر لێی بپاڕێنەوە یەك بگرێت و ئەو نەیكات ، خەڵكی تر داوای لێبكەن هێزەكانی یەكبخات و ئەو نەیكات، كورد زۆربەی كورد تەنها نەتەوەن حەز بە سەركەوتنی یەكتر ناكەن ، دوو برا ئەگەر یەكێكیان ناوی بە باشە بڵاو بێتەوە ئەوی تر ڕقی لێهەڵدەگرێت و دەیەوێت لەناوی دا، كاتێك كە بیرەوەری هەرە ناشرینی ئەو بەرپرسانە، زۆربەیان ئەوانەی گوایە لە شاخ بوون بۆ دەستەبەری ئازادی بۆ گەلی خۆیان، دەخوێنمەوە دەڵێم خودایە ئەم هەموو ڕقە چیە لە یەكتر.

بابایەك زۆر بە شانازی و بە دەنگی بەرزەوە باس لە هاوڕێكانی شاخی دەكات و دەیانشكێنێت و سوكایەتیان پێدەكات و تۆمەت و تاوان و ناشرینی دەداتە پاڵیان ، لە بری سەرزەنشت دەبێتە تۆپ، زۆر ئاساییە لە بەر ئەوەی یەكترمان خۆش ناوێت ڕاپۆرت و فیلم و دۆسیە لە سەر یەكتر بكەین ، بۆمان ڕێبكەوێت بەیانی دۆسیە لە سەر مەزڵوم عەبدی دروست دەكەین و دەڵێین برای گیانی گیانی ئەسەد بووە، زۆر حەیاتین، باشی یەكتر نابینین، هیچ كوردێك وەك پێویست باشی كوردێكی تر نابینێت، یەكتر دەكەینە پیاوی ئینگلیز، تورك، فارس، عەرەب، ئەمەریكی و فەڕەنسی و هەتادوای، یەكتر ناكەینە پیاوی كورد، هەر خاتونێكی كراوە، ڕوخۆش، قسە شیرین، دەخەینە بەر گومان و شتی بۆ دروست دەكەین ، پێمان خۆشە یەكتر بشكێنین، بێ‌ بەڵگەو بە قسەی ڕوت باو باپیری یەكتر وردو خاش دەكەین، گومانی گەورە دەخەینە سەر تێكۆشەرانی خۆمان، هەندێك جار هەر بۆ ئەوەی یەكدی بشكێنین پەرێزی دوژمن پاك دەكەینەوە، ئۆباڵی كوشت و بڕی بارزانیەكان بە بیانوی شەڕێكی پارتی لە ئەستۆی بەعس دەكەینەوەو دەڵێین خەتای پارتی بوو، ئۆباڵی ئەنفال و كیماباران دەخەینە سەر یەكێتی و لایەنەكانی ترو دەڵێین ئەگەر ئەوە نەبوایە ئەوە نابوو، ئەی دەرسیم، ئەی كوشت و بڕی ڕۆژهەڵات، ئەی ڕۆبۆسكی، ئەی شەڕەكانی سەردەمی شێخ مەحمود، كوشت و بڕی دەیان جارەی ئێزدیەكان، ئێمە بە ختەوەر دەبین بەوەی بڵێین خۆمان نەبوینایە دوژمن ئەوەی نەدەكرد كە كردی، سەیرە لەبەر قسەیەك كە دەخوا كرا بێت یان نا، لە بەر قسەیەكی ئاپۆ لە كاتی دیلیداو لە ناو كۆپتەری ستەمكاری دنیادا لە بری نەفرەتی دنیا بكەین دەڵێین ئەو وتی دایكم توركە !!.

زۆر جار لێرەو لەوێ‌ من باسی نمونەو هەڵوێست و پاكی كەسێك دەكەم، سەرمایەدارێكی باش، پارتیزانێك ، شاعیرێك ،دەمەوێت بزانم كاردانەوە چین ، هەیهوویەك دەڵێت بابە وانیە تۆ هەڵەی، بەڵگەی نیە، قسەی ڕوت دەكات، كێشەكە ئەوەیە زۆر جار جاشێك، خۆ فرۆشێك، لۆمپەنێك دەیەوێت هەموو ئەوانی تر ناشرین بكات، بۆ ئەوەی بڵێت خۆ بەس من وانەبووم ، گوێم لە جاش بووە وتویەتی جا خۆ من بە ئاشكرا جاش بووم ، هەبوون لە ژێرەوە جاش بوون ، قسە فڕێدان ئای لە مێژودا چەندین ژن و كچی بە ڕومەتی كوردمان لە سەر قسەی درۆ لەناو دا، چەندین عەگیدمان ناشرین و لە مێژوو بە دەر كرد، ئێمە نەتەوەی گومانین لە یەكتر، من جارێكیان وێنەیەكم گیرابوو كتێبێكی محەمەد ماغوتم بە دەستەوە بوو، ناكەسبەچەیەكی كورد لە خت و خۆڕا بۆی نوسیبووم تۆ لە كوێ‌ و ماغوت لە كوێ‌ بەو وێنەیە گەورە نابیت، لە كاتێكدا كە بەراوردی خۆم و هەڵس و كەوت و بیركردنەوەی خۆم دەكرد نەك لە ماغوت كەمتر نەبوم بگرە زۆر زیاتر بووم، باشە ئەم كوردە بۆ پێی وایە هاوزمانەكەی هیچ نیە.

لە ژیانی خۆمازۆر هەوڵی چاكەی گشتیم داوەو داكۆكیم كردووە، كەچی لە پڕ پەلامار دراوم، ئەمە بۆ هەموو ڕاستە، سێ‌ ڕۆژ باسی شێخ مەحمودی حەفیدی بۆ بكە، ئەو دەیەوێت خاڵێكی ڕەش بدۆزێتەوە، دەڵێت نابوو قازی محەمەد خۆی بدایەتە دەست تارانەوە، دەڵێت فڵان واو فیسار وا، كەچی خۆی باشتر ناكات، باشتری پێنیە ، نیو هێندەی ئەوی پێناكرێ‌ كە دەیەوێت بیشكێنێت، ماڵتە مەلای كورد هیچی بە دەستەوە نەمێنێت پەلاماری جەژنی نەورۆزو جل و بەرگی ئاڵ و واڵای كوردی دەدات، ئەوەش نەمێنێت لە ناو خۆیاندا بەردەبنە یەكتر، رۆشنبیری كورد هەر وەسا، سیاسی كورد خراپتر، شەڕڤان غروری تاریكانەی داعشی وردو خاش كرد، هاوپەیمانان و دنیا شانازی بە شەڕڤانی كوردەوە دەكەن و فیلم و داستانیان لە سەر دەكرێت و دەنوسرێت، كاكم لەو لاوە دێت دەڵێت ئەگەر هاوپەیمانان نەبوونایە ئەوانە هیچیان بۆ ناكرا، لە كاتێكا خۆی ڕەنگە لە دوریشەوە شەڕگەی دوژمنی نەبینیبێت، یان هەر بیستبێتی دوژمن هات گەیشتبێتە سنورو كورد وتەنی " رۆژە ڕێیەك "  هەڵاتبێت، ئاخۆ هەتا كەی وا دەبین؟

سەرچاوە : هاوڵاتی