شێرزاد شێخانی
رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ کاکی ریفراندۆم بە نەبەکامی لەدایک بوو . بەداخەوە ٢٤ سەعات پاشتر تووشی تەنگەنەفەسی بوو بە کۆرپەیی تەمەنی جوانی یەک ڕۆژەی بە خاکی کوردستان بەخشی و کۆستی ٩٣% خەڵکی کوردستانی خست . ئیدی لەو رۆژەوە سەرانی ریفراندۆم یاسینی گۆڵکی لەسەر تەرمی کاکە ریفراندۆم دەخوێننەوە هێشتاش تەواو نەبووە !.
ئەمڕۆ رۆژی یادکردنەوەی ئەو رۆژە شوومەیە کە سەری کوردو دەسەڵاتەکەیشی خوارد ، بەڵام سەرانی ریفراندۆم لەبەر ئەوەی مێشکیان جامی کردووە وەکو معادلەی ریازیەکە قابیلی گۆڕان نیە ، بۆیە بە هەمان نەزمی جاران سەرکردەو بنکردەکانیان کەوتینە سەر باسی تاپۆی ڕەش و چاوەڕوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد !.
حیزبە ریفراندۆمچییەکان بەو ریفراندۆمە فاشیل و سەقەتەی کە بووە هۆی لەدەستدانی ٥١% خاکی کوردستان ودواتریش بە کەڵەگا بوونی دەسەڵاتی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستان زۆر شەرمەزارو عەیبدار بوونە بەرامبەر میللەتو مێژوو ، بەڵام نایانەوێ دان بەو هەڵە گەورەیەی خۆیاندا بنێن بۆیە ئێستا دیسان بە باسکردنی تاپۆی ڕەش و بەیتو بالۆرەی کۆیلەو قەڵەمفرۆش و میشک پووچەکانیان دەیانەوێ خەڵک قەناعەت پێبێنن کەوا ئەوان راست بوونەو هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە . بەڵام پیلانی دوژمنان نەیانهێشت دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنرێ . هەر وەکو مەسەلەکەی دەڵێ ( سەماکەرەکە نەیدەزانی خۆی بادا ، دەیگۆت عەرزەکە خوارە ) !.
عەرەب قسەیەکیان هەیە دەڵێ " الاعتراف بالخطأ فضيلة " واتە داننان بە هەڵە سەلماندنی گەورەیی مرۆڤە ، بەڵام سەرانی ریفراندۆم ئێستاش ناوێرن دان بەو هەڵە وێرانکەرە بنێن لانیکەم کورد وتەنی بڵێن " کاکینە ئێمە هەڵە بووین خۆ مەلاش لەقورئان غەڵەت ئەکات " .
سەیرە ئەمڕۆ لەیادی شەش ساڵەی ریفراندۆمدا کە هاوتایە لەگەڵ چاوەڕوانی گەیشتنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی دواکەوتووی سێ مانگی فەرمانەرانی هەرێم ، هاوکاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان و راگرتنی نەوتی هەرێم ، هاوکاتە لەگەل هەڵکردنی ئالای عیراق بەسەر سنوورەکان و ، لەگەڵ چەمانەوەی وەفدەکانی حکومەتی هەرێم بەرامبەر وەزیرە ژنەکەی دارایی بەغدا ، کەچی کۆیلەو نوسەری دەربارو تەنانەت سەرکردەو مەکتەب سیاسییەکانیشیان باسی تاپۆی رەش و سەربەخۆییمان بۆ دەکەن !!!.
لەخۆڕا نەوتراوە " ئەگەر شەرمت لەخۆت نەکرد چیت لەدەستهات بیکە ".
کوردیش راستی وتووە " حەیا قەترەیەکە کە ڕژا .. ئیتر دەڕژی ". باقی وەلسەلام ..
سەرچاوە: ئاوێنە