بەشێك لە دانیشتوانی شەنگال بە كەرەستە و شێوازی باوباپیرانیان بژێوییان دابین دەكەن و ڕێگە نادەن كەلتووری دێرینیان لەناوبچێت، هەنجیری وشککراوە یاخود وەک خۆیان پێی دەڵێن “گەولاز” یەکێکە لەو بەرهەمانەی، شەنگالییەکان دروستی دەکەن و بژێوییانی پێ دابین دەکەن.
گەولاز بریتیییە لە هەنجیری وەشککراوە، خودێدا خەلەف، خەڵكی گوندی وارێ خدرە لە باشووری چیای شەنگال و چەندین ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هەنجیرە، باسی شێوازی دروستکردنی هەنجیری گەولاز دەکات و دەڵێت: هەنجیر لە مانگی ئابدا پێدەگات و تا مانگی تشرینی یەكەم دەمێنێتەوە، كاتێك هەنجیرەكان زەرد دەبن كۆی دەكەینەوە و دەیخەینە بەر خۆر، دوای ماوەیەك ئەو هەنجیرانە وشك دەبنەوە، پاش وشكبوونی هەنجیرەكان، هەنجیری بچووك و گەورە جیا دەكەنەوە.
وتیشی: ئێمە بەو هەنجیرە گەورانە دەڵێین ‘هەنجیری گەولاز’، هەنجیرەكان ورد دەكەین و دەیانخەنە قاڵبێكەوە و وشكیان دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەو هەنجیرانە خۆشترینن، ئێزدییەكان ناویان لێناوە گەولاز، هەندێكیش دەدەین بە كارگەكان و لەوانەش بچووكتر پێیان دەڵێین: لەتكە هەنجیر، ئەوانەش دەدەینە دۆست و ناسیاوەكانمان یان لە شار دەیفرۆشین.
دوای وشککردنی هەنجیرەکە و جیاکردنەوەی، دەیکەن بە پەتەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە. خودێدا جەخت دەکاتەوە، کە سەرباری هەموو سەختیی و ئاستەنگەكان، دەستبەرداری زەوییەكانمان نابن، ئێمە لە خاكی خۆمانین و ئەم كارەش بۆ ئێمە شەرەفە و لە دوای فەرمانەكەوە تا ئێستا ئەم خاكەمان بەجێنەهێشتووە و بڕیاریشمان داوە بەجێینەهێڵین.
سەرچاوە: rojnews