گەنجێك بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش شەقام و دیوارەكان دەنەخشێنێت

گەنجێک بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش دار و دیوار دەنەخشێنێت و دنیایەكی واقعی لە فڵچەی وێنەكێشانەكانیەوە دەخاتە بەر دیدەی بینەران، وەك خۆی دەڵێت، ئەو هونەرە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە فێربووە.
وێنەی سێ دووریی یان سێ ڕەهەندیی، کە بەزمانی ئینگلیزێ پێی دە وترێت ،(3D) جۆڕێکە لە هونەری وێنە کێشان کە لەسەر کاغەز یان دیوار و یانیش لە سەر شەقام دەکێشرێت و زیاتر وە ک کەرەستەیەکی بەرجەستە دێتە بەر چاو نەک وەک وێنەیەکی ئاسایی.
یاسین عەبدولڕەحمان، گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینە و ماوەی نۆساڵە ئەم کارە دەکات و دەڵێت: لە سەرەتادا تەنیاکاری وێنە و نووسینی سەر دیوارم دەکرد، بەڵام دواتر بیرم لەوە کردەوە کارێکی جیاواز بکەم ئەویش وێنەی سێ دوورییە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.

ئەو گەنجە بەشێوەکی سەرنج ڕاکێش کارەکانی ئەمجام دەدات و دەتوانێت وێنە کانی لە گەڵ واقعدا بگونجێنێت، کە هەندێک کات وا هەست دەکەی کە ئەمە ڕاستیە نەک وێنەیەکی کێشراوبێت.
لە بارەی سەرەتای دەستپێكی هونەرەكەیەوە یاسن بە ڕۆژنیوزی وت: لەسەرەتادا گروپێکمان دامەزراند بە ناوی گروپی “چاو” کە لە 15 گەنجی لێهاتووی ڕانیە پێکهاتبوو، بەهۆی بارودۆخی ئەندامەکانەوە گروپەکەمان هەڵوەشایەوە و دواتر لە گەڵ برایەکم لە چەند شوێنێکی گشتیی کارمان کردووە، دواتر بیرم لەوە کردەوە کە کارێکی جیاواز ئەنجام بدەم ئەویش کاری کێشانی وێنەی سێ دوورییە.

دەربارەی كێشانی وێنەی سێ دووریی دەڵێت: وێنەی سێ دووریی بەبەراورد بە وێنەی ئاسایی قورسترە و لە وێنەی سێ دوورییدا دەتوانیت زیاتر لە چەند گۆشەیەکە بەکار بهێنی بۆ ئەوەی بیگونجێنیت لەگەڵ ئەو شوێنەی، کە وێنەکەی تیادا دەکێشیت، چاوی بینەر لە گۆشەیەکدا کۆبکەیتەوە کە وا لە بینەر بکات وێنەکە وەک کەرەسەتەیەکی واقع و بەرجەستە ببینێت .

ئەو هونەر مەندە لە منداڵییەوە حەزی بە خۆشنووسی و وێنەکێشان کردووە و هەوڵی خۆفێرکردنی داوە، بۆ فێربوونی ئەو کارەشی لە ڕێگای سەیرکردنی ڤیدیۆی یوتوبەوە خۆی  فێری کێشانی وێنەی سێ دووریی کردووە، لە ئێستادا لە شوێنە گشتییەکان و لەسەر دیوار و لە سەرشەقام، تواناو بەهرەکانی لە وێنەکێشان بەشێوەی سێ دووریی دەخاتە ڕوو.

 

 

سەرچاوە: rojnews