گۆرانیی هۆریی باوانی كورد؛ كۆنترین مێلۆدی جیهان

مێژووی موزیك ئەوەندەی خودی مرۆڤایەتی كۆنە. شوێنەوارناسان فلوتی سەرەتایییان دۆزیوەتەوە كە لەئێسك و عاج دروستكراون و مێژووەكەیان بۆ ٤٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە ، هەروەتر باوەڕوایە زۆرێك لەشێوازە موزیكە كۆنەكان لەنەریتە زارەكییەكاندا پارێزراوبن، بەڵام كاتێك باس لەگۆرانییە تایبەتەكان دەكرێت، كۆنترین نموونەی زانراو و دۆزراوە تاڕادەیەك مێژووەكەی تازەترە.

زۆربەی مێژوونووسان، وەك كۆنترین پارچە موزیكی نووسراو لەمێژووی مرۆڤدا، ئاماژە بە «سروودی هۆریی ژمارە ٦-  Hurrian Hymn no.6» دەكەن، كە سروودێكە بۆ مێخواوەند، نیكال كە بەشێوەی مێخی لەلایەن هۆرییەكانەوە لەدەوروبەری سەدەی ١٤ـی پێش زایین، واتە نزیكەی سێ هەزارو٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دانراوە.

ئەو تاتە گڵینانەی كە ئەو ئاوازەیان تێدایە لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەوێرانەكانی شاری ئۆگاریت لەسوریا دۆزراونەتەوە. هەروەها، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنمایی تایبەت هەیە بۆ چۆنیەتی لێدانی گۆرانییەكە لەسەر جۆرێك قیسارەی نۆ تاڵی.

سروودی هۆری نیكال، كە سروودی پەرستەی هۆری ژمارە ٦ـیشی پێدەگوترێت، بەشێكە لە ٣٦ سروودی ئاینی كە بۆ نیكالی مێخواوەند نووسراون، بەكۆنترین میلۆدی لەجیهاندا دادەنرێت كەهەتاوەكوو ئێستا دۆزرابێتەوە.

نیكال مێخواوەندی باخچەو سەوزایی بووە و لەزۆربەری ناوچەكانی میزۆپۆتامیا بەتایبەت میزۆپۆتامیای سەروو لەناوچەی حەران پەرستراوە. سەرەڕای هۆنراوەكە، لەسەر تاتە گڵینەكە، رێنماییش نووسراوە بۆ گۆرانیبێژو موزیكزانەكان كەچۆن ئاوازەكەی بژەنن و ئاماژە بەئەوەشكراوە كەدەبێت موزیكەكە لەسەر ئامێرێكی هاوشێوەی قیسارە بەناوی ساممون لێبدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كەناوی ئاوازدانەرەكە نەزانراوە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا گۆرانییەكە لەلایەن موزیكزانان و تووێژەرانەوە داڕێژراوەتەوە و لەئێستادا بەچەندین شێوە گۆرانییەكە لەلایەن چەندین كەسەوە گوتراوەتەوەو هەركەسێك دەتوانێت لەڕێگەی ئۆنلاینەوە گوێبیستی گۆرانییەكە بێت. لەئێستادا تاتە گڵینەكە لەمۆزەخانەی نیشتمانی دیمەشقە.

هۆنراوەی گۆرانییەكە:

«من قوربانیم بۆ مێخواوەندەكە كردووە

سا لەخۆشەویستیدا دڵی خۆی بكاتەوە

جا لەگوناهەكانم خۆش بێت

گۆزە زەیتی كونجی خۆش‌ بۆن دڵی شادبكات

تا بەمیهرەبانی چاوی لێمان بێت

سا بەرهەمدارمان بكات وەك كێڵگە بەپیتەكانی دانەوێڵە

سا ژنان لەگەڵ مێردەكانیاندا منداڵیان بێت

جا ئەوانەی كەهێشتا پاكیزەن

رۆژێك بەمنداڵ بەختەوەر بن»

بەبڕوای مێژوونووسی گەورەی كورد، میهردادی ئێزدی، هۆرییەكان بەمەودایەكی فراوانی كەوانەیی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس-تۆرۆسدا بڵاوبوونەتەوەو تەواوی جوگرافیای كوردستانییان گرتووەتەوە و بۆماوەی چوار هەزارو ٣٠٠ ساڵ كولتوورێكی بەهێزیان ئاواكردووە و لەژێر ناوی میتانی رێكخستنێكی سیاسیی بەهێزیان دامەزراندووە.

هەروەها هۆرییەكان بۆ ماوەیەكیش دەستدرێژییان كردووەتەسەر دەشتەكانی دراوسێیان: میزۆپۆتامیا و دەشتاییەكانی ئێران. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز زۆر دوور لەشاخەكان بڵاونەبوونەتەوە. ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەكانی هۆرییەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لەسەر جوگرافییەكەیان یەكگرتوو و چڕبووە، واتە تاڕادەیەكی زۆر هاوتەریب لەگەڵ كەوانەی شاخەكانی زاگرۆس-تۆرۆس دەڕوات، هەروها بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوە شوێنەوارییەكانی كاڵاو بنچینەییەكانیان، دەردەكەوێت ئاڵوگۆڕی ئابووری، لەنێوان چیاو دەشت لەگرنگیدا بەپلەی لاوەكی ماوەتەوە.

سەرچاوە : ماڵپەری هاوڵاتی