گوتار لەنێوان واقعیی سیاسی و پۆپۆلیستیی عەنتەریدا

 

 

 

محەمەد خۆشناو


بەڵێن بە گەلەکەت مەدە بۆ ئەوەی کە ناتوانیت بیکەیت 

 ئامۆژگاری حەکیمەکانی چین بۆ دەسەڵاتدارانیان 

لەزۆربەی هەڵبژاردنەکانی جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، چەندین جۆری ووتار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاراستەی جەماوەر دەکرێن ، حزب هەیە لەسەر ڕێبازی واقیعی سیاسی و ، هەشە لەسەر ڕێبازی

«پۆپۆلیستی عەنتەری » بانگەشەکە دەکات و ، هەشە دەیگەینێتە حالەتی هیستیریا و دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکات .
 

واقیعی سیاسی لەسەر تێگەیشتنی قوڵ بۆ واقیع بە هەموو ڕەهەند و شیکردنەوە و دوور لە سۆز و بەرژەوەندی کەسیی ڕادەوەستێت و ڕەچاوی بەرژەوەندی باڵای گەل دەکات ، بەڵام« پۆپۆلیستی عەنتەری یان درۆیی» بریتیە لە هەوڵی ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر و سواربوونی شەپۆڵی جەماوەر بە ختوکەکردنی هەستی نیشتیمانیی و گەرمکردنی حەز و ئارەزوەکانی ژیان لە ڕێگەی بەڵێنی بەدرۆ کە هیچ داتا و زانیاریەکی ڕاستەقینەی تێدا نیە ، ڕیالستی واقیعی سیاسی مانای تەنازولکردن و خۆبەدەستەوەدان نیە و بەڵکو بڕوای بە ڕێسای« مافت لەسەرمە» هەیە ، من ئەوەم لە گووتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەدیکرد ، بەتایبەتی ئەوە یەکەم جارە بەرپرسێکی باڵای کوردستان داوای بەخۆداچوونەوە و لێبوردن لەو هەڵانە بکات کە کراون ، ئەمە لاوازی نیە بەڵکو ئەوپەڕی بەهێزیە ، لیبوردن و بەخۆداچوونەوە بوون کە وڵات و گەلانیان لە خەوی غەفڵەتدا دەرهێنا و گەیشتنە کاروانی پێشکەوتن و گەشانەوە ، بەداخەوە لەو ناوچەیەی ئێمەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داوای لێبووردن ناکرێت ، لەبەرزترین حالەتدا پاساوی بۆ دەهێننەوە ، لێبووردن واتە کوژانەوەی ئاگر و پتەوکردنی پەیوەندیە مرۆییەکانە لە کۆمەڵگا ، لێبووردن وەک داوای لێبووردییە لەوانەی ماوەیەکە ئازار و ئەزیەت دەخۆن ، لێبووردن کلتووری نەتەوە پێشکەوتووەکان و فەزیلەیەکی گەورەی ڕەوشتە . ئەمە بەشێکە لە بیری هەنگاوهەنگاوی چاکسازی و ئەنجامدانی گۆڕانکاری و پێشخستن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی کە ڕەنگدانەوەی گوتاری واقیعی سیاسیە  ، نەک لەسەر بنەمای قیژەی جەماوەر و فرۆشتنی وەهم و بەڵێنی بەدرۆ ، یەکێک لە تراژیدیا نوێکانی ئەو گەلەی ئێمە بوونی سەرکردە پۆپۆلیستیە کە جەماوەریان کردۆتە کۆمبارس بۆ ووتنەوەی بەڵێنی بریقەداری فریودراو ، بەڵێنێک کە هەرگیز نایەتەدی ، ئەوە لەبەرچاومانە  بزانە ئەو سەرکرد پۆپۆلیستیانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆن گەلەکانیان لە جەنگی ناوخۆ تێوەگلاندووە ، ململانێی ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەنێوان ئەوەی هەوڵدەدات بۆ جێگیرکردنی پڕۆژەی سیاسەتی واقیعی ڕاوەستاو لەسەر بەرژەوەندی گشتی و ، نێوان خوێندنگای فرۆشتنی وەهمی سیاسەتی پۆپۆلیستی .

سەرچاوە : سپی میدیا