ئارامگرتن ئەکتە
کیۆ: تۆ بڵێى ئەو ئاڵنگارییە گەورانە کامانە بن وا لەمڕۆدا هزرى فەلسەفی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە؟
نانسى: لە فەلسەفەدا هیچ شتێک پێدراو و حازربەدەست نییە، چاو لە هەرچى بکەین ناتوانین وەهاى دابنێین ڕوون و ئاشکرایە. بۆ نموونە، ناتوانین وەها باس لە "مرۆڤ" یان "کۆمەڵگە" یان "زانست" بکەین وەک بڵێى ئەم وشانە بابەتگەلى حەقیقەتى زانراون. ئاڵنگاریى بە دیاریکراوى ئەوەیە خۆت نەچەسپێنیت بە هیچ شوناسێکى وەرگیراوەوە. نابێت فەیلەسوف هیچ شتێک بە مسۆگەرى وەربگرێت. مانا پێشوەخت و چەسپێنراوەکان دەبێت هەمیشە پاشەکشە بکەن، ئینجا دواتر دەرفەتە نوێیەکان ئاوەڵا دەبن.
کیۆ: جا ئەگەر فەیلەسوف خۆیشى وەک ئێمە نیگەرانى گەیشتن بێت بە وەڵام و ڕاستیگەلێک تاوەکو خۆى پێیانەوە بلکێنێت، ئەى چۆن دەتوانێت کۆمەڵگە فێرى جۆرێک بیرکردنەوە بکات؟
نانسى: کتومت ئارامنەگرتن تەڵەکەیە. لە لایەکەوە، ئارامنەگرتن [بێ سەبرى] شتێکى دروستە؛ ئاخر هیچ هۆکارێک بۆ چاوەڕوانى لە گۆڕێدا نییە، مەرجى ژیانێکى شایستە لە هەموو کاتێکدا شتێکى خوازراوە. لەلایەکى دیکەوە، پرسیارى تاریک و ئاڵۆز هەیە، ئەگەر وەڵامەکانیشیان گومانهەڵگر و ڕیشەیى بێت ئەوا وەک دەڵێین ڕەنگە مەترسیدار بن. ئەم جوداخوازییەى ئێستا١ نموونەیەکى باشە: دەنگدان دەستى پێکرد و ئەوانەى پشتیوانییان دەکرد نیگەرانى دایگرتن و دەستیان کرد بە لێپرسین. یان حزبى پۆدیمۆس٢ کە بە بەهێزى دەستیان پێکرد، کەچى لەبرى ئەوەى هێز[ى زیاتر] بەدەستبهێنن، بەخێرایى لە دەستیان دا. هەروەها ئەو ئاڵۆزییەى ئێستا بەرەنجامى بەرەنگاریى ئارامنەگرتنە کە ئەوانە هەستى پێ دەکەن وا سەرکوت کراون؛ ئارامنەگرتنى ئەوانەى لە سەرکوتکردن دەترسن (چینى ناوەڕاست)، ئارامنەگرتنى ئەوانەى بەدواى پەناگەیەکدا وێڵن و ئارامنەگرتنى ئەوانەى لە داگیرکاریى پەنابەران دەترسن، ئارامنەگرتنى ئەوانەى نۆستالژیایان بۆ ڕابردوو هەیە ڕێک لە بەرامبەر ئەوانەدا کە بە تاسەى هاتنى داهاتووەوەن. لە ئێستادا زۆر سەختە ئاراستەیەکى دیاریکراو دەستنیشان بکرێت، وەکو ئەوەى لە سەردەمى ڕەنج و زەحمەتیى کرێکاران و کۆتایى دیکتاتۆریەتدا هەبوو. چۆن دیکتاتۆریەتى فرانکۆ بۆ ماوەیەکى درێژ بەردەوام بوو کەچى ژمارەیەکى زۆرى خەڵکى دژى بوون؟ چونکە ئەوە سەردەمى گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانەکانى ئابووریى ئەوروپى بوو، کە لاى خۆیەوە گۆڕانى بەسەر ئەو بار و ڕەوشەیشدا هێنا کە بۆ کۆتایى دیکتاتۆرییەت ساز بووبوو. بۆچى سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمى ئەوروپایى جێگاى ڕەخنەیە؟ چونکە بزوێنەرەکانى زۆر کۆنن، پێویستە ڕێگاى نوێ بۆ فراوانکردنى ئەو پەیوەندییانە بدۆزینەوە کە هێز، تەکنیک و پێشبینییەکان بە هێواشى تێیاندا گۆڕاون. لە ڕاستیدا، پێویستە لەوە تێبگەین کە ئارامگرتن [ئەکتێکى] چالاکانەیە نەک ناچالاکانە. ئارامنەگرتنێک لەسەر ئارامى و ئارامگرتنێک لەسەر نائارامى.
کیۆ: زۆرجار لەبارەى تیرۆرەوە نووسیوتە، بە تایبەتى دواى هێرشەکانى فەرەنسا، بۆچوونت لەم بارەیەوە چییە؟
نانسى: تیرۆر پەیوەستە بە دوو هێزەوە. گۆڕان لە زاڵێتیى جیهانى ڕۆژئاواییدا و جەختکردنەوەى ئیسلام لەسەر بوونى خۆى، ئەو بوونەى کە هاوسەنگییەکەى بە کۆلۆنیالیزم و کەوتنى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى تێکچووە. ئەم تیرۆرە دۆخێکى پڕ لە تەنگژە دەردەخات کە لە لێکدژیى هێزەکانى نێوان مۆدێلى ڕۆژئاوایى بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانى و، ڕاستییەکانى بوون لەو ناوچانەدا کە هەست بە فەرامۆشیى دەکەن، سەریهەڵداوە و تێیاندا چینەکانى سەرەوە جیاوازییەکى گەورەیان لەبارى دەسەڵات و دۆخى کۆمەڵایەتییەوە بۆ خۆیان هێشتۆتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕۆژئاوا لە ڕووى هێزەوە لاوازە، بڕواى بە شارستانیەتەکەى خۆى نییە، سەرقاڵى تەکنۆلۆژیاکەیەتى و چاوى لەوە بڕیوە چۆن گەشە بە سەرمایەکەى بدات بە بێ کەمکردنەوەى جیاوازى لەنێوان ئاستەکانى بژێویدا و، لەوێدا ئابووریى ناتوانێت سۆشیالیستییانە بمێنێتەوە (ئابووریى سۆڤیەتى هەر جۆرێک ئابووریى سەرمایەداریى بوو). لە ڕاستیدا لە ئێستە بەدوا چیتر ڕۆژئاوا بوونى نییە، لەبرى ئەوە جەمسەرانى تەکنیکى-ئابووریى هێز بوونى هەیە کە سەرە بەرچاوەکانى بریتین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ویلایەتە یەکنەگرتووەکانى ئاسیا، بەڵام موڵک و تواناکانیان لە هەموو شوێنێکن، لە هەر شوێنێک کە سەرچاوەی لێ بێت بۆ قۆستنەوە. ئەوروپا خاوەنى هاوبەندییەکى تایبەت بە خۆى نییە، بۆیە کەوتۆتە بەردەم ئەم دابەشبوونەى هێزە جیهانییەکانەوە
کیۆ: هەروەها جیهانگیرییش...
ئاخر لەم جیهانگیرییەوە تەقینەوەکان، نەهامەتییەکان و داڕمانى هەموو جۆرە کۆمەڵگە و کولتوورەکان سەرهەڵدەدەن. بۆ پێنج سەدە بڕوامان وابوو کە دەشێت یۆتۆپیا وەدیى بهێنرێت و بڕوامان بە غرورى یۆتۆپیاکان هێنا. ئێستا پێویستە بە جۆرێکیتر بیربکەینەوە و شوێنى خۆمان لە جیهاندا هەڵگەڕێنینەوە. ئەمە ماوەیەکى زۆر دەخایەنێت.. ڕەنگە چەندین سەدە.. بەڵام کۆمەڵگەکان هەمیشە تواناى خۆیان بۆ تێپەڕاندنى ئاڵەنگارییە سەختەکان سەلماندووە.
کیۆ: هێما بۆ چى دەکەیت کاتێک دەربارەى "سوپرایزى ئازادبوون" دەدوێیت، پێتوایە ئێمە ئازادین یان نا؟
نانسى: ئازادى توانایەک نییە هەمانبێت یان مافێک خاوەنى بین و بیشتوانین دەستى لێ هەڵبگرین. ئازادى لە حەقیقەتى بوونماندایە و پرۆگرامکراو نییە، پێویستە ڕێگاى خۆى بدۆزێتەوە. لە هەر بارێکدا، ئازادى وەک بوون-لە-جیهاندا هەلومەرج و سنوورى خۆى هەیە. ئازاد نین بەو مانەیەى "هەر یەکێکمان ئەوە بکەین کە دەمانەوێت" و "لە هەموو شتێک سەربەست بین"، چونکە ئێمە پشت بە شتانێکى زۆر دەبەستین، زۆربەى کات "ویست"ـمان مەیل و ئاوات و تاسەى تێدایە کە لە شوێنێکى دیکەوە هاتووە. تێگەیشتن لەمە و لە ماناکەى سەرەتاى ئازادبوونە. لەبەرئەمە ئازادى سوپرایزمان دەکات چونکە بۆمان دەردەکەوێت شتێکى دیکە هەیە جیایە لەوەى کە بۆمان ڕوون و ئاشکرایە. بۆ نموونە: ئەگەر نەخۆش بم و نەتوانم وەزیفە و ئەرکم جێبەجێ بکەم، هیچ نەبێ دەتوانم حاڵى خۆم وەک ئەزموونێک ببینم؛ ئەزموونى نا-بەرپرسیارێتى لە هەموو بڕیار و هەڵبژاردنەکانم. هەندێجار نەخۆش "وانە" بە ساغەکان دەدات.
کیۆ: دەتوانین تەفسیرى ئەوە بکەیت چۆن ئازار هەلى فراوانکردنى ئازادییە؟
نانسى: من وام نەوتووە... سەرەڕاى ئەوەیش، من ناڵیم هەلە. ئازار دۆخێکى دڵخوازانە نییە، لە باشترین حاڵەتدا هۆکارە بۆ ڕاپەڕین، بە تایبەتى هۆکارى ئەوەیە بەدواى ئەوەدا بگەڕێى چۆن ڕابپەڕیت. بە دەربڕینێکى دیکە، ئازار دەگات بە چى؟ بێگومان ئامانجەکە ئەوەیە ئازارى زیاتر نەکێشین، بەڵام تەنانەت ئەمەیش پێویستى بە پێناسەکردنە. بۆ ماوەیەکى درێژ، ئەم ئامانجە لە وشەى "کۆمۆنیزم" یان "سۆشیالیزم"ـدا بناغە بوو. بەڵام ئەم وشانە بە ڕاستى پەرەیان نەسەند تەنیا لە یەکێتیى سۆڤیەتدا نەبێت، ئەو نموونەیەیش شکستى هێنا.
کیۆ: بۆچى شکستى هێنا؟
نانسى: تا ئێستا ئەم شیکارییە نەکراوە، یان بە نیوەچڵى کراوە. لەبرى ڕوانینێکى قووڵ لە پرسیارەکە، کۆمۆنیستەکان تەنیا بەوە دڵخۆشن زیان بەو سەرمایەدارییە ناقۆڵایە بگەیەنن کە ئایدیاى کۆمەڵگەى دادپەروەرى گۆڕیوە بە ئازادیى کڕیار. ئەوان پەستن لە ناعەدالەتى، بەڵام نازانن لە کوێ عەدالەت ببیننەوە. بۆ نموونە، لەمڕۆدا زۆرجار ئیمە باس لە کەمکردنەوەى کرێى جیهانى دەکەین. وا دەردەکەوێت ئەمە ئایدیایەکى دادپەروەرانە و چاک بێت، بەڵام ئایدیایەکى زۆر مەترسیداریشە، چونکە خەڵکێکى زۆر لە سنوورى مەمرە و مەژیدا ڕادەگرێت. لە ڕاستیدا لەمڕۆژگارەدا، بۆ ئەوەى شتێکى دیکە دابهێنین، پێویستە یەکەمجار بیربکەینەوە، هەروەها دەبێت هاواریش بکەین. جودابوونەوە هاوارى ئەوانەیە کە لەلایەن چینە فەرمانڕەواکانى ئەوروپاوە بە بوغز و سەرکوتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. پێویستە ئێمە گوێ بۆ ئەم هاوارە ڕادێرین. بەڵام دەبێت چیى لێ تێبگەین؟ ئەمە ماوەتەوە لە داهاتوودا بیبینین.
کیۆ: لە کتێبەکەتدا "هەڵوەشاندنەوەى مەسیحییەت"، باست لە ئایین لە جیهانى ئەمڕۆدا کردووە، دەتوانیت لەم بارەیەوە هەندێ قسەم بۆ بکەیت؟
نانسى: ئەو کتێبە دەربارەى خاپوورکردن یان لەنێوبردن نییە، بەڵکو دەربارەى تێکوپێکنان و هەڵوەشاندنى پێکهاتەکەیە بۆ ئەوەى ببینین لە چیى پێکهاتووە. لەمرۆدا، مەسیحییەت لە ئایین پێکنەهاتووە. لە گۆڕانێکى قووڵى مرۆڤایەتیى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێکهاتووەدا کاتێک ویستى لە جیهانە کۆنەکە، جیهانى سنوورەکان، جیهانى کۆتادار دەربچێت کە دەتوانین ناوى بنێین de-finition. لە هەموو شوێنێک خواوەندەکان بە وەزیفەى دیاریکراوەوە هەن، بە یاساگەلێکەوە کە پێویستە پەیڕەو بکرێن، بە نەزمگەلێکەوە کە لاسایى دەکرێنەوە؛ خوداکان هەن بە ئاسۆى سنووردارەوە. لە خاڵێکى دیاریکراودا هەرهەموویان دادەڕمێن و دەکەون. بێگومان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانیدا یەکەم "جیهانگیرى" دەبینین –کاتێک ئەوە دەربازبوون بوو لە هەرێمە داخراوەکان و هەلومەرجە جێگیرەکان (وەکو "مەرد دژ بە عەبد"). دواى ئەوە ئارەزووى ڕەهایى سەریهەڵدا و، بەڵێنەکانى ڕەهابوون دەستیان پێکرد. ئەم ڕووداوە گۆڕانى لە شارستانى و کولتوور و کۆمەڵگەدا دروست کرد، بووە مایەی سەرکێشییە گەورەکان، بە هەموو مەترسییەکانیانەوە، لە جیهانى نوێدا.
کیۆ: لەگەڵ ئەم هەڵوەشاندنەوەى مەسیحەتدا، ئەو دەرەنجامانەى چیبوون کە پێیانگەیشتیت؟
نانسى: دەرەنجامى یەکەم کە گرنگترە: ئەو گۆڕانە قووڵەى کە لەگەڵ گەیشتنى مەسیحیەتدا بەسەر کولتووردا هات ڕزگاریى بوو لە ئایین وەک بتپەرستى، وەک خورافە، بەرەو ڕوانگەیەکى گەردوونى بە ئاسۆ ڕەهاکانەوە. گەردوونى، "گشت" بۆ کەنیسەى کاتۆلیکى بەر لە هەموو شتێک واتە بێ سنوور: بتى زیاتر نا، لەبرى ئەوە ناکۆتاییەکى کراوە. کەواتە توانا و وزەیەک هەبوو بۆ هاودەستى، دەتوانین و دەبێت بێ سنوور خۆمان بگۆڕین، جیهان بگۆڕین. مەسیحییەت خۆى وەک هیومانیزم، وەک کاپیتالیزم و وەک پەرەسەندنى تەکنیکى ماتریالیزە کرد. هەموو ئەمانە دەبنە شتانێکى گرفتئامێز و تەمومژاوى، بەڵام هەمیشە چاوان لە ناکۆتا بڕیوە. هەروەها ئایین وەک چەقێکى مەرجەع لە ڕۆژئاوا دیار نەماوە.
دەرەنجامێکى تر تەواو پێچەوانەى ئەمەیە: ئەگەر مەسیحییەت ئەو مۆدێلەى ئایین بسەپێنێت کە چەندین سەدەیە هەیەتى، ئەوا ئەمە بەهۆى ئەو دڵنیایى و مەرجەعانەوەیە کە لەسەریان دامەزراوە و هەمیشەیش بە تووندى خوازراون. پاشان ئەوانە هەن کە ئەم مەرعەجانە بە گونجاو دەزانن بۆ دروستکردنى "مانا"، وەک ئامرازى هێز، وەک جوانییەکى ئایدیاڵى یان خۆراکى فیکر، ئەمانە (کە بەشێوەیەکى سەیر لەیەک دەچن) بەدواى یەکێکدا دەگەڕێن نوێنەرایەتییان بکات، ئەو وێنە و ئەفسانانەى کە بۆ خۆیان دەیانگوازنەوە. ئەتەییزم ]ئیلحاد[ ناتوانێت زۆربەى گومانەکان بڕەوێنێتەوە, ئەمە نەنگییەکى، چونکە ئایین وەک جەختێک نا-ئازادییە، جگە لە هەندێ سۆفی و گەورەپیاوانى ڕۆحى نەبێت کە لەلایەکى دیکەوە یارمەتیدەرى ئایینگەلى زۆر بوون لە گەشەکردندا.
کیۆ: لە کۆتاییدا با دەربارەى هونەر بدوێین. بە چ رێگەیەک پێتوایە "هونەرى نوێ" جیاوازە لە "هونەرى تەقلیدى"؟
نانسى: هونەرى تەقلیدى پەیوەستە بە شیمانەى نواندنەوەى حەقیقەتەوە –ئایین، حەقیقەتى پاڵەوانبازى یان سیاسى، یاخود حەقیقەتى دەرکبردن، هەستکردن، شعورکردن. جیهانى مۆدێرن حەقیقەت وەک گەشتێکى ناکۆتاى گەڕان دەبینێت. لەوەبەدوا ئیتر فۆڕم و مۆدێلە جێگیرەکان بوونى نییە، بگرە ئەوەیش بوونى نییە کە هونەر بتوانێت دروستى بکات لەوەدا کە ناومانناوە ئەبستراکت یان ڕەنگ بە بێ مۆدێلى دیاریکراو (رۆسکۆ، نیومان، پۆلۆک)٣ کولتوورى مۆدێرن هەر هەمووى داهێنراوە و لێرەیشەوە ماناى هونەر ناڕوون دەبێت، ڕێک لەبەرئەوەى چیتر بایەخ بە نواندنەوەى حەقیقەتەکان نادات.
کیۆ: ئەوە واتاى چییە؟
نانسى: ماناى هونەر بە ڕێگەیەک، لوغزاوى و دووردەدەستە. چونکە ناتوانین لە زماندا دایبڕێژین. بۆ نموونە بیر لە مۆسیقا بکەوە: مۆسیقا بە دوانزە نۆتەکەیەوە، مۆسیقاى سوریالى، جازى ئەلیکترۆنى، ڕۆک و تێکەڵەى ئاواز و نا ئاوازى مۆسیقا، پانۆراماى دەنگ زۆر گۆڕاوە (وەک چۆن دیمەنە دیدەنیەکانمان گۆڕانى بەسەردا هاتووە، بەڵام دەنگ بەهێزتر هەستکردن تێدەپەڕێنێ، بیر لە کارەباییبوون بکەوە، تەکنیکى ڕاپ، سلام٤ ...). ئێمە بەدواى هەستسازیى نوێدا دەگەڕێین، بێگومان ئەمەیش مەترسیى خۆى هەیە. ئێمە دەگەڕێین بۆ ئەو هەستازییانەى، بۆ ئەو لوغزانەى هەستکردنەکان کە دەبنە هى "ئێمە".
ئیلین کیۆوەرگێڕانى: هاوار محەمەد
سەرچاوەکان:
بە زمانى ئینگلیزى:
Interview With Jean-Luc Nancy: "There Is No West Anymore", by Elena Cué
https://www.huffpo st.com/entry/interview-with-jeanluc-na_b_10964130
بە زمانى عەرەبى:
لقاء مع جان لوك نانسى، ترجمة: محمد يوسف، حوارات الذات، 27/8/2016.
https://mfegda.wordpress.com
پەراوێزەکان:
١- جودابوونەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا "بریکیست".
٢- حیزبى چەپى ئیسپانى.
٣- پێشەنگانى هونەرى ئیمپریسیۆنیزمى ئەمریکى.
٤- جۆرێکە لە تێکەڵەى دەنگى.
سەرچاوە: gelawej