گالیلۆ گالیلی، زانا و فه‌یله‌سوفێكی مه‌زنی ئیتالیا بوو، له بواره‌كانی فه‌لسه‌فه و گه‌ردوونناسی و بیركاری و فیزیادا، خزمه‌تێكی زۆری به كاروانی زانست كردووه و به رابه‌ری شۆڕشی زانستی نوێ داده‌نرێت.
رۆژی 15 ی شوباتی 1564 له شاری پیزای ئیتالیا له دایكبووه، له ئامێزی خێزانێكی خانه‌دان و هونه‌رپه‌روه‌ردا په‌روه‌رده بووه.
گالیلۆ تا ته‌مه‌نی 10 ساڵی، له‌لای دایك و باوكی خوێندوویه‌تی، دواتر خرایه كه‌نیسه بۆ ئه‌وه‌ی وانه ئایینییه‌كان بخوێنی.
دوای ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی چووه فلۆره‌نسا، گالیلۆ روویكرده زانكۆی پیزا و له كۆلیجی پزیشكی ده‌ستی به‌خوێندن كرد، به‌ڵام هه‌ر زوو وازی له‌و خوێندنه هێنا و بایه‌خی به زانسته‌كانی بیركاری و فیزیا دا.
دوای ئه‌وه‌ی له خوێندنی پزیشكی شكستیهێنا، ساڵی 1585 گالیلۆ بۆ شاری فلۆره‌نسا گه‌ڕایه‌وه و له‌وێ بوو به مامۆستای بیركاری، شانبه‌شانی كاری مامۆستایی، بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ، له ته‌نه جوڵاوه‌كانی كۆڵییه‌وه و كتێبێكی به ناوونیشانی (هاوسه‌نگی ساده) له‌و باره‌یه‌وه نووسی.
گالیلۆ خۆری به چه‌قی گه‌ردوون ده‌زانی
دوای قاڵبوونه‌وه‌ی له بواره‌كانی بیركاری و فیزیادا، له زانكۆی پیزا به مامۆستا وه‌رگیرا، له‌گه‌ڵ وانه‌وتنه‌وه‌دا، دیراسه‌ی ته‌نه كه‌وتووه‌كانی كرد و گه‌یشته چه‌ند ئه‌نجامێكی زانستیی نوێ، تێزه‌كانی گالیلۆ پێچه‌وانه‌ی تێزه‌كانی ئه‌رستۆ بوو، كه زانیاریی باو و باوه‌ڕپێكراوی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی تێزه نوێیه‌كه‌ی بسه‌لمێنێ، گالیلۆ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كرد و چه‌ند ته‌نێكی كێش جیاوازی له‌سه‌ر لوتكه‌ی بورجی لاری شاری پیزاوه خسته‌خواره‌وه، هه‌موو ته‌نه‌كان پێكه‌وه كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی تێزه‌كانی ئه‌رستۆ بوو.
گالیلۆ دژی ئه‌و تێزه‌ی ئه‌رستۆ بوو، كه پێی وابوو زه‌وی چه‌قی گه‌ردوونه، ئه‌و بڕوای وابوو كه خۆر چه‌قی گه‌ردوونه.
خسته‌ڕووی ئه‌و بۆچوونانه له لایه‌ن گالیلۆوه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی هاوڕێكانی لێی دوور بكه‌ونه‌وه‌و زانكۆی پیزاش گرێبهسهتهكهی بۆ نوێ نه‌كاته‌وه.
له‌دوای ئه‌وه، زانكۆی پادۆڤا بانگهێشتی كرد و ئامێزی بۆ كرده‌وه و وه‌ریگرت، بۆ ماوه‌ی 18 ساڵ گالیلۆ وانه‌كانی بیركاری و ئه‌ندازه و میكانیك و گه‌ردوونناسی و ته‌لارسازیی سه‌ربازی وته‌وه.
ساڵی 1604 گالیلۆ یاسای جوڵانه‌وه‌ی خێرای به شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو دۆزییه‌وه.
یاسای ته‌نه كه‌وتووه‌كانی دۆزییه‌وه
ساڵی 1605 گالیلۆ ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له دیارده‌ی ئه‌ستێره‌ی نۆڤا كرد، به سه‌ر زاره‌كی پشتگیریی له بیردۆزه‌كه‌ی ئه‌رستۆ ده‌كرد، به‌ڵام به نهێنی و له دڵه‌وه باوه‌ڕی بهبیردۆزی (كۆپه‌رنیكۆس) بوو، ئه‌و بیردۆزه جه‌ختی له ناوه‌ندێتیی خۆر له گه‌ردوون و سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا ده‌كرده‌وه.
ساڵی 1609 گالیلۆ یاسای ته‌نه كه‌وتووه‌كانی دۆزییه‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه ته‌نه‌كان سه‌رباری جیاوازیی كێشیان له بهردانهوهدا له یه‌ك كاتدا پێكه‌وه ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی.
هه‌مان ساڵ، گالیلۆ زانیاری ئه‌وه‌ی پێگه‌یشت، كه له هۆڵه‌ندا ئامێرێك دروستكراوه، شته دووره‌كان ده‌بینێ و نزیكییان ده‌كاته‌وه، گالیلۆ ئه‌و ئامێره‌ی په‌یداكرد و گه‌شه‌ی پێدا و ئامێری ته‌لسكۆپی داهێناو توانی ته‌نه‌كان 20 جار گه‌وره‌تر نیشان بدات.
گالیلۆ به‌هۆی تهلسكۆپهوه ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، كه رێگای كاكێشان چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی تێیدایه، كه به‌چاوی ئاسایی نه‌ده‌بینران، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه شاخ و دۆڵ له‌سه‌ر رووی مانگ هه‌یه.
گالیلۆ ئه‌وه‌شی بۆ ده‌ركه‌وت، كه چوار ته‌نی بچووك به‌ده‌وری ئه‌ستێره‌ی مشته‌ریدا ده‌سوڕێنه‌وه، وه‌ك چۆن مانگ به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سووڕێته‌وه.
گالیلۆ دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌ستێره‌ی زوحه‌ل و ئه‌ڵقه دره‌وشاوه‌كانی ده‌وری ئاشكرا كرد.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه ئه‌ستێره‌ی زوهره به هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌دا ده‌ڕوات كه مانگ به‌خۆیه‌وه ده‌یبنێ.
سه‌رباری ئه‌و دۆزینه‌وه زانستییانه، گالیلۆ ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماند كه زه‌وی وه‌ك هه‌ساره‌یه‌ك به ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو تێزه گه‌ردوونییه‌كانی ئه‌رستۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پێویسته ته‌نه‌كانی ده‌وری ئه‌ستێره‌ی مشته‌ری زیاتر له ناوه‌ندێكیان بۆ جوڵانه‌وه له گه‌ردووندا هه‌بێ.
گالیلۆ گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه زانستییه‌ی كه هه‌ساره‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه.
له ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وه زانستییانه‌دا، گالیلۆ دڵنیا بوو له‌وه‌ی كه خۆر چه‌قی گه‌ردوونه‌و زه‌وی ههسارهیهكه به‌ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه. ئه‌وه‌ش خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ‌و سه‌ره‌كی بوو له‌شۆڕشی زانستی نوێ‌دا.
ئه‌و ئه‌نجامه زانستییه نوێیانه‌ی گالیلۆ، كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی بێزار كرد. چونكه كه‌نیسه به فه‌رمی بیردۆزی ناوه‌ندێتیی زه‌ویی فه‌یله‌سووفی یۆنانی (ئه‌رستۆ)ی په‌یڕه‌و ده‌كرد.
ئیدی گالیلۆ به ئاشكرا پشتیوانی له بیردۆزی (كۆپه‌رنیكۆس) دهكردو جه‌ختی له‌سه‌ر ناوه‌ندێتیی سیستمی خۆر له گه‌ردووندا ده‌كرده‌وه.
ئه‌و بۆچوونانه‌ی گالیلۆ، كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی نیگهرانو تووڕه كرد‌و گالیلۆیان به گومڕاو هه‌ڵگه‌ڕاوه له قه‌ڵه‌م دا‌و ساڵی 1616 رێگه‌یان له گالیلۆ گرت بانگه‌شه بۆ بیردۆزی كۆپه‌رنیكۆس بكات.
گالیلۆ له بواری زانستیی فیزیاشدا داهێنانی نوێی كرد و یاسای ته‌نه كه‌وتووه‌كانی دۆزییه‌وه، به‌پێی ئه‌و یاسایه هه‌موو ته‌نه‌كان به‌جیاوازی كێشییانهوه، به‌خێراییه‌كی جێگیر ده‌كه‌ونه خواره‌وه.
ئه‌وه‌ش به ده‌ستپێكی زانستی فیزیای ئه‌زموونی داده‌نرێت و زه‌مینه‌ی بۆ داهێنانی بیردۆزه‌كانی (ئیسحاق نیوتن)ی زانای مه‌زنی فیزیا و بیركاری سه‌باره‌ت به جوڵانه‌وه‌و كێشكردن خۆشكرد.
ساڵی 1613 گالیلۆ نامه‌یه‌كی بۆ یه‌كێك له خوێندكاره‌كانی نووسی و له نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، كه بیردۆزی كۆپه‌رنیكۆس دژی (كتێبی پیرۆز) نییه، به‌ڵكوو ئه‌و كتێبه له روانگه‌ی زه‌وییه‌وه نووسراوه، به‌ڵام زانست روانینێكی جیاواز‌و وردتری هه‌یه. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ئه‌و نامه‌یه، راوێژكارانی دادگاكانی پشكنینی كه‌نیسه رایانگه‌یاند، ناوه‌رۆكی بیردۆزی كۆپه‌رنیكۆس هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له ئایینی مه‌سیح و ساڵی 1616 داوایان له گالیلۆ كرد ده‌ست له پشتیوانی‌و بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌و بیردۆزه هه‌ڵبگرێ.
دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی گالیلۆ
ماوه‌ی 7ساڵ گالیلۆ پابه‌ندی ئه‌و داوایه بوو، به‌ڵام ساڵی 1623 دۆخی كه‌نیسه به قازانجی گالیلۆ گۆڕا، هاوڕێیه‌كی گالیلۆ بوو به پاپای كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی، پاپای نوێ به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی داوای له گالیلۆ كرد كه له‌سه‌ر توێژینه‌وه زانستییه‌كانی له‌بواری گه‌ردوونناسیدا به شێوه‌یه‌كی بابه‌تی‌و ئه‌كادیمی به‌رده‌وام بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ئاشكرا به‌رگریی له تێزه‌كانی كۆپه‌رنیكۆس بكات.
ئیدی له ساڵی 1632دا رێگه به گالیلۆ درا كتێبی (دیالۆگی هه‌ردوو سیستمی جیهانی سه‌ره‌كی) بڵاو بكاته‌وه.
گالیلۆ پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی پاپا نه‌بوو، دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی كرد، یه‌كه‌میان، به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی زه‌وی پێشكه‌ش كرد، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵێنه بوو كه به پاپای دابوو، پاپا ده‌یویست گالیلۆ جوڵانه‌وه‌ی زه‌وی وه‌ك ئه‌گه‌ر باس بكات‌و ئاماژه به به‌ڵگه‌و سه‌لماندن نه‌كات، كه‌چی گالیلۆ باسی جوڵانه‌وه‌ی زه‌وی كردبوو، دیارده‌ی هه‌ڵكشان‌و داكشان( المد والجزر)ی وه‌ك به‌ڵگه‌ی جوڵانه‌وه‌ی زه‌وی خستبووه روو.
دووه‌میان، گالیلۆ ههنجهتهكهی له‌سه‌ر زمانی كه‌سێكی كارتۆنی به‌ناوی (سیمپلیشوزم) راگه‌یاندبوو، كه پاپا ئه‌وه‌ی پێخۆش بوو.
بوێری گالیلۆ له به‌رده‌م دادگادا
به‌ڵام دوژمنه‌كانی گالیلۆ ئه‌مه‌یان قۆسته‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه گالیلۆ كه‌سێكی ناپاكهو پاپای له ئاستی كه‌سێكی پووچدا داناوه.
ئه‌وه‌ش پاپای تۆڕه كرد‌و داوای دادگاییكردنی گالیلۆی كرد و ئاماژه‌ش به‌وه كرا كه نابێ ئه‌و دادگاییكردنه له جیاوازیی تێڕوانینی ( پاپا و گالیلۆ)دا كورت بكرێته‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێ وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی بابه‌تیی دۆخی سیاسیی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی ئه‌و كاته وێنا بكرێ، كه جه‌نگی 30 ساڵه له ئارادا بوو و ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپای وێران كردبوو.
كه‌نیسه به‌خێرایی هاته سه‌ر خه‌ت، گالیلۆی بانگهێشتی رۆما كرد‌و له ئه‌یلولی 1632 تا ته‌ممووزی 1633 لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، له ماوه‌ی 11 مانگی لێكۆڵینه‌وه‌دا به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه مامه‌ڵه له گه‌ڵ گالیلۆدا كرا و زیندانی نه‌كرا.
له دوا هه‌وڵیشدا بۆ په‌شیمان كردنه‌وه‌ی گالیلۆ له هه‌ڵوێست و تێزه نوێیه‌كانی، بانگهێشتی دادگاكانی پشكنین له رۆما كرا، گالیلۆ له‌به‌رده‌م ئه‌و دادگایه‌دا، به‌وپه‌ڕی ئازایهتیو بوێرییه‌وه، به‌رگری له بیر‌و باوه‌ڕو تێزه نوێیه‌كانی كرد‌و پشتیوانی خۆی بۆ بیردۆزی كۆپه‌رنیكۆس ده‌ربڕی.
دادگا جارێكی دی گالیلۆی به گومڕاو هه‌ڵگه‌ڕاوه له قه‌ڵه‌م دا‌و سزای زیندانیی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
كوێر بوو، به‌ڵام داهێنانه‌كانی ده‌دره‌وشانه‌وه
دواتر حوكمه‌كه‌ی بۆ سووك كرا‌و كرا به سزای ده‌ستبه‌سه‌ری هه‌میشه‌یی له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری ئهرستیریی هه‌رێمی فلۆره‌نسا. هه‌روه‌ها فه‌رمانی پێكرا پێشوازیی له كه‌س نه‌كات و به‌رهه‌مه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا چاپ نه‌كات.
به‌ڵام گالیلۆ پابه‌ندی ئه‌و فه‌رمانانه نه‌بوو و فه‌رامۆشی كردن. له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ریدا، نه‌خۆشی زۆری بۆ گالیلۆ هێنا و رووناكی چاوه‌كانی له ده‌ستدا و كوێر بوو، به‌ڵام داهێنانه‌كانی هه‌ر له دره‌وشانه‌وه‌دا بوون.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێكردنی كاتدا، كه‌نیسه نه‌یتوانی نكووڵی له ڕاستییه زانستییه‌كانی گالیلۆ بكات. ساڵی 1758 كه‌نیسه دانی به زۆربه‌ی تێزه‌كانی گالیلۆو بیردۆزی كۆپهرنیكۆسدا نا، تا ساڵی 1835 كه‌نیسه دژی سیستمی ناوه‌ندێتیی خۆر بوو له گه‌ردووندا، دواتر دانی به‌و سیسته‌مه‌دا نا.
له‌سه‌ده‌ی بیستدا، زۆربه‌ی پاپاكان دانیان به هه‌موو تێزه زانستییه‌كانی گالیلۆدا نا.
گالیلۆ له هه‌موو زاناكانی تر، كاریگه‌ریی زیاتری له‌سه‌ر سهلماندنو دانانی به‌ردی بناغه‌ی زانستی نوێ هه‌بووه.
پاش چه‌ندین داهێنانو خزمه‌تی زۆری به كاروانی زانستی نوێ، رۆژی 8ی كانوونی دووه‌می 1642، گالیلۆ گالیلی له ته‌مه‌نی 78 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌و له‌شارۆچكه‌ی ئهرستیریی هه‌رێمی فلۆره‌نسا به‌خاك سپێردرا.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ