کەیوان شەعبان، هونەرمەندێکی کوردە و لە پۆڵەند دەژی بەم دواییە یەکێک لە کارەکانی، لە شەقامی تایم سکوێری نیویۆركی ئەمریکا بە قەبارەیەکی گەورە خرایەڕوو کە بە یەکێک لە گرنگرتین شەقامەکانی ئەو شارە دەناسرێت.
وێنەکە بە شێوازی سێ رەهەندی دیزاینکراوە و لەگەڵ کۆمپانیای 'ئارت ئینۆڤەیشن گالەری' کار بۆ پێشاندانی لە نیویۆرک کراوە و بڕیارە لە چەند شارێکی دیکەش وێنەکە بخرێتەڕوو.
وێنەکەی لە ماڵپەڕی 'سوپەر رەیر' بڵاوکراوەتەوە کە تەکنەلوژیایەکی نوێیە وەک 'ئێن ئێف تی' دەناسرێ و دەرفەتی بۆ هونەرمەندان رەخساندووە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانیان و گەیاندن و ناساندنیان بە جیهان.
کەیوان شەعبان، بە رووداوی راگەیاند، 'ئێن ئێف تی' تەکنەلۆژیایەکی نوێیە لەسەر بلۆکچەین کە هونەرمەندان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئێستا دەتوانیت خاوەندارێتی بدەیت بە وێنەیەک و دەتوانیت هونەرەکەت وەک تۆکنێک بە شێوەی ئۆنلاین بفرۆشیت، بەم شێوەیە دەتوانیت لە هەر شوێنێکی جیهان بیت و بە فرۆشتنی کارەکانت بژێوی ژیانت دابین بکەیت.
لەلایکی دیکەوە کەیوان شەعبان، یەکەم ئەزموونی لە بواری فیلمسازیدا تاقی دەکاتەوە و کاری دەرهێنان بۆ بەڵگەفیلمێکی کورت دەکات.
فیلمەکە لەبارەی هۆشیار بیاوێڵەییە کە بەشێوەیەکی خۆبەخش ژمارەیەکی زۆر مینی پووچەڵکردووەتەوە و چەندین کەسی رزگاکردووە و بەهۆیەوە هەردوو قاچی لەدەستداوە.
وێنەگرتنی فیلمەکە دەستیپێکردووە و لە هەڵەبجە کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت و لەلایەن زانکۆی وارشۆ لە پۆڵەندا و سۆران عوسمان خاوەنی کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ لە کوردستان بەرهەمدێت.
کەیوان شەعبان، لە 1999 لە ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە هونەری فۆتۆگرافی کردووە و کارە هونەرییەکەی بووەتە سەرچاوەی داهاتی بۆی.
ئەو هونەرمەندە کوردە میوانی بووڵتەنی هونەریی رووداو بوو کە رۆژانە بانوو دڵشاد لە کاژێر 10:40 بەیانی پێشکێشی دەکات.
سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق