
د. سهردار عهزیز
زۆر قسە لە سەر زۆر ڕوی دیبەیتەکەی ڕوداو کرا لە نێوان موسەنا ئەمین و عەبدولەتیفدا. بەڵام لە ڕوانگەیەکی ترەوە بۆ من جێگای سەرنج بوو، ئەویش بونی کەنداو بە مۆدێل و خاوەن ئایدلۆژیا. دیارە دیبەیتەکە لە نێوان ئیخوان و سەلەفیدا بوو، هەرچەندە سەرچاوەی ئیخوان میسرە، بەڵام لە ئێستادا ئیخوان زیاتر ئامرازی قەتەر و تورکیایە، چونکە میسر نەک هەر دژی ئیخوانە، بەڵکو دەمێکە سەنگی جیوپۆلەتیکی لە دەستداوە.
بۆیە دەکرێت بڵێین، لە کاتێکدا سەلەفی ئامرازی ئایدەلۆژی دەسەڵاتی سعودیەیە، ئیخوانیش قەتەرییە، بەو مانایە هەردوکیان کەنداوین.
کەنداو لە میانەی هەڵکشانیدا خەسڵەتی نوێی وەرگرتوە، کە لێکۆڵەری بە ڕەچەڵەک فەلەستینی ئادەم هەنییە، وەک هێزێکی کەپیتالیزم و ئیمپریالیست ناویان دەبات. ئادەم کە لە زانکۆی ئیکستەرە ڕێبەرە لە کارەکانی دەربارەی گۆڕانی سروشتی کەنداو.
Crude Capitalism: Oil, Corporate Power, and the Making
Transit States: Labour, Migration and Citizenship in the Gulf
وڵاتانی کەنداو وەک جاران تەنها خەمی پاراستن و فرۆشتنی نەوتیان نیە، بەڵکو لە دەرەوەی سنوری خۆیان لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە و دونیادا بە شێوازی جیاواز چالاکن، هەندێک جار یان زۆر جار شەڕی پرۆکسی دەکەن دژ بە یەکتر. ئەوەی ئەو ئێوارەیە لە گەڵ ڕەنج بینیمان یەکێک بوو لەو شەڕە پرۆکسییانە کە خزێنرابوە نێو ماڵی زۆر کوردی حەپەلۆکی داماوەوە.
دیارە ڕەنج لە ئاستێکی هوشیاریدا نیە بزانێت تەواوی پرۆسەکە چیە، چونکە ئەجیندایەکی بچوکی پێسپڕدراوە و موریدانە، جێبەجێی دەکات.
سەلەفیزم ڕەوتێکی دینی نیە هێندە ڕەوتێکی جیوپۆلەتیکیە. شێوازێکە لە دین کە کۆتایی بە هاوڵاتی بون و بەشداری سیاسی و بەشداری گشتی و ئەیجینسی دەهێنێت. بەڵام ئیخوان کە زیاتر لە بزوتنەوەکانی جیهانی سێیەم دەچێت کە تێکەڵەیەکە لە دژە ئیستیعمار و دژە ڕۆژئاوایی لە ئەدەبیاتیدا زۆر نزیکە لە مارکسیە نەتەوەییەکانی دونیای سێ.
بۆ نمونە بەکارهێنانی دیدی ئیستیعماری نیشتەجێبوو، یان سێتلەر کۆلۆنیالیزم کە بیرمەندی گەورە مەحمود مەمدانی کاری لە سەر کردوە، لە لایەن د، موسەناوە، گەوای هاودیدییە لەمبارەوە.
دیارە لە ڕوانگەی مێژوییەوە، ململانێیەکی قوڵ هەیە لە نیوان میراتگرانی ئیمپراتۆریەت یان خەلافەتی عوسمانی و هاوپەیمانی ئینگلیز-ئال-سعود، کە ئەمرۆ لە ڕکەبەری تورکیا و سعودیەدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم ڕەگە قوڵە کاریگەری هەیە لە سەر ئەو دەمەقاڵەی ئەو شەوە ڕویدا، بەڵام دیارە ئەو برادەرانە خۆیان وەها نابینن. زۆر گرنگە کاتێک خزمەتی ئەجیندای ئەویتر دەکەیت وەها بزانیت بۆ خۆتی دەکەیت.
هاتنی کەنداو و دەسەڵاتی نەرم و بەهاکانی زۆر زیانبەخشە بە کوردستان. یەکێک لە ئامانجەکانی مۆدێلی کەنداو ناشیرینکردنی دیموکراسییە، هەتا خەڵکانی خۆیان داوای نەکەن.
سەرچاوە : سپی میدیا