کێشەکە بچووک مەکەنەوە، بۆ پەلاماردانی جووتیارێک

 

 

عارف قوربانی

عارف قوربانی

 

 

دوێنێ دیمەنی جووتیارێکی کورد لە گوندی شەناغەی ناوچەی سەرگەڕان لە قەزای دووبز، لەسەر تراکتۆرەکەی کە دەیویست زەوییەکەی بکێڵێت، چەند سەربازێکی عێراقی ملپێچەکەی ملی رادەکێشن، هەروەها دیمەنی جووتیارێک لەبەردەم هەمەرێکی سەربازی راکشاوە و دیمەنی دوو هەمەری سەربازی کە پێش و پشتەوەی تراکتۆرێکیان گرتووە و ناهێڵن زەوییەکە بکێڵێت، بەشێوەیەکی بەربڵاو کەوتە ناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بڵاوبوونەوەی ئەم دیمەنانە لە ئاستی ناوخۆیی کۆمەڵگای کوردی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیای کوردی وەک پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵ کرد. لە ئاستە فەرمییەکانیشدا حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان لە هەرێم و بەغدا و بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانیش لەسەری بەدەنگ هاتن. دوای راگەیێندراو و پەیامەکانی کوردستان، لە بەغداش سەرۆکوەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیدا و بڕیار دراوە ئەو چەند سەربازە سزا بدرێن. ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکیش موژدەی ئەوەی راگەیاند، سەری سەربازەکە تاشراوە.

سەرباری ئەوەی ئەو خرۆشانە کۆمەڵایەتییەی خەڵکی کوردستان، وەک لێکەوتەی ئەو دیمەنە ناخهەژێنەی بەرانبەر بە جووتیارانی کورد دەکرێت، ورووژانی هەستی نەتەوەیی و بەجووڵەکەوتنی کۆنەستی کۆمەڵگا بۆ رەتکردنەوەی داگیرکەر،  جێی دڵخۆشییە. کارێکی ئێجگار گەورەیە دیمەنێک ختووکەی کۆنەستی کۆمەڵگا بدات بۆ رەتکردنەوەی داگیرکەر. بەڵام لە هەمانکاتدا جێی تێڕامان و نیگەرانی قوڵیشە بەوەی ئەم پرسە لە زهنیەتی دەسەڵاتداراندا بچووک بکرێتەوە لە رەفتارێکی تاکەکەسی چەند سەربازێکدا و بەوە دڵی خەڵک بدەنەوە سەربازەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

چونکە هەست بەوە دەکرێت ئاراستەیەکی دژ لەسەر دوو ئاست کار بۆ ئەوە دەکات نەهێڵێت کۆنەستی کۆمەڵگای کوردی بەو جۆرە بجووڵێت کە ڕەفتارێکی دەوڵەتی عێراق رەتبکاتەوە. لەلایەک ئەم پرسەش بەو ئاراستەیە دەجووڵێندرێت خوێ بکاتە سەر برینەکانی کورد خۆیدا. دەبێت ئەو راستییە ببینین کوردستان ماڵێکی کراوەیە بۆ داگیرکەران و لە هەموو ئاستەکاندا بەشی ئەوە خەڵکیان دروست کردووە لە هەر چرکەساتێکدا بیانەوێت دەتوانن بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی کوردستان بەکاریان بەرن. تەماشا بکەن لە دوێنێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سەدان کۆمێنت بەو ئاراستەیە نووسراون دژ بە یەکێتی و پارتی، (ئەم سەربازانە ئاغاکانیان لە هەولێرن و لەوێوە ئاراستە دەکرێن، ئەمە دەرئەنجامی رێککەوتنە ژێربەژێرەکانی یەکێتی و لاوازی پارێزگارەکەیەتی لە کەرکووک).

لەلایەکی دیکەشەوە کار بۆ بە بچووککردنەوەی پرسەکە بەو جۆرە دەکرێت کە ئەوە رەفتار و بڕیارێکی شەخسی سەربازێک بووە. بە شەخسیکردنی کێشەکە لە نێوان سەربازێک و جووتیارێکدا کە دوور نییە دوای مانگێکی دیکە پێشنیازی ئەوەش بکەن سوڵحی عەشایەریان بۆ بکرێت.

لەکاتێکدا ئەوەی روویداوە نە بە بڕیار و نە ڕەفتاری کەسییە، نە پەیوەندی بە پێکهاتەیەکی دیاریکراوی عەرەبەوە هەیە و نە پەیوەستە بە ئیدارەی کەرکووکەوە، جەوهەری بابەتەکەش پەیوەست نییە بەوەی رەفتارێکی خراپ لە لایەن سوپاوە بەرانبەر بە جووتیارێکی کورد کراوە. بەڵکو ئەسڵی کێشەکە سەلمێنەری زهنیەتی دەوڵەتە کە وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات لەسەر نیشتمانەکەی خۆی.

چونکە ئەوەی دوێنێ لە گوندی (شەناغە)ی ناوچەی سەرگەڕان روویدا، رووداوێکی تازە نییە و تاکە رووداوی لەو شێوەیەش نییە. بە درێژایی هەشت ساڵی رابردوو لە وەرزەکانی چاندن و وەرزی چنینەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵیی ناوچەکانی خانەقین و کەرکووکدا، ئەم دیمەنانە دووبارە دەبنەوە. ئەوەی رووداوەکەی دوێنێی لەوانی پێشتر جیاکردەوە، لە رێگەی میدیاوە گواستنەوەی هەڵوێستی جووتیارە سەربەرز و شەرەفمەندەکانی گوندی شەناغە بوو لە رووبەڕووبوونەوەی سوپا و دیمەنی رەفتارە دزێوەکانی سەربازەکان بوو بەرانبەر بە جووتیارە کوردەکان.

ئەگینا لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، نەک هەر ئەم گوندە، بەشی زۆری گوندەکانی کورد لە ناوچەکانی گەرمەسێرەوە لە جەلەولا و خانەقین تا دەگاتە ناوچەکانی داقوق و دووبز و سەرگەڕان و دەشتی نەینەوا، دەیانجار کەوتوونەتە بەر پەلاماری عەشیرەتە عەرەبەکانی تەعریب و هێز و سوپای عێراق. چەندین جار بە سەتان دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندراویان سووتێندراوە، خەلە و خەرمانیان ئاگردراوە، چەندین جار بە کۆمەڵ جووتیاران دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەوە.

لەکاتێکدا کۆی ئەو بڕیارانەی بەعس (مجلس قیادە سەورە) کە لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا خاوەندارێتیی ئەم زەوییانەی لە کورد وەرگرتووەتەوە و بەناوی ئامرازەکانی تەعریبییەوە کردبوون، هەڵوەشێندراونەتەوە. لە دوای کەوتنی سەدام، بە بڕیاری پۆڵ بریمەر، حاکمی مەدەنی عێراق کارکردن بەو بڕیارانە راگیرا، دواتر لە ئەنجوومەنی حوکم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان درا. کورد گەڕایەوە سەر زەوییوزاری خۆی. بەڵام چەند ساڵێکە جارێکی تر هاوشێوەی سەردەمی سەدام، دامودەزگا دەوڵەتییەکان بە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی و ئیدارییەوە کەوتوونەتە پشتیوانیکردنی تەعریب.

کورد جارێکی دیکە پەنای بردەوە بەر دەرچوواندنی یاسایەکی تازە بۆ سەرلەنوێ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قیادە سەورە)ی بەعس و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی زەوییوزاری دەستبەسەرداگیراو، بۆ خاوەن ماف. لە مانگی رابردووەوە ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، دادگای فیدراڵی پەسندی کردووە، سەرۆکایەتیی کۆمار رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، دوێنێ هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو یاسایە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، سوپا بە چەک و هەمەری سەربازییەوە هەڵیان کوتاوەتە سەر جووتیارانی کورد و نەک هەر رێگرییان کرد زەوییەکانیان بەکاربەرن، بەڵکو بە بەرچاوی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە ئازار و ئەشکەنجەی جووتیارە کوردەکانیان ئەدا.

ئەم رەفتارانەش لە کاتێکدا روودەدەن کورد پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستەوەیە. هەروەها وەزارەتی داد کە راستەوخۆ کێشەی گرێبەستی زەویی جووتیاران پەیوەستە بەو وەزارەتەوە لە دەستی کوردایە. پۆستی پارێزگار لە ئیدارەی کەرکووک وەک ئەو جوگرافیایەی ئەم کێشانەی تیا روودەدەن بە دەستی کوردەوەیە. لەلایەکی دیکەشەوە لە دەستووری عێراقدا رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و رێگریکردن لە دووبارە پەیڕەوکردنەوەی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی چەسپێندراون.

ئەم ڕووداوە دەبێت گەلی کوردستان بخاتە بەردەم هەڵوێستەیەکەوە سەرلەنوێ خۆی و دەوڵەتی عێراق پێناسە بکاتەوە. دەوڵەتێک بە حسابی کورد لە ترۆپکی دەسەڵاتەوە تا هەموو جومگە و ئاستەکان تیایدا بەشداربێت، دەستوور و یاساکانیشی بەو جۆرە بن کە جۆرێک لە دڵنیایی بۆ کورد دەستەبەرکردبێت کە زوڵم و ستەمی بەرانبەر ناکرێت. بەڵام هێشتاش ئەوە رەفتار و مامەڵەی دەوڵەت بێت لەگەڵ کورد کە رۆژانە لە دەشتی نەینەواوە تا گەرمەسێر بە چاوی سەر دەیبینین.

دەبێت کورد لەوە تێبگات بۆ وڵاتێک کە هیچ پابەندێتییەکی بە دەستوور و دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە نییە، هیچ بەند و بڕگەیەکی یاسا و دەستوور ناتوانێت دڵنیایی ئەوە دەستەبەر بکات کە داهاتووی لە رابردووی تاڵتر نابێت. لە وڵاتی لەم جۆرەدا ئەوەی هاوکێشەکان یەکلایی دەکاتەوە و هاوسەنگی دەپارێزێت، بوونی هێزە. هێزی بوون و پێگەت لەو پۆست و نێوەندانەی دەسەڵات کە وەک پشکی نەتەوە و بۆ دەستەبەربوونی دڵنیایی لە رێگریی لە چەوساندنەوەی کورد پێت دراون. هەروەها لەسەر ئەڕزی واقیع چ هێزێکت هەیە بتوانێت بەگژ هەر جۆرە ستەمکارییەکدا بچێتەوە؟

هەڵوێستی جووتیارانی کورد لەو ناوچانەی کەوتوونەتەوە بەر هێرشی تەعریب، جێگەی دڵخۆشییە کە تا ئێستا بە هێز و بازووی بیروباوەڕی خۆیان ماونەتەوە و بەگژ زوڵم و ستەمی شۆڤێنییە کۆن و نوێیەکاندا دەچن، کە ئەوەش خەسڵەتێکی رەسەنی تاکی کورد بووە لە رابردوودا و هەر ئەوەش بووە کوردی هێشتووەتەوە.

پێویستە ئەو گیانی بەرگری و هەستی خۆبەخاوەنزانینە کۆمەک بکرێت و بەهێز بکرێت، کە دواجار ئەو زیندوویەتییەی ئەو رۆحییەتە دەبێتە هەوێنی سەرکەوتن.

سەرچاوە : ڕووداو