بە پێی هەواڵیی هاژە، فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز دۆینێ هەینی 23ی گوڵان بە بەشداری 10 گرووپی شانۆگەڕ لە شاری سەقز دەستی بەکار کرد.
هیوا ئەسەدبەیگی، دەبیری هەفدەهەمین فێستیواڵی شانۆی کوردی سەقز لەم بارەوە بە هەواڵنێری هاژەی گووت: لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا 10 بەرهەمی هونەری نمایش دەدرێن کە 7 بەرهەم لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و 3 بەرهەمی تر لە لایان هونەرمەندانی باشوور و باکووری کوردستان نمایش دەکرێن.
ئەسەدبەیگی لەسەر کات و شێوازی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە ڕایگەیاند: ئەم پێشهاتە فەرهەنگییە بە ماوەی 5 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و کارە هونەرییەکان لە سێ هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد، کتێبخانەی گشتی و جەهادی کشت و کاڵ نمایش دەکرێن و هەر لەوێ لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت.
دەبیری هەفدەهەمین فێستیواڵی شانۆی کوردی سەقز لەسەر ئەم بەرهەمانەی کە لەم فێستیڤاڵەدا بەشداریان کردووە، دەڵێت: کارە هونەرییەکانی "هێشتا قسەکان تەواو نەکردووە" بە دەرهێنەری (سەید فەرەیدوون ئەحمەدی و هوشیار قەوامی) لە سنە، "سیا ساڵ" بە دەرهێنەری پەرویز ئەحمەدی، "دیوار" بە دەرهێنەری (کیانووش محەممەدی) لە سەقز، "هاری" بە دەرهێنەری (ئەفشین خدری) بەرهەمی هاوبەشی سەقز و سنە، "دوورترین شاری جیهان" بە دەرهێنەری (سامانە میرزایی) لە ورمێ، "ئاژەڵ" بە دەرهێنەری (فەرزاد حەسەن میرزایی) و "جورئەت و حەقیقەت" بە دەرهێنەری (هادی بەهرامی) لە بانە ئەو بەرهەمانەی نێوخۆی وڵاتن کە لە فێستیڤاڵ نمایش دەکرێن.
هیوا ئەسەدبەیگی لەسەر کارە هونەرەییەکانی باکوور و باشووری کوردستان کە لە فێستیڤاڵی سەقز بەشدارن ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە بەرهەمەکانی "شەوێک لە دۆزەخدا" لە هەولێر، "گێژن" لە کۆیە و مەم و زین لە باتمان لەگەڵ بەرهەمە هونەرییەکانی تر کێبەرکێیان دەبێت.
شایانی ئاماژەیە ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێکەوتی 23ی گوڵان هەتا 27ی گوڵان بۆ ماوەی 5 ڕۆژ بە بەشداری زیاتر لە 200 میوانی نێوخۆیی و بیانی بەردەوام دەبێت و ڕۆژی سێشەممە 27ی گوڵان مەڕاسیمی کۆتایی فێستیڤال بە ناساندنی بەرهەمە سەرکەوتووەکان لە هۆڵی پەردیسی سینەمایی سەقز کۆتایی بە کارەکانی خۆی دەهێنێت.
سەرچاوە: haje