کێ خائینە ؟

 

    ئارێز عەبدولآ

                                                 

ناپاکی، یان خیانەت چەمکێکی نەرێنیە و لە کوردەواریدا هەندێک جار لە جێگەی خۆی و هەندێک جار یش دوور لە راستی هەڵدەبەسترێ و بەکاردێ، بۆیە لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی ئەو کاریگەریەی نەماوە کە پێویستە هەیبێ.
 

ئێمە کاریگەری کولتور و ئەدەبیاتی سیاسی عەرەبیمان لەسەرە، کاتێکیش ئاوڕ لە مێژووی ململانێ مەزهەبی و سیاسیەکانی عێراق دەدەینەوە دەبینین لە شەڕ و کودێتا سەربازیەکان هەزاران کەس بەو تومەتە کوژراون و دواتر بکوژەکانیش بە هەمان تومەت کوژراونەتەوە.
 

ئەوەش هەمووی لە ئەنجامی یەکتر قبول نەکردن و نەبوونی دێمۆکراسی و کولتوری دیمۆکراسیە.دەنا لای ئەو گەلانەی دێمۆکراسی، ئازادیی دەربڕین، راگەیاندن، بۆچوونی جیاواز، نمونەی جیاواز، رەنگی جیاواز هەن، هەرگیز نە خوێن دەڕژێ و نە کەس بەخائین دادەنرێ.
 

ئایا لە کوردستان ئازادی و دێمۆکراسی هەیە؟
 

ئەگەر هەیە، دەبێ ململانێی سیاسی و فکری ئاسایی بێ و بۆچوونە جیاوازەکان وەک بەهار کوردستان رەنگاورەنگ بکەن، نەک شیر و تیر لە یەکتر سواندن.
 

کاتێ کەسێک یان لایەنێک لەو چوارچێوەیە دەچێتە دەر و پەنا بۆ شێواندن و شلەژاندنی کۆمەڵ دەبات ئەوا لۆجێک لەدەست دەدا و دەیەوێ ئاوەکە شلوێ بکات تا ماسیەک بگرێ. ئەوەی لە جیاتی گفتوکۆ پەنا بۆ شێواندن و زمانی زبر و هەڕەشە دەبات بڕوای بە دەرکردنی بەیانی ژمارە یەکە، نەک ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان.
 

کێ کێ بە خائین دەزانێ؟
 

ئەگەر ئەو وەکو تۆ بیر نەکاتەوە و بۆ چارەسەری کێشەکان رێگایەکی جیاواز  پەسەند بکات  خائینە؟

ئایا کاتێک وڵات رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە کێ بەرپرسیارە ئەوەی قەیرانەکەی دروستکردوە یان ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات؟

ئاخر چۆن دەکرێ بەو سادەییە خەڵکی بە خائین دابنێی؟بەکام پێوە و حوکمی کام دادگا؟!!

ئێمە لە ناو قەیرانانداین، دەبێ  بیر لە چارەسەرکردن بکەینەوە نەک قولترکردنەوەیان.

ئەم هەرێمەی ئێمە لەوە زیاتر بەرگە ناگرێ و دوایە گەزتنەوەی پەنجەی پەشیمانی داد نادات.

سەرچاوە : سپیمیدیا