بابەتێک بۆ گفتوگۆ
حەمید ئەبوبەکر بەدرخان
تێڕوانینەکانی من دەربارەی کۆڤید 19 ( ڤایرۆسی کۆڕۆنا )
و دەربارەی کۆمەڵگایی مرۆڤایەتیی دوای کۆڤید نۆزدە
- ئایا دوای کۆڤید نۆزدە ، ئایین نەکەوتۆتە ژێر پرسیار ، کاتێک کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی کەرەنتینکرا ؟
واتە خسترایە نێوان دوو دیوار ،ئاخنرایە نێو زیندانییەکی بە کۆمەڵ ...
- ئایا پێشتر ئایین فریادڕەسێک نەبوو، بۆ کۆمەڵگایی مرۆڤایەتیی- هەر بۆیە لە نێو تووشبوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی بەو ئافاتی فایرۆسە نەگریسە ! ئەو نهێنییەش ئاشکرابوو کە هەرگیز ئایین فریادڕەس نەبووە و نابێتە فریادڕەس ، چونکە لای ئاینزاکان هەمیشە ئایین بەو پێناسەدەکرا ، کە ئایین فریادڕەسە بۆ کۆمەڵگایی مرۆڤایەتیی ؟
لە گردبوونەوەیەکی گشتیی بەرفراواندا لە گریک لەگەڵ بیرمەند و فەیلەسوفی نێودار سوقراتی مەزن چەندین پرسیاریان ئاراستەکرد ، لەوانە :
٭ چ جیاوازییەک لە نێوان مردن و ژیان هەیە ؟
- ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی ، هیچ جیاوازی لە نێوان مردن و ژیان نییە ...
هاوڵاتیانیش پێیانگوت :
بۆچی خۆت ناکوژی ؟ ئەویش پێیگوتن " من دەڵێم جیاوازی نییە لە نێوان مردن و ژیاندا، خۆ نەمگووتووە مردن خۆشترە ..."
بۆیە دەکرێت لە ڕێگای پەیوەندییەکان و کەلتور و سیستەمی پەروەردەو بەڕێوەبردن بۆ دادی کۆمەڵایەتیی ... دیاردەی کۆیلایەتیی و وابەستەبوون بە گەمژاندن و گەوجاندن و خەساندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی بنبڕبکرێت ...
هەر بۆیە سیستەمی ژیانکردن دوای پەتای کۆڤید نۆزدە کۆمەڵێک پرسیاری هێناکایەوە لەبەرامبەر شوناس و ئاین و کەلتور و زمانەوە ...چونکە کاتێک کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی کەرەنتینبوو، هەروەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کردبوو ، مرۆڤایەتیی ئاخندرایە نێو زیندانییەکی گەورە ...لەبەر ئەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی رووبەروی ئەو پرسیارە بوونەوە، کێ فریادڕەسە، بۆیە ئایین بوو بە درۆیەکی شاخدار بەسەر مرۆڤایەتیی (ئەوە ڕای خۆمە !) ...چونکە مزگەوت و کەنیسە و دێرەکان و ماڵی خودا لە سعودیە و ڤاتیکان و قودس هەموویان داخران ... زانست و بەتایبەتیی تەندروستیی و بەتایبەتیی دۆزینەوەی ڤاکسینێکی تایبەت بەو ڤایرۆسە تا رادەیەک بوو بە فریادڕەس ! دوای کۆڤید نۆزدەش گۆڕانکاری لە سیستەمی تەندروستیی لە ئەوڕوپاو بەریتانیا و ئەمریکای بۆ 150 ساڵی پێشتردا هات .
دنیای ئێستای سوسیال میدیاش ڕاماڵینی هەموو ئەو شتە باو و درۆو ئەفسانە و پریڤاتانەی هەبوو بوونە بلقی سەر ئاو و سەرجەمیان ئاشکرادەبن و ئاشکرابوون ...
کۆیلەبوون و وابەستەبوون بە گروپگەلی ئایینی و حزبی و دیوەخانی ئاغاکان و میرەکان بە کۆتادێت.
سەدان ساڵە لە ئەوڕوپا ئەخلاق پێش ئاینە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاین پێش ئەخلاق و نەتەوەیە ... بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیک نەتەوە پێش ئاین و ئەخلاق بکەوێت، ئاماژەکانی پاش ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت .
هەربۆیە سروشت و ژینگە سەلمێنەری بۆچوونەکانمانن کاتێک ئاوەکانی دوورگەی ڤینیسیا لە ئیتاڵیا زۆر پیسببوون و دۆلفینەکان لەو ناوچانە نەمابوون، دوای کۆڕۆنا کاتێک ئاوی دوورگەکە پاکبوونەوە دۆڵفینەکان گەڕانەوە ...
کەواتە بۆ ماوەی ساڵێک مرۆڤ نەیتوانی ژینگە پیسبکات و سروشتیش جوان جوان باڵای دەکرد ...
لە کۆتاییدا دەڵێم ، ژیانی دوایی کۆڤید نۆزدە ، چیتر ژیان ناگەڕێتەوە بۆ پێش کۆڤید نۆزدە و ناشبێتەوە بەو ژیانەی ئەو کات.
٭حەمید بەدرخان ، سەرۆکی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەنووسی و کەلتور
11/07/2024ئەڵمانیا