کچە ئاوارەیەک کتێبخانەیەکی گشتی لەکەمپی بێرسیڤ دادەنێت، ٤٠ هەزار کتێب‌و گۆڤار لەخۆدەگرێت

 

ئا: عەمار عەزیز

 

ئەمیرە عەتۆ شنگالی: حەفتانە بەلایەنی کەم خوێندنکارانی دوو خوێندنگە سەردانمان دەکەن

 

 نەبوونی کتێبخانەو شوێنێکی تایبەت بەخوێندنەوە، وای لەئەمیرە عەتۆ شنگالی کرد توانی ئەو خەونەی بۆ ئاوارەکان بکاتە ڕاستی‌و بەھەوڵی خۆی کتێبخانەیەکی گەورە لەناو کەمپی بێرسیڤ بکاتەوە، کە زیاتر لە ٤٠ ھەزار ناونیشانی کتێب‌و گۆڤار لەخۆدەگرێت.

ئەمیرە عەتۆ بەدەم ریزکردنی کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەی، بەئاوێنەی وت "کەمپەکەی ئێمە زیاتر لەحەوت ھەزار کەسی تێدا دەژین، سەیرم کرد ھیچ شوێنێک نیە گەنج یاخود منداڵان کاتێکی بەسوودی تێدا بەڕێبکەن‌و کتێبێکی تێدا بخوێننەوە، بۆیە لەگەڵ ئیدارەی کەمپ‌و چەند لایەنێکی تر قسەم کرد بۆ ئەو مەبەستە، پێش کردنەوەی سەردانی شارەکانی دهۆک، موسڵ، بەغداو چەند شارێکی تر کرد بۆ کۆکردنەوەی کتێب، بەخۆشحاڵیەوە توانیم ژمارەیەکی باش لەکتێب‌و گۆڤار پەیدا بکەم".

کتێبخانەکەی ئەمیرە شنگالی، پێکھاتووە لەدوو ژووی گەورەی پڕ کتێب‌و گۆڤار، لەگەڵ سێ ھوڵی گەورەو حەوشەیەک، ھەمووی بەشێوەی کابینەیەو لەساڵی ٢٠١٩دا کراوەتەوە.

لەبارەی ئامانجی کردنەوەی کتێبخانەکە، ئەمیر شنگالی وتی "ئامانجم ھاندانی گەنج‌و منداڵانە بۆ خوێندنەوەی کتێب‌و تەواو کردنی خوێندنی خۆیانە، تاوەکو بەھیچ شێوەیەک بیر لەوازھێنان لەخوێندن نەکەنەوە، ھەروەھا کەمێک روداوەکانی شنگال‌و ژیانی ناخۆشی کەمپ لەبیر خۆیان ببنەوە، بەتایبەت ئەوانەی توشی نەخۆشی دەروونی بوون بەھۆی ئەو مەینەتی‌و کارەساتە گەورەیەی بەسەر خەڵکی شنگالدا هات".

ئەمیر عەتۆ، تەمەنی ٣٠ ساڵە، لەگەڵ خێزانەکەی دەژی، کە خەڵکی کۆمەڵگای خانەسوری سەر بەشنگالن، لەئابی ٢٠١٤دا بەهەزار چەرمەسەری خۆیان دەگەننە چیای شنگال‌و ناکەونە دەستی داعش، دواتر دەچنە سوریا، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ دھۆک‌و لەوکاتەوە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە، لەکەمپی بێرسڤ لەسنوری زاخۆ دەژین .

جگە لەخوێندنەوەی کتێب، ئەمیرە توانیویرتی زیاتر لە ٢٠٠ خولی جۆراوجۆر لەناو کتێبخانەکەی بۆ منداڵان‌و گەنجانی کەمپ بکاتەوەو سەدان کەس سوودیان لێوەرگرتووە.

"خولی فێربوونی زمانی ئینگلێزی، بەرگدووریی، وێنەکێشان، کاری دەستیی‌و وەرزش، خوێندەواری بۆ ژنانی نەخوێندەوار، ھەموو ئەمانەم بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ‌و دەرەوەی کەمپ کردوومەتەوە، ئەم بەرنامەیە تا ئێستاش بەردەوامە، ئێستاش زۆر دڵخۆشم کە من بوومەتە بەشێکی بچووک لەسووکردنی باری گرانی ئەوان‌و فێری ھەندێک شت کراون کە بتوانن ژیانی خۆیان پێڕێکبخەن"، ئەمیرە عەتۆ وای وت .

ئێستا کە کاتی خوێندنە لەخوێندنگاکان، ھەموو حەفتەیەک چەند خوێندنگایەک وەکو گەشتێکی زانستی خوێندنکارانی خۆیان دەبەنە ناو کتێبخانەکەی ئەمیرە .

" ئەمیرە وتی "خشتەیەکم داناوە حەفتانە بەلایەنی کەم خوێندنکارانی دوو خوێندنگا سەردانمان دەکەن تا بزانن چیمان کردوەو چەند کتێبێک بخۆێنەوە، ھەروەھا ئێمەش ھەر ماوە ماوە سەردانی خوێندنگاکان دەکەین بۆ وتنەوەی وانەکانی رۆشنبیری گشتی‌و گرنگی خوێندنەوەی کتێبو مافەکانی مرۆڤ".

تا ئێستا سەدان کەس سوودیان وەرگرتووە لەپڕۆژەکەی ئەمیرە، ھەر لەخوێندنەوەی کتێب‌و وەرگرتنی دەیان خولی جۆراوجۆر، ئەوەش ئاوارەکانی دڵخۆش کردوەو داوا دەکەن پشتگیری لەپڕۆژەکەی بکرێت .

ھانی بەرەکات، ئاوارەی شنگالەو زیاتر لە ١٠ ساڵە لەکەمپی بێرسیڤ نیشتەجێیە، ئەو وتی "پڕۆژەکەی ئەمیرە شنگالی بووەتە ناوەندێکی زانست‌و رۆشنبیری لەناو کەمپدا، بەھەوڵ‌و ماندووبونێکی زۆر توانیویەتی ئەو کتێبخانەیە بکاتەوە، لەنزیکەوە ئاگادارم سەردانی دەیان شوێنی کردوە بۆ کۆکردنەوەی کتێب‌و کردنەوەی ژمارەیەک خول بۆ ئاوارەکانی کەمپەکە، بەخۆم زۆر سوودم وەرگرتووە لەخوێندنەوەی کتێب، ھەر کاتێک دەرفەتم ھەبێت دەچمە کتێبخانەکەو کتێب دەخوێنمەوە".

وتیشی "لەھەمووی گرنگتر بۆ ئاوارەکان ئەوەیە ھەست دەکەین کە شوێنێکمان ھەیە کەمێک ناخۆشیەکانی ژیانی کەمپ‌و ئازارەکانی رۆژ ڕەشیی لەبیر خۆمان ببینەوە، ھەر ئاوارەیەک سەدان دیمەن‌و چیرۆکی ناخ ھەژێنی دیوە، پێشنیار دەکەم لەکەمپەکانی تریش بەھەمانشێوە کتێبخانە بکرێتەوە تا زۆرترین ئاوارە سوود لێوەربگرن ".

ڕرۆژەکەی ئەمیرە شنگالی نەک هەر لەناو کەمپەکەدا، بەڵکو نوسەران‌و رۆشنبیرانی دهۆک‌و شنگالی دڵخۆش کردوە، ئەوان ئامادەن بەھەموو شێوەیەک ھاوکاری‌و پشتیوانی بکەن .

حسێن حاجی، ناسراو بە"حسێن باعەدری"، نوسەرو رۆشنبیر بەئاوێنەی وت "مایەی دڵخۆشی‌و سەرفرازی ئێمەیە کە کچێکی ئاوارەی شنگال ھەڵساوە بەکردنەوەی کتێبخانەیەک بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ، من لەنزیکەوە ئاگاداری کارو چالاکیەکانی ئەمیرە شنگالیم، کچێکی بەتواناو زیرەکە، ھەرچی پێویست بێت لەھەموو جۆرە ھاوکارییەک درێغی ناکەین، چونکە پڕۆژەکەی سوودی گەیاندووە بەسەدان ئاوارە".

حسێن، داوا دەکات حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر ھاوکاری ئەمیرە بکەن تا بتوانێت بەردەوام بێت، ئەو وتی "ئەم جۆرە پڕۆژانە موڵکی گشتییەو پڕۆژەیەکی گشتییەو ھەموو کەسێک دەتوانێت سوود لێوەربگرێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک ھاوکاری بێت تا بتوانێت بەردەوام بێت ".