کوردی ئەمڕۆ و سۆمەرییەکانی 5000 ساڵ پێش ئێستا، بە بۆنەی دەرچوونی کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕاوەی کورد"ی کاک سۆران حەمەڕەشەوە

ئەنوەر سوڵتانی
 

هەزارەی یەکەمی پێش زایین لە مێژووی شارسانیەتی کورددا هەزارەیەکی سەمەرەیە. هەردوو حکوومەتی مەزنی ماننا و ماد لەو هەزارەیەدا لەسەر خاکی ئێستای کورد پێکهاتوون، زەردەشت لەو هەزارەیەدا لە لێواری باشووری گۆلی ورمێ (موکریانی ئێستا) دەرکەوتووە و ئایینی زەردەشتایەتی لەو هەزارەیەدا بۆتە جێگرەوەی دوو ئایینی هەمەگیری میترایی و ئاناهیتا پەرستی لە ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمەکە، کە بنکەی سەرەکی ئەوانیش هەر خاکی ئێستای کورد و ئاورگەی ئازەرگوشنەسبی نزیک شاری تیکاب و سەقز بوو.

دیاردەی سەمەرەتر لەوانە: لە هەلومەرجێکدا کە خەت و نووسین دوو هەزار ساڵ بوو سەریهەڵدابوو و هەردوو ئیمپراتوریەتی گەورەی ئاشور و ئورارتو، لە دراوسێیەتی ماننا و ماد بە خەتی بزماری تەتەڵە و بەردنووس و تەنانەت کتێبخانەیان بۆ مرۆڤایەتی بەجێدەهێشت، ببڕا ببڕا دێڕێک و نووسراوێکی ماننایی یا مادی لەسەر چیایەک، پەرستگەیەکی ئایینی یا لە بینایەیەکی حکوومیی ئەو دوو دەوڵەتە گەورەیە دا دۆزرابێتەوە، کە ئەمڕۆ پەنجەی بۆ ڕابکێشرێت و بگوترێ فەرموو ئەوەی ئێمە پێیان دەڵێین باپیرانی کورد، کێوی نەبوون بەڵکوو خاوەنی شارستانیەتیەتێکی مەزن بوون، لە بەرانبەر ئورارتووییەکان دەوەستان و بەیارمەتی بابیل کۆتاییان بە ئیمپراتۆریەتی زلهێزێکی وەک ئاشوور هێنا؛  بەڵگەشمان ئەوە خەت و ئەوە زمان و ئەوە ئاخافتنیان. بەڵام حاشا لە دوو دێڕیش!

دیاردەی سەمەرەی ئەو هەزارەیە هێشتا درێژەی هەیە: یەکەم جێگرەوەی ئەوان- هەخامەنیشی (ئەخمینی)یەکان هەر لە ماوەی ئەو هەزارەیە، چەند بەردنووسیان لە شوێنی  جیاجیای ناوچەکە بۆ بەجێ هێشتووین کە یەکیان لەسەر چیای بێستوونی نێوان کرماشان و کامێرانە و تا ئێستاش لەباری قەوارەوە بە گەورەترین بەردەنووسی جیهان ناو دەبرێت. باشە، چۆن دەگونجێ لەدراوسێیەتی ماننا و ماد دا خەت و نووسین بووبێت، پاشان بێ شوێن مابێتنەوە، بەڵام دوای ئەوان هەمیسان نووسین سەریهەڵدابێتەوە! ڕاست وەک ئەوەی بنەماڵەیەک پێنج منداڵیان بێت، منداڵی یەکەم و دووەم و پێنجەم خوێندەوار و زمان پاراو بن بەڵام لەوناوەدا منداڵی سێیەم و چوارەم تەنانەت نەتوانن ناوی خۆشیان بنووسن! سەمەرە نییە؟ تۆ بڵێی وەک داریوشی هەخامەنیشی فەرەوەرتیشی مادی لە 'ڕەی' گرت، زمان و گوێچکەی بڕی، چاوی دەرهێنا و لە هەمەدان لەداری دا ، جێگرانی ئەو و شاهانی دیکەی هەخامەنیشی هەموو ئاسەوارە بەجێماوەکانی مادیشیان توونا نەکردبێت؟ 

ئەوە بارودۆخی مێژوو و شوێنەوارناسیی ناوچەیەکە وا کوردی تێدا دەژی. لەو هەلومەرجەشدایە کە لێکۆڵەر و مێژوونووسی کورد شەوارە دەبێت و پەنا بۆ هەر سەرچاوەیەک دەبات ئەو تەلیسمە نگریسە بشکێنێ، بێ ئەنجام دەگەڕێتە دواوە و لە هەردەرگایەک دەدات لێی ناکرێتەوە. ئینجا بە ناچاری دەکەوێتە شوێن هەر ئەو زانیارییە بە ئاشکرا ناتەواوانەی وا هەندێک بێگانە لەبەر دەستیان داناوە و ئەویش وەک پێشینیانی خۆی، زانیارییەکان بە 'زانست' بە خەڵکانی دواتری خۆی دەقەبڵێنێ- بازنەیەکی بێ ئەنجام کە دەیگەڕێنێتەوە سەر خاڵی سیفر و کاوێژکردنی هەمان ئەو هەڵەوپەڵانەی وا پێشتر گوتراون، بەڵام بە ئاڵوگۆڕ و دەست تێوەردانێکەوە بە زمان و قەڵەمی خۆی!  
دڵنیام هەموو ئەوکەسانەی خۆیان بە مێژووی کوردەوە خەریک کردبێت، هەستیان بەو دۆخە نەخوازراوە و بوونی ئەو بازنە داخراوە کردووە کە دەرەتانی چوونەدەرەوەی پێنەداون. ئەوەندەی من بزانم تا ئەمڕۆ هیچ کورد و غەیرە کوردێک بوێریی ئەوەی نەبووە بازنەکە بکاتەوە و سەر لەو چوارچێوە دیاریکراوە چەند سەد ساڵەیە  دەربهێنێت. دیارە بوارێکی وا بۆهیچ تاکێکی کورد بە هاسانی نابڕێت لەبەر ئەوەی زانستێکی لایکەم هاوتای ڕۆژئاواییەکان وبوێریی تاکەکەسی و خواستی گۆڕانکارییەکی ئاکادێمیکی پێویستە و ئەوەش تا ئەم ساڵانەی دوایی لایکەم لە کورد نەبینراوە. 

کاک سۆران حەمەڕەش وێدەچێت چووبێتە ئەو بوارەوە. ئەو لە ماوەی ١٠ ساڵی نێوان ٢٠١٣ و ٢٠٢٢ دا دوو کتێبی پڕ لاپەڕەی لەسەر ئەو ناتەواوی و بەلاڕێدا بردنە بڵاو کردۆتەوە کە دووەمیان بە ئینگلیزی بووە و پاشان خۆی کردوویەتە کوردیش.  من هیچ گومانێکم لە بوێری و هەست و ئیرادەی گۆڕان وهەوڵی نووسەر بۆ گەڕاندنەوەی مافی زەوتکراوی گەلی کورد بە خاوەنەکەی نییە لەبەر ئەوەی هەموو بەشێکی کتێبەکان ئەو ڕاستییە دەردەخەن. دەمێنێتەوە زانیارییەک کە ببێتە کەرەسە بۆ شەڕی ئاکادێمیک لەگەڵ پسپۆڕانی گۆڕەپانەکە و ئیجازە نەدات چارەنووسی دەستپێشخەرییەکەی ئەویش ببێتە هەمان هەوڵی کەم ئەنجامی نەمر تۆفیق وەهبی لە بەرانبەر پڕۆفیسۆرمەکەنزیدا لەسەر بوون و نەبوونی خزمایەتیی زمانی کوردی و مادی، کە بەداخەوە تا ئەمڕۆش جگە لە کورد کەس قەبووڵی نەکردووە.  

بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەوشتانەی وا ئوروپایی و ئەمریکییەکان سەبارەت بە مێژوو و فەرهەنگ و زمان و کولتووری خەڵکی جیهان و یەک لەوان کورد نووسیویانە و بەراوەژووکردنیان نە کارێکی هاسانە و نە هەروا سووک و سانا  بۆ ڵێکۆڵەرێکی کورد دەچێتەسەر. خەباتی کاک سۆران هەندێک بۆچوونی سەلماو و وەرگیراوی پسپۆڕانی ئوروپی و ئەمریکیی سەبارەت بە مێژووی کۆنی کورد لە بنەرەتەوە بەرئاوەژوو دەکات و هەڵیاندەوەشێنێتەوە- پسپۆڕانێک کە هەر کاک سۆران خۆی لە کتێبەکانیدا پشتی بە بەشی هەرەزۆری زانیارییەکانیان بەستووە و کردوونیەتە سەرچاوەی بڕواپێکراوی خۆی: بوونی دەوڵەت-شار و خەڵکانێک لە سۆمەر و ئاشور و ماد، ساڵی اختراعی خەت و نووسین، خوێندنەوەی بەردنووسە کەوناراکانی میزۆپوتامیا و میسر و ئێران و هیند و تەتەڵە گڵێنەکانی ناو کتێبخانەکانی ئاشورو سەدان دیاردەی هاوچەشنی دیکە... ئەوانە هاسان نەکەوتوونەتە بەردەستی مرۆڤایەتی، بەبێ ئەوانە ئێمە ئێستاش دەبوو وەک سەردەمی جمجمە سوڵتان لەسەر پێودانی تۆفانی نووح بڕۆین، خەریگەی جیهان بە جوغرافیای بەتلەمیوسی بپێوین و باوەڕ بە کێوی قاف لە دەوری جیهان و بەحری قولزومی ئەوپەڕی قاف بهێنین! 

سەبارەت بە کوردیش دەسکەوتی ڕۆژئاواییەکان کەم نەبووە. بەبێ لێکۆڵینەوەکانی ئەوان عەرەب کە زمانی خەڵکی جیهانیان لەسەر حیسابی سێ کوڕی نووح، سام و حام و یافپ دابەش دەکرد، ئێمەیان کردبووە سامی، کەمالیستەکان دەیانکردینە تورکی چیایی و تەنانەت ئێرانییە لووت بەرزەکان زمانی ٥٠ ملیۆن خەڵکەکەمانیان وەک زاراوە و لقێکی بچووکی زمانەکەی خۆیان بەسەردا دەسەپاندین. ئێمە بۆ هەموو ئەو کارە گەورانە دەبێ سپاسی توێژینەرە ڕۆژئاواییەکان بکەین.

بەڵام ئەو ڕاستییانە هەرگیز واتای ئەوەیان نییە ئەوانیش هەڵەیان نەکردبێت و کەس مافی ئەوەی نەبێ چەوتییەکانیان ڕاست بکاتەوە. مەکەنزی لەسەر ڕێگای نێوان مووسڵ و بەغدا چەند سەعاتێک لە ناوچەی ژیانی کوردە باجەلانییەکان لایداوە و وتارێکی دوور ودرێژی سەبارەت بە زاراوەی باجەلانی نووسیوە.  ئایا دەکرێ لەو ڕوانینە سەرپێیەدا هەڵەی نەکردبێ و دەگونجێ باجەڵانی خۆیان و کورد بەگشتی، لەو باشتر وزیاتر لەسەر بابەتەکە نەزانن؟ 

گرنگایەتی کاری سۆران حەمەڕەش ڕاست لەوەدایە بۆچوونی ئوروپییەکانی وەک دیاردەیەکی ڕەها وەرنەگرتووە و گومانی لێکردوون. ئەو گومان کردنە دێکارتییە ڕاست ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای کورد لە هەموو لایەنەکانی ژیانی  کۆمەڵایەتیدا پێویستی پێیەتی. ئێمە تەنیا بۆچوونی هەڵەی پسپۆڕە ڕۆژئاواییەکان شەوارەی نەکردووین. گژەبای درۆ ودەلەسەی ئێرانی و تورک و عەرەبان سەدان ساڵە مەزرای بیرکردنەوەمانی ویشک هەڵگێراوە و کردووینەتە شوێنکەوتووی ئەوان؛ ئێستاش بەشێکی زۆر لە کوردی ئێران و تورکیا کوردی نازانن. ئەوەش هێچ، تەنانەت نایانەوێ کوردی فێر بن یان فێری منداڵەکانیان بکەن، چ بگا بەوەی لەپێناو پاراستنی لە هێرشی زمانی زاڵی ناو وڵاتەکەیاندا خەبات بکەن. لە کام قوژبنی ئەم دنیایە بینراوە جگە لە خوارووی ئەفریقای ئەپاڕتاید و ناو سوورپێستەکانی ئەمریکا و ئوستڕالیا، کە گەلێک لە کۆرسی فێربوونی زمانی خۆیدا بەشداری بکات؟ تاوانی زارای محەمەدی لە ئێران ئەوەیە زمانی کوردیی بە کورد گوتۆتەوە. لەتورکیا سەدان و هەزاران جینایەت کراوە بۆئەوەی کورد مەجبوور بێت و بڵێ شانازی دەکەم تورکم و بەشێکی بەرچاو لە کوردیش گوتوویانە!

هەڵاواردنەکە تەنانەت بواری ئەکادێمیکیشی گرتۆتە بەر. بۆچوونی بەشێکی بەرچاو لە لێکۆڵەرە ئوروپییەکان لەژێر کارتێکەریی پسپۆڕانی تورک و عەرەب و ئێرانیدا لە ڕاستەڕێ لایداوە. کتێبخانەی بریتانیا (بریتیش میوزیوم) و بە چاولێکەریی ئەوان گەلێک کتێبخانەی دیکەی ناو بەریتانیا کتێبی کوردیی زاراوەی گۆرانی و هەورامی وەک بەشێک لە لە کتێبە فارسییەکان تۆمار دەکەن. هۆکار دۆزینەوە بۆ ئەو زوڵمە گەورەیە هاسانە: چارلز ڕیۆ ی بەڕەگەز ئاڵمانی، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا کەتەلۆگی بۆ دەستنووسە فارسییەکانی ناو کتێبخانەی بریتانیا پێک هێنا کە ئەودەم بەشێک بوو لە موزەی بەریتانیا. ئەوە کارێکی مەزن بوو و ساڵانێکی خایاند تا هەر چوار بەگە گەورەکەی کۆتاییان پێهات. لەو سەردەمانەدا پسپۆڕ و ئەکادێمیکی کورد لە بریتانیا نەبوو کە دەگونجا بیتوانیایە یارمەتیی ڕیۆ بدات یان هاوفیکریی لەگەڵدا بکا، ئەوەی کە بوو، ئێرانییەکان بوون و ڕوانگەی ئەوانیش بە نیسبەت کوردەوە دیارە چییە. چاڕلز ڕیۆ خۆیشێ تەنیا فارسی و عەرەبی و سانسکریتی دەزانی! ئەنجام؟ هەموو دەستنووسە کوردییە گۆرانی و هەورامییەکان بوون بە ماڵێ زمانی فارسی! زۆر کتێبخانەی دیکەی جیهانیش لاسایی ئەویان کردەوە و ئەو شێواز و ڕێبازە تا ئێستا بەردەوام ماوەتەوە   
کورد دەبێ زۆرێک لەو هەڵە وپەڵانە ڕاست بکاتەوە؛ کاک سۆران حەمەڕەش ئەو چەوتییەی بینیوە و خۆی گوتەنی ٣٠ ساڵە لە پێناو ڕاستکردنەوەی بەشێکیان لە بواری ئەکادێمیکدا خەبات دەکات.  ئەوە هەنگاوێکی پیرۆزە و دەبێ یارمەتی سەرکەوتنی بدرێت. من کە کتێبی "کورد کێیە"م خوێندەوە، بەو هەموو فەرهەنگۆکەوە وا نووسەر بۆ زمانی کوردی لەگەڵ سۆمەری و هوری و هیتی و لۆڤی و مێدی ئامادەی کردبوون، بەو وردەکارییانەی کە لە دۆزینەوەی ڕیشەی وشەکاندا بەکاری هێنابوون تووشی سەرسام هاتم؛ هەستم دەکرد ئەوە بۆ وزەی ئەکادێمیکی کۆمەڵگای کورد گەلێک زۆرە! بە تایبەت کاتێ هەڵوێستی گرتبوو و نووسیبووی "سەدان وشەی سۆمەری دوای پێنج هەزار ساڵ هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتووە" (کورد کێیە؟ ل ٣١٠). واتای ڕاستەوخۆی قسەکە ئەوەبوو کە ئەو سەدان وشە سۆمەرییە ئێستاش هەرکام بەشێوەیەک لە زمانی کوردیدا ماون یان ڕەگەکانیان لەگەڵ کوردیدا یەکە. 

ئێمە بیستوومانە دەگوترێ زمان هەموو پێنج ساڵێک هەست بە گۆڕانکارییەکانی دەکرێت، ئەی چۆن دەگونجێ وشە سۆمەرییەکان دوای پێنج هەزار ساڵ مابێتنەوە و ئەمڕۆ قسەشیان پێبکرێت؟ دیارە نووسینی قاموس بۆ دوو زمانی زیندووی ئەمڕۆ نابێ زۆر ئەستەم بێ، بەڵام بۆ زمانێک کە دەڵێن چوار هەزارساڵە فەوتاوە یا بۆ زمانێکی وەک مێدی (مادی) کە هیچ بەردنووس و نیشانەیەکی نووسراوی لێ بەجێ نەماوە، چۆن لەگونجان هاتووە؟ ئەویش لەگەڵ زمانێکی وەک کوردی کە ئاخێوەرانی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زمانە کۆنەکاندا نەماون و لێکۆڵەرەوە و شوێنەوارناسەکانیشی ڕاستەوخۆ لە مەیدانی لێکۆڵینەوە و کونجکۆڵییەکاندا نین؟ گەلۆ نووسەر شوێنەوارناسە؟ ئەگەر نییە هاوبەشی کام لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەکادێمیک بووە؟ ئەگەر ئەوەشی نەکردووە سەرچاوەی زانیارییەکانی کامەن؟ ئایا هەر هی ئەو توێژینەوانە ڕۆژئاواییانە نین کە ڕەخنەیان لێدەگرێت؟ ئەگەر وایە بۆچی بڕوای بەو بابەتانەیان کردووە کە خۆی پێویستی پێیانە و ئەوانی دیکەی وەلاناوە؟ ئەوانە پرسیاری سەرەتایی خوێنەرێکی ئاسایی وەک منن، بەڵام نووسەر وا نییە لاقی هەڵکردبێت و بەبێ ئامادەیی و شارەزایی و توانای زانستی چووبێتە گۆڕەپانەکەوە. ئەوەی ئەو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە و سەدانی دیکەی هاوچەشن کردوویەتی، لە ئیعجاز دەچێت. ئەو سەبارەت بە گریمانی کۆچی کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە بۆ سەرخاکی سۆمەر و داهێنانی خەت، هەروەها بنەچەی شارسانیەتی ڕۆژئاوا و خەسلەتی زمانەوانیی زمانی سۆمەری، چەند بڕیارێک دەردەکات کە هەرکام لەشوێنی خۆیاندا، ڕچەشکێن و تەنانەت سەرسووڕهێنەرن لەبەر ئەوەی سنوورە دیاریکراوەکانی ئەم چەند دەیە و سەدەیەی دوایی شوێنەوارناسیی و مێژوو دەشکێنن و چەمکی نوێیان لەشوێن دادەنێن. خوێنەری شارەزای بابەتەکە بە وردبوونەوە لەم چەند دێڕە هەڵبژێردراوەی کتێبی "مێژووی بزر..." تووشی سەرسام دەبێ:

"وا دەردەکەوێت کە وردە وردە هەندێک لە خەڵکی چیاکانی کوردستان، پاڵپشت بە توانای کشتوکاڵی و کارامەیی لەبواریتردا لە نزیک هەزارەی چوارەمی پ.ز بەرەو خاکە نزمەکانی سۆمەر ڕۆیشتبن بۆ دامەزرندنی شارستانییەکی پێشکەوتووتر کە ئەمڕۆ بە سۆومەری ناو دەهێبنرێت..."(ل. ٢٧ی مێژووی بزر) ... کورد ئەو خەڵکەن کە یەکەم نووسینیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا داهێناوە...، یەکەم زمانی نووسراو کوردیی کۆن (سۆمەری) بووە.... زمانی سۆمەری زمانێکی ناپەیوەست نییە و کۆنترین زمانی هیند و ئەروپییە... کوردستان شوێنی لەدایکبوونی زمانە هیند وئەوروپییەکانە." (لل. ١٧٧ و ٨)
ئەوانە چەند دەستپێشخەریی بەرچاون بۆ گۆڕینی سەرلەبەری مێژوو و تەنانەت جوغرافیای ناوچەکە و بەوبۆنەیەوە خاوەنەکەی ڕووبەڕووی پرسیاری گرنگی پسپۆڕان و مێژوونووسانی کورد و غەیرەکورد دەبێتەوە. یەکەم ئایا بەڵگە بۆ ئەو ئێکسدۆس (کۆچی بە لێشاوی جەماوەری)یەی کورد بۆ سۆمەر چییە و بۆ دەربڕینی پشت بە کام بەڵگەی نووسراو و تەتەڵە و بەردەنووس بەستراوە؟ دووەم، ئەگەر خاکی سۆمەر سفرەیەکی پڕ خێروبێر و وڵاتەکەش بێ دەرک و دەرکەوان بووبێت، بۆچی هەر کورد ڕووی تێکردووە و خەڵکی کۆمەڵگاکانی دیکە نەچوون؟ 

هەروەها گۆڕینی چەشنایەتی زمانی سۆمەری لە "ناپەیوەست"ەوە بۆ "پەیوەست" ، لەسەر هەمان گریمانی کۆچی کورد بۆ سەر خاکەکەیان و لەڕێگەی هیندو ئەوروپی بوونی زمانی کوردی و هێنانی سۆمەریش بۆ ناو بنەماڵەی ئەو زمانانە، هەڵوەشاندنەوەی سەروبەری هەموو ئەو بنەما و کۆڵەکانەن کە ئەمڕۆ مێژووی زمانەکانی ناوچەیان لەسەر دانراوە و ئەگەر زێدەڕۆیی نەبێ سۆنامی و بوومەلەرزەیەکی دۆمینۆییە کە یەک بەدوای یەکدا ئەساسی گەلێک بۆچوون وا ئێستا بوونەتە باوەڕی چەسپاوی جیهانی، تێکدەدات. با هیواداربین کە ڕەنگدانەوەی ئەو تیۆرییە تازانە لە نێو پسپۆڕانی مێژوو و زمانەوانیدا بەشێوەیەکی ئەرێیی بێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر واش نەبێ، کاک سۆران حەمەڕەش مۆرکی خۆی لە نووسینەوەی مێژووی ناوچەکە و تەنانەت ئەوروپاش داوە و وەک ڕوخسارێکی جیهانی مێژوو و زمان دەرکەوتووە. پیرۆزی بێت.

قەڵەمی کاک سۆران پاک و بۆچوونەکانی لۆژیکاڵن. بە تێگەیشتنی من، گەوهەری قسەکانی و ناوەرۆکی سەرەکیی نووسینەکانی لەهەردوو کتێبەکەدا ئەوەیە کە دەڵێ: "هیچ شارستانیەتێکی گەورە بێ بەجێهێشتنی کۆمەڵێک زانیاری و کاریگەری لەناو نەچووە... ئایا دەکرێت ئەوان [سۆمەرییەکان] بەو هەموو شارستانییەتەوە، وەک نەتەوە بەتەواوەتی نەمابن، هیچیش لە زمانەکەیان نەمابێت و کاریگەرییشی لەسەر زمانەکانیتر بەجێ نەهەێشتبت؟" (کورد کێیە؟ ل ٣٥٧). 

دەسپێکی ڕێگای نووسەر لێرەوەیە، جا لە درێژەدا بەیارمەتی وێچوویی وشە و ڕستەی زمان، جێ پێی بەجێماوی ئەو شارستانییەتە لەناوچووە لە قسەکردنی کورددا هەڵدەگرێت، هەندێ دیاردەی فیزیکیش وەک پاڵپشت بۆ لایەنە زمانەوانییەکە دەخاتە بەرچاو کە ئەوانیش تازەن: پوولە قوڕینەکانی دۆزراوە لە کوردستان یەکەم هەنگاون بۆ داهێنانی خەت لە سۆمەر و جۆی گوڵ شەش هێڵیش سەرەتا لە کوردستان دۆزراوەتەوە پاشان لە سۆمەر، کەوابوو ئەوە کوردن کە شوێن دادەنێنە سەر فەرهەنگ و ئابووری و زانستی سۆمەرییەکان و بەرەو شوێنێکی دەبەن کە دەگاتە داهێنانی خەت و نووسین. ئەوە سوغرا و کوبرایەکی مەنتیقییە و وێدەچێت بەباشی و پشت ئەستوور بە بەڵگەی شوێنەوارناسی دامەزرابێت، هەربۆیەش دەتوانێ ئەنجامی باشی لێوەربگیرێت. 

هەر لێرەدا ئاماژە بە یەک خاڵی گرنگ بکەم، نووسەر لە هەڵسەنگاندنەکانی و بە هەمان شێوە لە پێکهێنانی خشتەی فەرهەنگۆکەکانیدا، پەنجەی بۆ گەلێک زمان وەک ئینگلیزی، ئاڵمانی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئیسپانی  ڕاداشتووە، بەڵام جگە لە چەند پەرەگرافێک، باسێکی جیددی لە زمانی تورکی نەهێناوەتە گۆڕێ لەکاتێدا گریمانی پەیوەندیی ئەو زمانە لەگەڵ زمانی سۆمەری، لەمڕۆدا بۆتە ڕۆژەڤی دونیای تورکزمان و وەک بەڵگەی بوونی ڕەگەزەەکەیان لە مێژووی کۆنی ناوچەکەدا سوودی لێوەردەگرن. حکوومەتی تورکیاش، وەک گوترا، هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە سەرمایەیەکی زۆر زیاتر لە گەلانی دیکەی لەسەر ئەو پەیوەندییەی زمانی تورکی و سۆمەری داناوە و بە دڵنیایی تەنیا ئەوە نییە کە بنەچەی چەند وشەیان بردبێتەوە سەر زمانی سۆمەری. ئەوان دەبێ مێژوویان پشکنیبێت و تەنانەت مێژوویان بۆ ئەو پەیوەندییە خوڵقاندبێت! چونکای تورک لەسەر بنەمای هەر ئەو گریمانەیە فەرهەنگ و زمان و مێژووی خۆیان دەبەنە ئەوپەڕی دەریای ئیجە و دەیگەیەننە ئوروپاش. هەربۆیە من کاتێ کە کتێبی یەکەمی کاک سۆران (کورد کێیە؟)م دەخوێندەوە هەستم کرد بەڵگەهێنانەوەکانی لەلایەنی زمانەوە بەهێزن بەڵام نەیتوانیوە بەباشی ئەو هاوبەشییە زمانەوانییە بە بەڵگەی ڕووداوە مێژووییەکانی ناوچەش بسەلمێنێ و پشت ئەستووری بکات. بەختەوەرانە، ئەو کەمایەسییە بەباشی لە کتێبی دووەمیدا (مێژووی بزر...) قەرەبوو کراوەتەوە و زوربەی هەرەزۆری لاپەڕەکانی ئەو بەرگە، تەرخانی مێژوو کراون؛ بەتایبەت کە کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزیش خستۆتە بەردەستی خوێنەر لە گۆڕەپانێکی بەربڵاوی دەرەوەی کوردستان و دەشێ پسپۆڕانی بوارەکە لە هەموو شوێنێکی جیهان بتوانن چاویان پێی بکەوێت.  

گرفتێکی دیکەی نووسەر ئەوە دەبێ کە ئەگەر زمانی سومەری بە زمانێکی پەیوەست دابنێ و هاوشێوەیی وشەکانی لەگەڵ زمانی کوردیدا بکاتە بنەمای کاری خۆی، لێکۆڵەرەوانی ئەرمەنی و فارسی و گوجراتی و دەری و پەشتووش، کە زمانەکەیان وەک هیند و ئوروپییەکانیتر، بە زمانی پەیوەست قەبڵێنراوە، دەگونجێ بتوانن خشتەی هاوشێوەی کاک سۆران بۆ زمانەکانی خۆیان لە قەوارەیەکی گەورەتر یا بچووکتردا پێک بهێنن. ئەو ئەگەرە بە تایبەت کاتێ بەهێز دەبێت کە نووسەر لە هەزارەی چوارەمی پ.زدا کوردی داوێنی چیاکانی زاگرۆس دەباتە نێو جوغرافیای سۆمەرییەکانەوە بەڵام ئەرمەنی و ئێرانییەکان لەشوێنی خۆیان بەجێ دەهێڵێت. ئەوە دەتوانێ تەنگژەیەکی جیددی بێت و بۆ چەسپاندنی پێویست بە بەڵگەی زیاتر و بەهێزتر بکات.

بەشێک لە کتێبی دووەمی کاک سۆران بۆ ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی مێژوونووسان تەرخانکراوە کە شوێن و کەسایەتییە کوردەکانیان بە غەیرەکورد لەقەڵەمداوە. بۆ نموونە هەڵەی سەبارەت بە تەفسیری واتای "ئێرانشەهر" و "ئاریەنە"ی ئێرانچیەکان دەخاتە ڕوو و چەند کەسایەتی گەورەی کوردی خەڵکی "سوورەوەرد" کە بە غەیرەکورد ناسێنراون و ناوی گوندی سوورەوەردیش کە بۆ پاڵپشتی چەواشەکاریی مێژوونووسان کراوەتە "سهرورد"، دەگەڕێنێتەوە باوەشی کورد. من لە پەسندی قسەی نووسەردا دەڵێم "کۆگوند" یان ئێرانییەکان گوتەنی "دیهستان"ی سهرورد تا ئەم دواییانەش سەر بە شاری بیجاڕی گەڕووس و ئەویش بەشێک لە پارێزگای کوردستان بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستانیان جیا کردەوە و خستیانە سەر ئوستانی تورک نشینی زەنجان، بۆئەوەی سوورەبەردییەکان حیسابی زەنجانی بوون و تورک/ئێرانی بوونیان بۆ بکرێت نەک کورد!   

ئاماژەکردنی من بە گرفتی نووسەر بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی بەهیچ شێوەیەک واتای ئەوە نادەنەوە کە ویستبێتم دژی بوەستم. من سۆران حەمەڕەش بە ڕچەشکێنێکی گەورە دەزانم، کەسێک کە شەپۆلی ژیانی خستۆتە حەوزی مەند و بێ جووڵەی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی کورد و هیوای ئەوەی خستۆتە دڵی هەموانەوە کە ڕێبازەکەی درێژەی بێت و لە ئەنجامدا دەراوێک بۆ کورد ڕوون بێتەوە- دەراوێک کە دەیان هۆکار بەدرێژایی مێژوو لێیان لێڵ کردووە. نیازم لە درێژەی ڕێگا ئەوەیە خوێندکارانی زانکۆکانمان لەو ڕچەشکێنییەی نووسەر دەرس وەربگرن و نەکەونە شوێن شتی سواوی دەیان جار دووپاتکراو، خوێندکارانی بواری مێژوو و زمانیش لە دۆزینەوەی بنەماکانی مێژووی کورددا وەک ئەو خۆ ماندوو بکەن و تەنیا لەبیری شەهادە و تەعیین بووندا نەبن. کاک سۆران دەڵێ بەشێکی زۆر لە تەمەنی خۆی بەختی ئەو لێکۆڵینەوەیە کردووە کە ئێستا لە بیچمی دوو کتێبدا کەوتۆتە بەردەستی ئێمە، ئەوە دەرسێکی گەورەیە بۆ هەموومان.

بە هەمان شێوە، هیوادارم زانکۆکانی کوردستان پاڵپشتی کاری کاک سۆران بکەن بۆ ئەوەی سەهۆڵی ئەو پشتگوێ خستنە بشکێ کە خۆی گوتەنی "بەداخەوە هەتاکو ئەمڕۆ یەک زانکۆ قسەیەکی لەسەر کتێبی یەکەمم نەکردووە."(ل. (X ئەوە لە لایەکەوە کارێکی دوور لە ئەخلاقی ئەکادێمیستییە؛ لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکارەکانی هەر ئەو زانکۆیانە هەست بکەن دوای هەموو زەحمەت و خۆ ماندووکردنێکی هاوشێوەی سۆران حەمەڕەش، کەس بە هەندیان وەرناگرێت و ئاوڕیان لێ ناداتەوە؛ ئەوەش کووژانەوەی کوانووی توێژینەوەی لە زانکۆکانی کوردستان بەدوادا دێت و دەبێتە هۆکار بۆ بەفیڕۆچوونی کات و پارەی خەڵکی هەژار کە سەرفی پەروەردەی ئەوان دەکرێت.

حکوومەتی هەرێمیش لەبەرانبەر کار و زەحمەتی کاک سۆراندا بەرپرسە. ئەوان و بەتایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیریی کوردستان دەیانتوانی لەجیاتی تەنیا یەک لەو هەموو کۆنگرە و کۆنفەرانسە پڕ مەسرەف و کەم ئەنجامەی وا ساڵانە بەرێوەی دەبەن و خەڵکانێک لەوسەری دنیاوە بانگ دەکەنە کوردستان، هەر لە بن گوێی خۆیاندا ئاوڕێک لە زەحمەتەکانی ئەو بدەنەوە، کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆ ناساندنی کتێبەکە بەڕێوەەبەرن، چەند سەد دانەیەکی بکڕن و بەدیاری بیاندەن بە کۆنسولیەت و کتێبخانەکانی وڵاتان و میوانانی بیانی کە ڕوودەکەنە کوردستان. ئەوکارانە دەتوانن ببنە هاندەرێک بۆ ئەوەی نووسەر لەسەر ڕێبازەکەی شێلگیر بێت و دەسکەوتی زیاتری هەبێت، لێکۆڵەرانی دیکەش ڕەچاوی کاری ئەو بکەن.

هەرچۆنێک بێت، کونجکۆڵییەکانی نووسەر نەک هەر بە پێوانەی کوردی بەڵکوو لە ڕادەیەکی جیهانیشدا گرنگ و کەم وێنەن. ئەو هەوڵەی ئەو بۆ سەلماندنی نزیکایەتی زمانی کوردی لەگەڵ سۆمەری و هیتی و مێدی داویەتی و ئەو هەموو بەڵگە زمانییەی هێناویەتەوە جێگەی سەرسووڕمانە و من کە مێژووم بە دەرس خوێندووە و کەمتاکورتێکیش بابەتی مێژووییم نووسیوە، هەرگیز سەدا یەکی ئەو وردەکارییانەم بەڕێوەنەبردووە کە ئەو لە تاک تاکی لاپەڕەی کتێبەکانیدا خستوونیەتە بەرچاو. سۆران حەمەڕەش بە هەموو پێوانەیەک لێکۆڵەرێکی هەڵکەوتەیە، جا کارەکانی لە دامودەزگا جیهانیییەکاندا بسەلمێنرێت یان نا، کێشەی ئەوان دەبێت نەک کارەکانی ئەم! 
با پێکەوە سەیری هەڵبژاردەیەکی کەم لە لێکۆڵینەوەکانی بکەین کە لە کتێبی دووەمیدا "مێژووی بزر..." وەرگیراون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرپێیش بێت بیر وبۆچوونەکانی بناسین و بزانین چۆن بۆ بابەتەکان دەچێ: 

"سۆمەریەکان نەتوانراوە بخرێنە ناو چوارچێوەی تیۆریی ئارییەکانەوە کە ناسیۆنالیزمی ئەوروپی لە پشتەوە بوو و لەسەر مێژووی نووسراوی یۆنانی و دەقە تەوڕاتییەکان داڕێژرابوو. جگە لەوە ڕێچکەی پۆلینکردنی زمانەکان و ناونانیان کە دەزگا ئەکادێمیە ئەوروپیەکان پەیڕەوی دەکەن وایکردووە کە مامەڵەی زمانێکی ناپەیوەست لەگەڵ زمانی سۆمەریدا بکرێت....زمانی کوردیی نوێ زمانی سۆمەرییە لە شێوە نوێیەکەیدا و خەڵکی کورد هێشتا بە کۆنترین زمانی نووسراو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا قسەدەکەن. ئەم دەرئەنجامە بەتەواوی پێچەوانەی بۆچوونەکانی ئەمڕۆیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە زمانی سومەری نزیکی ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر وەکوو زمانی ئاخاوتن مردووە. ئەوەش دەرئەنجامی گەورەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی مێژووی زمانە هیند و ئەوروپییەکان سەرلەنوێ بنووسرێتەوە لەبەر ئەوەی زمانی کوردی بە ئەندامێکی خێزانی زمانە هیند وئەوروپییەکان دادەنرێت. لە دواییدا دەشێت تێگەیشتنمان بە تەواوی و بۆ هەتایی لە سەر زمان بگۆڕێت.... ناوچەی سۆمەرییەکان تەخت بوو. لەوێ دەرفەتی زیاتر هەبوو بۆ برەوپێدانی کشتوکاڵ و گەشەسەندنی ئابووری … وردە وردە هەندێک لە خەڵکی چیاکانی کوردستان پاڵپشت بە توانای کشتوکالیی و کارامەیی لە بواریتردا، لە نزیک هەزارەی چوارەمی پ.ز بەرەو خاکە نزمەکانی سۆمەر ڕۆیشتن بۆ دامەزراندنی شارستانییەکی پێشکەوتووتر کە ئەمڕۆ بە سۆمەری ناو دەهێنرێت." (لل. ٢٥-٢٧) 
"ئەوروپیەکان دوای سەدەی حەڤدە لەهەوڵێ ئەوەدابوون کە بنەچەیەکی پڕ شانازی بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئەنجامەکەی دەرکەوتنی تیۆری ئاریەکان بوو...تیۆریەکە لەسەر بناغەی چەند وشەیەک دامەزرابوو کە لە سانسکریت و فارسی کۆندا دۆزرابوەوە لەگەڵ هەندێک تۆماری لێڵ لەسەر خەڵکی ئاری....ئەمڕۆ ناسیۆنالیستی ئێرانی هێشتا تیۆری ئاریەکان بەکاردەهێنن بۆ پەرەدان بە ئایدیۆلۆجیای ئێرانی گەورە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کورد و فارس لە ڕەگەزی ئارین و یەک بنەچەیان هەیە. لەڕاستیدا دەوڵەتی ئێرانی نوێ، بەشێکی لە کەشوهەوای سیاسی و پێشینەی تیۆرییەکەدا گەشەی سەندووە... لەژێر کاریگەری ئەو تیۆریە ئەفسانەییەدا لێکۆڵەران لە پەیوەندیدا بە زمانە هیند و ئەوروپیەکان، بەگشتی بایەخیان زیاتر بە بە زمانی سانسکریت و فارسی داوە لەبری زمانی سۆمەری و، هۆری یان کوردی... ئەو هەڵە تێگەیشتنە کە گوایە زمانی سۆمەری زمانێکی ناپەیوەستە، هەتاکو ئەمڕۆ هەر بەردەوامە بێ پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە، سەرەڕای ئەو ژمارە بەڵگە زۆرەی کە لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو." (لل. ١٧٩ تا ١٨١)
"لەکاتێکدا دەسەڵاتی سۆمەری لە ناوچە تەختاییەکانی میسۆپۆتامیادا بوو، چیاکان لە ژێر دەسەڵاتی گووتییەکاندا بوون.... گووتی شێوەیەکیتری ناوی کوردە.... ئاشوریەکان ناوی گووتییان بەکار دەهێنا بۆ ماد و ماننایی و هەموو گرووپەکانیتری بەرزاییەکانی کوردستان... لێکۆڵەران بەو ئاراستەیە کاردەکەن کە ئەکەدی و ئاشوریە توندوتیژەکان زیاتر لە گووتیەکان بە شارستانی دابنێن... گووتیەکان خەڵکی ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆس بوون...و بە شێوەی دەوڵەتەشاری کۆنفێدڕاڵی حوکمیان دەکرد." (لل. ٢٢٢ تا ٢٢٨)
"سەرچاوە ئەرمەنیەکان هەتاوەکو سەدەی چواردەی زایینی ئاماژە بە کورد وەکو ماد دەکەن.... مادەکان بنەماڵەی حوکمڕانی کورد/گووتی بوون لەبەر ئەوەبوو کە مادەکان هەرگیز لە تۆماری مێژوویی نەتەوە دراوسێکانی وەک ئاشوری و کلدانی مامەڵەی نەتەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. ئەوان زیاتر بە ناوی نەتەوەکەیانەوە کە گووت/کورد بن، ئاماژەیان پێکردوون. بەوجۆرە لە سەرچاوەی پەهلەوی، ئەرمەنی و کوردیدا دەستەواژەی "کوردە مادەکان" بەکار هاتووە.... (لل. ٢٥٨-٢٥٩)
وەک دەبینین،  نووسەر لە کتێبەکەیدا  تەنیا قسەی گوتراو و بیستراوی خەڵکانی  پێش خۆی دووپات نەکردۆتەوە و گەلێک "اجتهاد"ی تاکەکەسیی خۆی هەن. زۆرێک لەوانە، بۆ نموونە هەڵوێست گرتنی بەرانبەر بە تیۆری ئاری ناو ئەوروپییەکان کە بەگوێرەی بەرژەوەندیی سیاسیی ئاڵمانیا و بریتانیا لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامیدا  کورد و مێژووەکەی لە نێوچۆمان پەراوێزخراون، تا ڕادەیەکی زۆر مەنتیقی و بەبەڵگەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە لایەن گەلێک لە لێکۆڵەرانەوە وەربگیرێت. بەڵام ئەوەی لە ڕوانگەی منەوە دەتوانێ جێی دەمەقاڵە و بەرانبەر وەستان بێت واهەیە مەسەلەی هاتنەخواری پێشینیانی کورد لە چیاکانی زاگرۆسەوە بۆ نێوچۆمان و سەر خاکی سۆمەرە. لاموایە کاک سۆران بۆ چەسپاندنی ئەو بۆچوونە پێویستی بە بەڵگە و نیشانەی زیاتری مێژوویی دەبێت و ئاواتەخوازم لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا سەرکەوتوو بێت. هەروەها هیوادارم وەک خۆی بەڵێنی داوە، ئەو دوو کتێبە کۆتایی بە کونجۆڵییەکانی نەهێنن، بەرگی سێهەم ئایینە کۆنەکانی کورد بگرێتەوە  و دوای ئەویش چاومان بە داهێنان و دەستپێشخەریی زیاتری ئەو بڵیمەتە هەڵکەوتەیەی کورد بکەوێت.
١٨/٣/٢٠٢٣

  

 

 

سەرچاوە؛ سایتی خەندان