(به بۆنه‌ی کیمیابارانکردنی شاری سه‌رده‌شت)
7ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، 35 ساڵ به‌سه‌ر کیمیابارانکردنی شاری سه‌رده‌شت تێده‌په‌ڕێت که له ساڵی 1366 هه‌تاوی هاوڕێ له‌گه‌ڵ 28ی حوەزیرانی ساڵی 1987ی زاینی، لەلایه‌ن ڕژێمی به‌عسی عێراقه‌وه ئه‌نجام درا. چه‌ند مانگ دوای ئه‌وه کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن هه‌مان ڕژێمه‌وه هاته ئه‌نجامدان و پێش له‌وه‌ش هه‌موو قۆناغه‌کانی ئه‌نفال جێبه‌جێ کرابوون و هه‌موو جومگه و جه‌مسه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگەی کوردی و ژیانی گوندی، خاپوور کرابوو.
ڕاستییەكەی تێگه‌یشتن له قڕکردن و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی کورد، به‌بێ تێگه‌یشتن له‌و دیسکۆرس و گوتاره‌ی ئاڕاسته‌ی سیاسه‌ت و میدیای فه‌رمیی داگیرکه‌رانی به‌ده‌سته، ناپۆڕێت. سه‌رده‌شت به پێوه‌ری کوردبوون له دیدی به‌عسه‌وه (ئێرانی و مهجووسبوون) کیمیاباران کرا و به پێوه‌ری کوردبوون له ڕوانگه‌ی ئێرانه‌وه (ته‌جزیه‌ته‌له‌ب-جوداخواز) برینه‌کانی شاردرایه‌وه و پشتگوێ خرا، تا قهتماغهکهی به‌رده‌وام ته‌ڕ و تازه بێت!
ئه‌م دوو دیسکۆرسه هیچ کامیان به نیسبه‌ت کورده‌وه جیاوازییان نییه، چونكە ئه‌وان خۆیان به دال و سه‌رچاوه‌ی مانابه‌خشیی سه‌ره‌کیی کلیلوشه‌کانی ناسیونالیزمی ئێرانی و عه‌ره‌بی ده‌زانن و کورد ته‌نیا په‌راوێز و گۆشه‌یه‌ک بووه له‌ناو دیسکۆرسهکهی له ئاستی ئۆبژه‌یه‌کی مهسرهفکراودا!
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، کاتێ سه‌رده‌شت کیمیاباران کرا 110 بۆ 150 که‌سی مه‌ده‌نی ئان‌وسات گیانیان لەدەست دا و هەشت هەزار که‌سیش له دانیشتووانە 12 هەزارییەكەی ئه‌و شاره بریندار بوون و تا ئێسته‌یش به ئازاری ئه‌و زام و برینانه‌وه ده‌تلێنه‌وه، به‌ڵام ئێران که ئه‌م هه‌موو هه‌رایه‌ی کرد، دژی وڵاتانی دنیا که له‌و جه‌نگه‌دا غه‌درێکی گه‌وره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی لێکراوه، بۆچی ته‌نانه‌ت وه‌ک ئامرازیش به‌ڕاده‌ی پێویست که‌ڵکی له سه‌رده‌شت وه‌رنه‌گرت؟
وه‌ڵامه‌که ئاسانه، چونكە سه‌رده‌شت به‌و برینانهنهوه له ئاستی نێودەوڵه‌تیدا ده‌ربکه‌وتایه، ئه‌گه‌ری له ئامرازدهرچوون و به‌ته‌وه‌ربوونی هەبوو، بۆیه تا ماوه‌یه‌کی زۆر /جگه له کاتی پێویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان/ بێده‌نگیی لێ کرا. له‌و لایشەوه کاتێک ڕژێمی به‌عس زانی سه‌رده‌شت هه‌م له ئاستی ئێران و هه‌م له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی بێده‌نگیی لێکراوه، ئیتر دوودڵ نه‌بوو له کیمیابرانکردنی ههڵهبجهبش لە 16/ ئاداری 1988، هه‌ر بۆیه سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه له ناو وه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا ده‌بێ بخوێنرێنه‌وه، ئه‌گینا نه هۆکار و نه برین و نه تاوانباران، ناناسرێنه‌وه.
بێده‌نگیکردن له کاره‌ساتی سه‌رده‌شت له‌ناو کایه‌ی دیسکۆرس و گوتاری ئه‌ویتردا (به‌عس و ئێران) مانا ده‌کرێته‌وه. ئێرانییه‌کان هیچ کات ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یان به ئه‌ده‌بیاتی میدیایی و فه‌رمیی خۆیان "ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران" که‌وتووه، زه‌ق نه‌کرده‌وه، ئه‌مه تا ئێستەیش به‌رده‌وامه /ئه‌گه‌رچی حه‌سه‌ن ڕۆحانی له دواساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا به ئامانجی سیاسی و میدیایی باسی له‌سه‌ر کرد.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وردتر باسی ڕووداوه‌که بکه‌ین، ده‌بێ بڵێین حه‌وت بۆمبی کیمیاوی له سه‌رده‌شت درا که چوار بۆمب له‌ناو شار و سێ بۆمبیش له باخه‌کانی ده‌وروبه‌ری دا و بۆمبه‌کان له جۆری خه‌رده‌ل بوون، که کاریگه‌رییه زیانباره‌کانی تا کۆتایی ته‌مه‌ن به‌سه‌ر جه‌سته و گیانی بریندارانه‌وه ده‌مێنێته‌وه.
به هه‌موو ئه‌مانه‌وه، له ئێران جگه له که‌ناڵێکی میدیایی ناوخۆیی شارێك، ڕووماڵێکی وای بۆ نه‌کرا و برینی سه‌رده‌شت شاردرایه‌وه. له حاڵێکدا که له 15ی نه‌ورۆزی ساڵی 1984 شاندی دیپلۆماتکارانی چه‌ندان وڵات له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بانگهێشت کران تا ئه‌و بۆمبه کیمیاییانه‌ی ڕژێمی به‌عس ببینن که دژی "ره‌زمه‌نده" و سه‌ربازه‌کانیان به‌کار هێنران و له 13ی نه‌ورۆزی ساڵی 1985یشدا شاندێکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ بریندارانی چه‌کی کیمیایی له جه‌نگی ئێران-عێراق، دانیشتن، به‌ڵام دوای ڕووداوی سه‌رده‌شت هیچ لایه‌نێک باسی سه‌رده‌شتی نه‌کرد و هیچ ڕیکخراو و شاندێكی نێودەوڵەتیش سه‌ردانی سه‌رده‌شتی نه‌کرد!
ئه‌مه کایه و سیاسه‌تی ئێران بووه که سه‌رده‌شت له‌ناو دووکه‌ڵی کیمیایی و بێده‌نگیدا بخنکێت، چونکه هه‌م ناوچه‌ی سنووری بوو و هه‌میش هێزه چه‌کداره کوردییه‌کان بۆ ئامانجه نیشتمانییه‌کانی خۆیان له‌وێ خه‌باتیان ده‌کرد و ئێران نه‌یده‌ویست هیچ جۆره ده‌رکه‌وتنێک به کوردانی خه‌باتگێڕ بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ڕێگه و به سۆنگه کوردانی کیمیاییلێدراو و قوربانیش بێت، له‌م چرکه‌ساته‌دا کورد نه‌بوونی باشترین شته بۆ ئێران. هه‌ر بۆیه له دووتوێی ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا سه‌رده‌شت به ته‌واوی خرایه ناو کایه‌ی سیاسیی و میدیاییه‌وه و برین و ئازاری خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی بێ‌تاوان تا ئێسته‌یش به ڕاده‌ی پێویست نه‌ناسراوه و نه‌بینراوه و ئاوڕی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه.
خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که دواتر ئێران سه‌رده‌شتی له ئاستێکی نیوه‌چڵدا له میدیاکاندا ناساند و بۆ پێناسه‌کردنی ڕه‌نجی ئێران و هێزه‌کانی ئێران و دروستکردنی ئه‌م وێنایه که ئێران قوربانیی شه‌ڕێکه که هه‌ندێ زلهێز به پشتیوانیی سه‌دام حسێن به سه‌ریاندا سه‌پاندووه، به‌کاری هێنا. ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی و ئایدۆلۆجی ئێرانی‌بوون و عێراقیبوون ده‌لاله‌ت له کایه‌ی سه‌ره‌کیی و ڕوونی ئه‌و دیسکۆرسه‌ی "ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر" (ئێران و عێراق) له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و باشوور ده‌که‌ن. هیچکات له میدیای فه‌رمی و ته‌نانه‌ت نافه‌رمی و نیوه‌فه‌رمی ئێرانی‌دا باسی کوردستان وه‌ک جیۆگرافیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ به دانیشتووانێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ نه‌کراوه، به‌ڵکو ئه‌وان له هه‌موو حاڵه‌تێکدا ئێرانی‌بوون و ئێرانی ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه کاتێک وێنه کۆمێدی و تراجێدییهکانیان هاوکات ئاشکرا ده‌بێت که ته‌نیا که‌ناڵێکی سه‌ربه پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا دێت له‌سه‌ر بریندار و قوربانیانی کاره‌ساته‌که قسه ده‌کات، که ئه‌وان به فارسییه‌کی خواروخێچ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی کڕووزانه‌وه و داماوییه، نیوئه‌وه‌نده هاوارکردن بۆ مافی خۆیان نییه! ئه‌مه له حاڵێکدایه که بۆ سه‌رده‌شتییه‌کان نه‌ک ته‌نیا هیچ هه‌وڵێکی دیار بۆ چاره‌سه‌ری برینداره‌کان نابینرێت و هیچ هه‌وڵێکی نیازپاکیش بۆ ناساندنی وه‌ک یه‌که‌مین شارێک که پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م کیمیاباران کراوه به‌دی ناکرێت، به‌ڵکو ئێسته‌یش کراوه به مۆڵگه و بنکه‌ی ته‌راتێنی هه‌ندێ قاچاقچی دژه کورد و دژه کۆمه‌ڵگە که لەلایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه هیچیان پێ ناوترێت.
ئه‌گه‌رچی یاسا و سیستمی دادوه‌ریی ئێرانی له به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره چه‌کهه‌ڵگرتن و چهکداربوونێك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندی ده‌بێت و وه‌ک تاوانێک دژی ئاسایشی وڵات چاوی لێده‌کات، به‌ڵام له ڕووداوه‌کانی ساڵی پاری سه‌رده‌شتدا بینیمان کۆمه‌ڵێک چه‌ته و ده‌سدرێژیکار به چه‌که‌وه بۆ ساڵانێکی زۆره ڕێ له خه‌ڵک ده‌گرن و ئازاریان ده‌ده‌ن و به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن، ساڵی پار په‌یجی فیمینیزمی کوردی هه‌ندێ گرته‌ی ڤیدیۆیی و هه‌ندێ دانپێدانانی قوربانیانی بڵاو کرده‌وه و زۆر شتی خسته ڕوو، به‌شێک له چالاکنیی مه‌ده‌نیی ئه‌و شاره‌یش هاتنه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، به‌ڵام ئایا گوێیان به برینه‌کانی سه‌رده‌شت دا؟
به‌ڕای من ئه‌وه هه‌وڵێکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراوه که شارێکی سنووریی خه‌باتگێڕی وه‌ك سه‌رده‌شت هه‌م له ڕه‌هه‌ندی قوربانیبوون به مه‌به‌ستی مافخوازیی داته‌کێنن و هیچ شوناس و ڕه‌مزێکی له‌ناو ڕووداوه‌کانی جه‌نگدا وه‌ک کورد بۆ نه‌بینرێته‌وه و هه‌میش بیکه‌ن به شوێنی ته‌راتێنی هه‌ندێ جه‌رده و ڕێگر و مافیا تا ڕووخساری ئازارلێکهوتووی سه‌رده‌شت له ڕێی ئه‌و وێنه قێزه‌ون و دژه‌کۆمه‌ڵایه‌تی و ناباوه‌وه بشارنه‌وه.
له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ناساندنی ڕاسته‌قینه‌ی برینه‌کان و قوربانیانی چه‌کی کیمیایی، به‌رگریکردن نییه له گوتاری کوڕوزانه‌وه و لاڵه و بۆڵه، به‌ڵکو لێدانه له‌و توندئاژۆیی و دڕنده‌یی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تی و مافیا و قاچاخچیانه‌ی که وێنه‌یه‌کی دیکه ده‌ده‌ن به سه‌رده‌شت، شارێك هه‌م جێی فولکلۆر و حه‌یران و حه‌کایه‌ته عاشقانه کوردییه‌کان بووه و هه‌میش جێی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و عاریفان بووه، له ململانێیه‌کدا چه‌پێنراوه که به شێوه‌یه‌کی نه‌رم و درێژماوه، سیاسه‌تی "قوربانییه‌کان جه‌لادن" پراکتیزه ده‌کات له ڕای گشتیدا، ئه‌مه‌یش به هه‌موو هه‌وڵ و چالاکییه‌کی میدیا فه‌رمییه‌کانیاندا دیاره.
له ڕۆژژمێری فه‌رمیی ئێران‌دا 7ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ وه‌ک ڕۆژی هێزی دادوه‌ری ناو نراوه، له حاڵێکدا ڕووداوی سه‌رده‌شت له‌و ڕۆژه‌دا و هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ری، ده‌شێ که‌مێک دادوه‌ری بگه‌ڕێنێته‌وه ناو جیهانێکی پڕ برین، به‌ڵام ئه‌مه ناکرێت چونكە سه‌رده‌شت ته‌نیا وه‌ك جیۆگرافیا و خاک ده‌بینرێت، ته‌نیا وه‌ک سنوور و شوناسێکی ماتریاڵ بۆ جیۆگرافیایه‌ک به ناوی ئێران!
لێره‌دا پێوه‌ستبوونی برین و ئازاره‌کانی جه‌سته‌ی کورد به ململانێ و کایه‌ی سیاسیی، زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و ده‌بێت به‌ره‌و ئه‌م ڕاستییه بمانبات که نه هه‌ڵه‌بجه شارێکی عێراقییه و نه سه‌رده‌شتیش شارێکی ئێرانییه، به‌ڵکو هه‌ردوو شاره برینلێکهوتووەكە کوردستانین و ته‌نیا له‌ناو جیۆگرافیایه‌کی ده‌سکرددا جێیان بووه‌ته‌وه، ئه‌گینا هیچ وڵاتێک له ئاستی هاووڵاتی و ڕۆڵه‌کانی خۆی ئه‌مه ناکات! ئه‌م دۆخه به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵگۆسته‌ی ئه‌وه‌ی لێ بکرێت که ئێمه چاوه‌ڕوانی لا چاوێکی ئێران و ئێرانییه‌کان بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری! واته سه‌رده‌شت ته‌نیا ده‌لاله‌ت و پێگه‌یه‌کی جیۆپۆڵه‌تیکی هه‌یه بۆ ئه‌وان و به‌س، نه‌ک هیچی دیکه.
ئێران ته‌نانه‌ت هه‌موو کات له ڕووماڵی کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئەو شارە به شارێکی عێراقی ناو بردووه و هه‌ر به‌هۆی ئه‌و دیدگا هاوبه‌شه‌ی له‌گه‌ڵ به‌عس واته "سه‌رده‌ست/ژێرده‌ست" له هه‌مبه‌ر کورد، بابه‌ت و مژاره‌که‌ی ته‌واو به ئاڕاسته‌یه‌کی تردا بردووه و له چوارچێوه‌یه‌کی دیکه‌دا بیچمبه‌ندی و جه‌مسه‌ربه‌ندی کردووه، چوارچێوه‌یه‌ک که به گه‌ردیله‌یه‌ک ده‌لاله‌ت بۆ بوون و کیانێکی له‌سه‌رپێ و هێزه‌کی به ناوی کورد نه‌کات! بۆیه ئێران له گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک قاره‌مان له ڕزگارکردنی بریندارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ناسێنیت، ئه‌و پرسیاره‌یش وه‌ک پرسیاری جه‌وهه‌ریی ده‌خاته ڕوو که بۆچی سه‌دام حسێن وای له هاووڵاتیانی خۆی کردووه و شارێکی عێراقیی کیمیاباران کردووه؟
ئه‌و له ڕێگه‌ی ئه‌م نواندن و گێڕانهوهیەوە ده‌یه‌وێت به به‌رده‌نگ و بینه‌ری ئێرانی بڵێت شتێک به‌ناوی کێشه‌ی کورد له عێراقدا نه‌بووه، بیر له مێژوو مه‌که‌نه‌وه، شه‌ڕ و شۆڕش هه‌رگیز له کوردستان نه‌بووه و ئه‌مه هه‌ندێ کێشه‌ی ناوخۆیی عێراقه! به‌م شێوه‌یه فایلی کوردی وه‌ک فایلێکی لاوه‌کی له زه‌ینی ئێرانییه‌کاندا چه‌سپاندووه و له ئه‌نجامدا ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی جێ خستووه که له هه‌ر کوێ کورد هه‌بوو. شاخ و کێو هه‌یه و له هه‌ر کوێ شاخ و کێو و کورد هه‌بوون، تفه‌نگ هه‌یه و له هه‌ر کوێ هه‌موو ئه‌مانه هەبوون، مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران هه‌یه!
ئامانج له‌م باسه ئه‌وه‌یه سه‌رده‌شت ڕێک قوربانی کوردبوونی خۆیه‌تی، به‌و مانایه‌ی به‌هۆی کوردبوونه‌وه درێژه‌ی پاکتاوکردن و قڕانکردنی به‌سه‌ردا سه‌پا له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه و له‌لایه‌ن ئێران و وڵاتانی دنیایشەوە چاوی به‌سه‌ردا نوقێنرا و چه‌ند مانگ دوای ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌بجه ڕووی دا، ئه‌گه‌ر وانییه بۆچی هیچ شار و گوندێکی ئێران جگه له ناوچه کوردنشینه‌کان به‌ر کیمیایی نه‌که‌وت؟ یان جه‌بری جیۆپۆڵه‌تیکه یان پرۆژه‌یه‌کی پاکتاوکردن که له‌ناو هه‌مان جه‌بر و بازنه‌دا مانا وه‌رده‌گرێت که له هه‌ر حاڵه‌تدا هیچ له قووڵایی تاوان و کاره‌ساته‌که که‌م ناکاته‌وه.
ئه‌نجامی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه که باسکردنی سه‌رده‌شت و زامه‌کانی به‌ده‌ر له ئازاری کوردبوون و دۆخی کوردبوون، شتێکی هه‌ڵه‌یه و سه‌رده‌شت له‌ناو بازنه‌ی شه‌ڕی ئێرانی-عێراقیدا مانا ناگرێته خۆی، به‌ڵکو له پاڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا و له ڕێڕه‌وی خه‌باتی سیاسیی و سه‌ربازیی کورد بۆ مافه‌کانی، مانا وه‌رده‌گرێت. هه‌ر هه‌وڵێک به‌ده‌ر له‌مه، سه‌رده‌شت و زامه‌کانی پێناسه بکات، تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی ئاڵۆز بووه له خوێندنه‌وه و ڕیزکردنی ڕووداوه‌کان و ده‌رهاوێشته و لێکه‌وته‌کانی، ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بووایە، سه‌رده‌شتییه‌کان لانیکه‌م به کوردی له میدیاکانی ئێران‌دا مانیفێست ده‌کران!
ئێران قه‌ت نه‌یده‌ویست هیچ شاند و لایه‌ن و که‌سێکی بیانی و ته‌نانه‌ت ناوخۆییش بزانێت ئیراده‌یه‌ک هه‌یه به ناوی کورد و بۆ کوردایه‌تیی تیده‌کۆشێت، بۆیه تا ئه‌مڕۆ برینه‌کانی سه‌رده‌شت زوخ و کێمی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌مه قوربانینواندن و حه‌ز بۆ ده‌رکه‌وتن له پله‌ی قوربانیدا نییه، به‌ڵکو فامکردنی پرۆژه‌یه‌کی سیاسییه که ده‌یه‌وێت برینه‌کان به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و ئایدۆلۆجیای خۆی ببات و جیهان و به‌رده‌نگ و بینه‌ری پێ سڕ و به‌نج بکات.
عادڵ قادری
سەرچاوە: wishe