شەش مانگ لەمەوبەر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەژادپەرستی تورک (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری کێشەی کورد راگەیاند؛ داوای کرد زەمینەی ئەوە بڕەخسێندرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەک لە دوورگەی ئیمراڵییەوە بهێندرێتە پەرلەمانی تورکیا و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بدات.
ئەو هەڵوێستەی باخچەلی بۆ رای گشتیی کورد و تورک، جێی تێڕامان بوو؛ چونکە ئەو بە درێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی کورد، پارتەکەشی لە دیدێکی رەگەزپەرستانەوە نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد. وەکو تیرۆر لە کێشەی کوردیان دەڕوانی. زۆرجار لەناو پەرلەمان بە پەرلەمانتارە کوردەکانی دەگوت، تیرۆریست و داوای دەکرد، دەبێت شوێنی ئەوانە زیندان بێت، نەک هۆڵی پەرلەمان؛ بۆیە گۆڕینی هەڵوێستی لەناکاوی باخچەلی و پارتەکەی، بۆ کەسانێک سادەترین ئاگایی سیاسییان هەبووبێت، جێی گومان بوو.
هەرچەندە لەم 6 مانگەدا جۆرێک لە کرانەوە بەڕووی کورددا هەیە، تاوەکو ئەندازەیەک گۆشەگیرییەکەی سەر ئۆجەلان کەمکراوەتەوە و چەند جارێک وەفدی دەم پارتی سەردانیان کردووە، پەیام و راگەیێندراوی ئەویان لە زیندانەوە هێناوە بۆ رای گشتی، بۆ قەندیل و سەرکردەکانی باشووری کوردستان. ئۆجەلانیش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتار و دەستپێکردنی قۆناخێکی تازەی پێکەوەیی کورد و تورک لەو وڵاتە. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەک داوای لە تورکیا کرد زەمینەی ئاشتی و چارەسەری یاسایی و دیموکراتییانەی کێشەی کورد بڕەخسێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستن.
سەرباری ئەوەی لە چرکەساتى دەستپێشخەرییەکەی باخچەلییەوە، ئەردۆغان وەکو سەرۆککۆمار و هاوپەیمانی باخچەلی لە حکومەت، پشتیوانیی بۆ گرتنەبەری رێگەی ئاشتی و دیموکراتییانە دەربڕی، بەڵام لەڕووی کردارییەوە هێرش و پەلامارە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە بۆ یەک رۆژیش نەوەستاوە.
تەنانەت دوای ئەوەی پەکەکە ئامادەیی بۆ بەپیرەوەچوونی بانگەوازەکەی رێبەرە زیندانیکراوەکەیان دەربڕی، کە ئامادەی بەستنی کۆنگرەن بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و داوای ئەوەیان کرد، دەبێت زەمینەی شەڕ بگۆڕێت بۆ زەمینەی ئاشتی تاوەکو پەکەکە بتوانێت کۆنگرە ببەستێت، بەڵام تورکیا بە تۆپ و تەیارە و شەڕی سەنگەر هەر بەردەوامە لە درێژەپێدانی هێرش و پەلامارەکانی.
تورکیا لە گوتاری میدیایی و سیاسییشیاندا ئێستا هیچ دەستەواژەیەک بۆ پرسی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی بەکار نابەن، بەڵکو هەموو سەرنجیان خستووەتە سەر یەک دەستەواژە، کە ئەویش (تورکیای نوێ، تورکیای بێ تیرۆر)ە. ئەمەش هێندەی دیکە ئەو گومانانەی زیاتر کردووە کە تورکیا هەر لە سەرەتاوە راستگۆ نەبوو لەگەڵ ئەم پرسە و مەبەست و ئامانجێکی شاراوەیان هەبووە، ئەوەی ناویان نابوو پرۆسەی ئاشتی، هەنگاوێکی تاکتیکی بووە.
ئەوەی من لێی دەترسم و لە سەرەتاوە گومانم لەم پرۆسەیە هەبوو، دووبارەبوونەوەی مێژووی سەردەمی سایکس پیکۆیە. چەند جارێکیش لە گوتار و بۆچوونەکانمدا ئەوەم خستووەتەڕوو، کە هەست بە شتێکی شاراوە دەکەم و ئێمەی کورد لێی بێئاگاین. بۆیە روون و راشکاو دژی ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بووم کە داوایان دەکرد دەبێت پەکەکە چەک دابنێت.
110 ساڵ لەمەوبەر (1915 - 1916) تیمێکی دیپلۆماتکاری فەرەنسی و بەریتانی کە پێکهاتبوون لە (فرانسوا جۆرج پیکۆ، دیپلۆماتکاری فەرەنسی و مارک سایکس دیپلۆماتکاری بەریتانی) نەخشەیەکیان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، بەتایبەتی ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئامادە کرد، دواتر لە پەیماننامەیەکدا بەناوی رێککەوتنی (سایکس پیکۆ) بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاگاداریی رووسیا و ئیتاڵیا، پەیماننامەکەیان واژۆ کرد. ئەوکاتەی ئەم تیمە نەخشەکەیان داڕشت، نە رای گشتی و نە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئاگاداری ئەم پلانە نەبوون؛ چەند ساڵێک دوای ئەوە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، پلانەکەیان خستە واری جێبەجێکردنەوە.
ترسەکەی من ئەمەیە کە بەدووری نازانم تورکیا ئاگاداری سیناریۆیەکی لەو جۆرە بێت بۆ گۆڕانکاری و نەخشەی داهاتووی ناوچەکە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە، چونکە لەسەر ئەرزى واقیع هیچ کات وەکو ئێستا هەوڵەکانی چڕ نەکردووەتەوە بۆ گۆشەگیرکردنی کورد، بەڵام لە میدیاشدا لە زاری سەرۆککۆمار و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی وڵاتەوە زۆرترین لێدوان دەدەن دەربارەی برایەتیی کورد و تورک. تەنانەت ئەو تابۆیانەشیان تێپەڕاندووە کە پێشتر نەک هێڵی سوور، بگرە وەکو کوفر وابوو، باسی ئەوە بکرێت کورد مافی بەسەر دەوڵەتی تورکیاوە هەیە، ئێستا دەڵێن تورکیا چەند موڵکی تورکە، هێندەش موڵکی کوردەکانە.
ئەم بەناو پرۆسەی ئاشتییە کە لەژێر تۆپ و تەیارە و درۆن و هێرشی سەربازیدا بەڕێوەدەچێت، وەکو سیناریۆیەکی چەواشەکارانە دەیبینم بۆئەوەی کورد لەو ئەگەری گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بێبەش و بێماف بهێڵنەوە، بە پاساوی ئەوەی کێشەیان لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات.
تەنانەت ئەوەی بەرانبەر بە ئۆجەلانیش پەیڕەو دەکرێت، کە تا 6 مانگ لەمەوبەر چەندین ساڵ خرابووە ژێر گۆشەگیرییەوە و رێگە نەدەدرا ماڵبات و پارێزەرەکانیشی بیبینن، ئێستا تەنانەت بۆ رێکخراوەکانی لاوان و ژنانیش پەیامی هەیە، ئەو کرانەوەیە لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و ئەوەی لە ئیتاڵیاش هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، کە ناسنامەی فەخریی وڵاتەکەیان بەخشی بە ئۆجەلان، جێی تێڕامانن. 25 ساڵ لەمەوبەر کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رووی کردە ئیتاڵیا، لە ئەورووپا و ئیتاڵیا بە سەدان هەزار کورد خۆپێشاندانیان دەکرد بۆ پشتیوانیکردنی ئۆجەلان و دروستکردنی گوشار لەسەر ئیتاڵیا، تاوەکو مافی مانەوەی پێ ببەخشێت، هیچ وڵاتێکی ئەورووپی ئامادە نەبوون دەرگای بەڕوودا بکەنەوە. ئەمڕۆ بێ ئەوەی هیچ کەس بە ئاشکرا ئەو داوایەی لە ئیتاڵیا کردبێت، کە هێشتا ئۆجەلان لە زیندانی تورکیایە و ئیتاڵیا رەگەزنامەی پێ دەدەن، جێی پرسیارە.
پێویستە کورد لە هەموو بەشە داگیرکراوەکانی جوگرافیاکەی و بە دیاریکراویش لە باکووری کوردستان، کە بە تورکیاوە لکێندراوە، زۆر بەئاگا بن نەکەونە داوی تورکەکانەوە. هیچ متمانەیەکم بەوە نییە ئەوەی تورکیا دەستی پێکردووە ئامانجەکەی بۆ چارەسەری پرسی کورد بێت لەو وڵاتە. بە کورتی و کوردییەکەی، وای دەبینم ئەم ماستە موویەکی تێدایە و ئەگەر کورد زۆر ورد و وریا نەبێت، مووی ناو ئەو ماستەی تورکیا دەیخنکێنێت.
سەرچاوە : ڕووداو