رۆژی شەممە 16/7/2022 لە کۆڵنی ئەڵمانیا رێکخراوی ئامێز بۆ ئاوێتەبوونی کولتوری کوردی و ئەڵمانی سیمینارێکی بۆ سەرنووسەری گۆڤاری تەوار خاتوو کنێر عەبدوڵڵا رووناکبیر و نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان رێکخست.
لە سیمینارەکەدا بەدەر لە دۆخی ژن لەڕووی دەستکەوت و ئاڵەنگارییەکانەوە کە رووبەڕوویان دەبێتەوە؛ تیشک خرایە سەر هەوڵی رێکخراوەکانی ژنان بەگشتی و خستنەڕووی پڕۆژە و کارەکانی یەکێتیی ژنانی کوردستان بەتایبەتی. هەروەها باس لە دۆخی ژنان و خێزانی پەنابەر کرا لە ئەڵمانیا و کاریگەری و جیاوازییەکانی خرایەڕوو بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان، پاشان جەخت لە خەباتی ژنان وەک خەباتێکی مەدەنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، بۆ فەراهەمکردنی ماف و بەرجەستەبوونی کۆمەڵگەیـەکی مرۆڤـــدۆسـت کرایەوە کە ژن و پیاو پێکەوە وەک مرۆڤ بەشدار و هاوکاربن لە بونیادو گەشەی کۆمەڵدا، بێ باڵادەستی و زلهێزی و کۆیلەبوونی لایەک بەسەر ئەویتردا، لەو روانگەیەی پرسی ژنان خەباتی کۆمەڵگەیی و هەمەلایەنی پێویستە؛ نەک تەنها بە ئەرکی ژنان دابنرێت.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا چەپکە گوڵی بەخێرهاتن و سوپاس بەخشرایە کنێر عەبدوڵڵا.
سەرچاوە: knwe