کابرایەک لەو خوارە ڕێبوار تووشی بوو، بە تووشی کابرایەکی ترەوە کە دانیشتووە و نان ئەخوا، ئەمیش چوو سەلامی کرد و دانیشت، کابرا هیچ خوڵکی نەکرد بۆ نان خواردن. ئینجا قاپی قسەی لەگەڵ کردەوە و پێی وت: تۆ ئەزانی من لە لای ماڵی ئێوەوە هاتووم؟ کابرا وتی: ڕێگەکەت بەوێدا بووە! وتی: ژنەکەم چاو پێکەوت، زکی پڕ بوو. وتی: ڕاست ئەکەی کە بەجێم هێشت زکی پڕ بوو! وتی: کە من لەوێ بووم منداڵی بوو. وتی: دیارە ژنی زکپڕ ئەبێ منداڵی ببێ! وتی: دوو کوڕی بوو. وتی: ئەوە دایکیشی هەر دوو دووی ئەهێنا. وتی: یەکێکیان مرد! وتی: وا دیارە دایکی شیری دوو منداڵی پێ نەدراوە. وتی: زۆری پێ نەچوو ئەوی تریشیان هەر مرد. وتی: ئەوە لە خەفەتی براکەی بوو! وتی: پاش ئەوان دایکیشیان مرد! وتی: دیارە یەکێ دوو کوڕی لەسەر یەک بمرێ لە تاوانا خۆیشی ئەمرێ!
تا ئەم قسانەیان کرد کابرا لە نانی خۆی بۆوە و هەمووی خوارد! ئینجا پێی وت: لام وایە نانەکەت بە دەم خۆش نەبوو؟ وتی: ئاخر هەر لەبەر ئەوە بوو کە بەشی تۆم نەدا، وتم با تۆیش تووشی ئەو ناخۆشییە نەبی!