نوری بێخاڵی
سوودان و سوید هەردووکیان دەوڵەتن، هەردووکیشیان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەڵام کە سەیری سیستەمە سیاسییەکەیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانیان دەکەیت، تەڵاقی بارام بەگ کەوتبێت قەت خۆزگە بەوە ناخوازیت بۆ دانە ڕۆژێکیش هاووڵاتیی دەوڵەتێکی وەک ئەوەی یەکەم بیت، کە نە دادی تێدایە نە دیموکراسیەت!
سۆماڵ و سویسڕا هەردووکیان دەوڵەتن، هەردووکیشیان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، وەلێ کە فۆڕمی حوکمڕانی و بژێویی هاووڵاتییەکانیان دەبینیت، ئەگەر لە نێوان بێ دەوڵەتی و بوون بە هاووڵاتیی یەکەمیان سەرپشکت بکەن، تەڵاقی بارام بەگ کەوتبێت، بێ دەوڵەتیت بەلاوە باشترە تا ئەوەی لە سۆماڵ برسێتی و بێدادی بتکوژن!
ئەم دوو هاوکێشەیەی سەرەوە بۆ دووانەی (ئەسیوپیا و ئەڵمانیا، بەنگلادیش و بەلجیکا، تۆگۆ و تایوان، دارفۆر و دانیمارک، سوریا و سەنگافوورە، فیجی و فینلەندا، کەمبۆدیا و کەنەدا، مۆزەمبیق و مالیزیا، نێجیریا و نەرویج)یش ڕاستە!
لێرەوەیە کە پێویست دەکات هەرزەی سیاسی، دەروێشی ئایدیۆلۆژیا، موریدی مەقەڕ و حەپۆلی حیزب، ڕووبەڕووی یەک دوو پرسیاری سادە و ساکار بکرێنەوە؛ بەڵکوو زەین و ئاوەزی بەسەر هەڵبژاردنی وەڵامی دروستدا بشکێت:
باشە ئەگەر دەوڵەت لە دادپەروەری و دیموکراسیەت و دڵنیایی، ناسیونالیزم لە نان و نمەک و نوا، ئاڵا لە ئازادی و ئاسایش و ئاسوودەیی گرنگترە، بۆچی زۆرێک لەو نەتەوانەی دەوڵەتیشیان هەیە (مەبەست نموونەی دەوڵەتانی دووەمی بەراوردی سەرەوەیە!) سەری خۆیان بۆ دەوڵەتانی یەکەم هەڵدەگرن؟ مەگەر لەبەر بێ دەوڵەتی ڕادەکەن؟
ئەی ئەو حەمکە کوردەی هەر چوار پارچەی بێ دەوڵەتی خۆمان، کە سواری کەلی شەیتانی کۆچ و سەرهەڵگرتن دەبن:
بۆچی ناچنە ئەندۆڕا، ئەریتیریا، ئەفغانستان، ئەنگۆلا و ئیکوادۆر؟
لەبەر چی ڕوو ناکەنە بەنگلادیش، بۆڕۆندی، بۆتسوانا، بۆکینیا فاسۆ و بۆرما؟
بۆ پەنا نابەنە بەر گابۆن، گامبیا، گواتیمالا و گانا؟
چۆنە زامبیا، زیمبابۆی، زیربی و زیرنیایان بە خەیاڵدا نایەت؟
بۆ چاویان ناچێتە سەر جامایکا و جیبۆتی؟
ڕاستییەکەی، بابەتەکە باشێتی و جاشێتی، کوردایەتی و کۆیلایەتی، نیشتمانپەروەری و ناپاکیی نییە، بەڵکوو هاوکێشەکە زۆر لەوە سادەترە.
بە کورتی:
کاتێک پرسەکە پەیوەندیی بە بوون و بەها و شکۆی مرۆییەوە هەبێت، هەر مرۆڤێکی برسیکراوی مافخوراو، زەلیلکراوی سەرکوتکراو و بێ نوای پێخاوس، بخەرە بەردەم هەڵبژاردنی یەکێک لە دوو بژارەی (نان و ناسیونالیزم، دادپەروەری و دەوڵەت، شکۆ و شۆڕش) بەدڵنیاییەوە یەکەمیان هەڵدەبژێرێت!
سەرچاوە : خەندان