خوسرەو جاف شاعیر و ڕۆشنبیری دیاری کورد، نوێترین بەرهەمی شیعری بە ناوی (قەلەندەر نامە) بە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوكردەوە.
خوسرەو جاف لە چەناڵی تایبەتی یوتیوبی ئاوازدانەری ناسراوی باشوری کوردستان هەڵكەوت زاهیر بەرهەمی (قەلەندەر نامە)ی بڵاوكردەوە، كە كۆمەڵە شیعرێكن، لە نوسینی خۆییەتی، تەواوی میوزیكەكانی لەلایەن هەڵكەوت زاهیر دانراوە، فەرشاد رۆستەمی كاری ئەڕێنجی بۆ كردوە و لە دەرهێنانی ئەشیر ئەنوەرە.
خوسرەو جاف لە ٢١ی ئازاری ١٩٤٥ لە قەزای كەلار لە دایكبووە، پەیکەرتاش، نووسەر، ڕۆماننووس، شاعیر، سیاسەتوان، نیگارکێش و توێژەرێکی دیاری کوردە، بەشی تەلارسازی لە كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی تاران خوێندووە، ماستەری لە تەلارسازی وەرگرتووە و لە تەمەنی لاویدا بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا كردووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەبێتە پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر لە (٦٠) كتێبی چاپكراوی هەیە، ماڵەكەی وەك مۆزەخانەیەكی بە نرخ وایە، هەروەها بەشێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕدراوەنەتە سەر زمانەکانی دیكە، چەندین خەلاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
سەرچاوە: speemedia