خالد سلێمان
ئێمە هەموومان ئەوە باش دەزانین لە کوردستاندا، جگە لەچەند سایتێک نەبێت کە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، میدیایەک لە ئارادا نیە ناوی میدیای سەربەخۆ بێت و خۆی دەرامەتی خۆی پەیدا بکات. ئەوانەش کە هەبوون و لەبەر بێدەرامەتیی داخران، ئەوانەش کە ماون، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەناڵانەی لەلایەن حزب یان کارەکتەرەکانی ناو حزب و حکومەتەوە سەرچاوەی داراییان بۆ پەیدا دەکرێت، کاریگەرییان زۆر کەمەو بە توانای مرۆیی و ماددی دیاریکراوەوە، بەرگەیان گرتوە.
لێرەدا نامەوێ قسە لەسەر میدیای سەربەخۆو میدیای حزبیی بکەم، بەقەدەر ئەوەی دەمەوێ ئاماژە بۆ بەرپرسیارێتییەک بکەم بەرامبەر سەقامگیریی کۆمەڵگەو جۆرێک لە ئاشتی، کە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان خۆیەتی و فەزڵی سیاسەت و سیستمی حوکمڕانی بەسەرەوە نیە.
ناتوانم بڵێم هەموو میدیا حزبییەکان، یان ئەوانەی کە کاراکتەری حزبی و حکومی دەست ڕۆیشتوو سپۆنسەریان دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی میدیای موخابەراتیی لە کوردستاندا هەن، لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییی داماڵراون، ڕۆژانە ژەهری ڕق و کینە دەڕێژن و لەو بڕە کەمەی ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەدەن کە هەیە.
بەبێ هیچ بەربەستێکی ئەخلاقی پیشەیی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر تاک و گروپەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەوەی بەرژەوەندی و خەیاڵی موخابەرایەتییان مەزەندەی بکات، دەیهۆننەو بڵاوی دەکەنەوە. لە کاتێکدا کوردستانی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێوستیی بەوەیە ئەو سەقامگیرییە شلۆقەی کە هەیە، پارێزراو بێت.
سەرچاوە : خەندان