ژەنەڕاڵی پایز لە بەرلین بوو بڵاوکرایەوە

لە دووتووێی 102 لاپەڕەدا کتێبی «ژەنەڕاڵی پایز لە بەرلین بوو» نووسینی چیرۆکنووس «بەکر حەسەن» چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە کۆمەڵە چیرۆکە و یەکێکی ترە لە بڵاوکراوەکانی «دار الثقافة والنشر الکوردیة». 
چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە بریتین لە: «دادگای گوڵ، دوا عیشق لە گۆڕستان، ئەو پیاوەی لووتی خیانەتی لێکرد، منی بکوژ، سەرمەند مەردانی چیرۆکنووس، سۆفی حامیش بە بۆن کەوت، ژەنەڕاڵی پایز لە بەرلین بوو، تای غوربەت، میتسی خانم، شیلەخانم».
لە بەشێکی چیرۆکی «ژەنەڕاڵی پایز لە بەرلین بوو» هاتووە: رۆژێک لە رۆژە گەرمەکانی ئابی شاری بەرلین بوو، بۆ پیشانگەیەکی تایبەت بە ڤان کوخ بەڕێکەوتم، ڤان کوخ ئەو هونەرمەندە بووە کە خۆی خۆی کوشتووە و دەشڵێن گوایە پارچەیەک لە گوێچکەی خۆی بڕیوە و ناردویەتی بۆ ئەو ژنەی کە خۆشیویستووە.
لەبەشێکی تری چیرۆکەکەدا هاتووە: بڕیاری چوونم بۆ پیشانگەکە بەر لەو رۆژە بە سێ هەفتە دابوو، ئەوەش لە دوای گریانێکی بە کوڵ و گەرم بەسەر مەرگی یەکێک لە هاوڕێ شاعیرەکانمدا کە لە نیشتمان خۆی کوشتبوو! بەڵام هاوڕێکەی من وەک ڤان کوخ بە فیشەک خۆی نەکوشتبوو، بەڵکو ئەو خۆی بە بنمیچی ژوورەکەیدا خۆی هەڵواسیبوو، بە مانا خۆی لە سێدارە دابوو!.

 

 

سەرچاوە: knwe