سیزیف به‌رده‌كه له‌سه‌ر شانی داده‌نێت و به‌ره‌و لووتكه هه‌ڵده‌زنێت، جارێكی‌تر به‌رده‌كه غلۆر ده‌بێته‌وه دامێن و جارێكی دی و دی و دی... ژیان هه‌ڵدێرانه به پووچیدا، رۆژگارێك ده‌ژین پێده‌چێت رۆژی خۆمان نه‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی خۆمان خول ده‌خۆین و پێی نازانین، له‌م زه‌مه‌نی چینه ئهرستۆكراتییهدا له جێی كه‌سانی دیكه ده‌ژین و له جێگای ئه‌وان نان ده‌خۆین و ده‌خه‌وین، به چاوی ئه‌وان ده‌نۆڕین، به گوێی خۆمان نا به گوێی ئه‌وان ده‌ژنه‌وین، ته‌نانه‌ت له جێی ئه‌وان عاشق ده‌بین، له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌ر بمانه‌وێ ده‌توانین له‌بری ئه‌وانیش بنووسین، لێ به ناوی ئه‌وانه‌وه.
ده‌میرتاش له‌بری گه‌لێكی ژێرده‌سته ده‌نووسێت، لێ به ناوی خۆیه‌وه. ئه‌و له ژوورێكی زینداندا چیرۆكێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، كه ئاشنا نییه به هه‌ندێك شوێنی، به‌ڵام كچه‌كانی له‌بری ئه‌و دیڤچوونیان بۆ كردووه و ئه‌میش ده‌یكاته وێنه‌ی رۆمانه‌كه‌ی، لێ جیاوازی ده‌میرتاش و ئه‌وانه‌ی له‌بری ئه‌وان ده‌نووسرێت ئه‌وه‌یه ئه‌م ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات.
(ئه‌فسوون) تازه‌ترین رۆمانی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشه، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و سیاسه‌تڤان، كه فه‌رهاد چۆمانی كردوویه‌تی به كوردی، فه‌رهاد له‌بری هه‌موان ئه‌ركی كێشا، من گه‌ره‌كم نییه كه‌س بكه‌م به پاڵه‌وانی نووسینه‌كه‌م، لێ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌سانێك هه‌ن شه‌ونخونی ده‌كه‌ن تا به‌رهه‌مێك بگات به ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێبینیم له هه‌ندێك شوێندا هه‌یه له رووی وه‌رگێڕان و هه‌ڵه تایپییهكانهوه كه ناكرێت له شاكارێكی ئاوادا رووبده‌ن، لێ كۆی پڕۆسه‌كه بۆ من جێگای ده‌ستخۆشی و بایه‌خه، هه‌رچه‌نده پێشتریش گوتومه ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕاندا هه‌ندێك بنچینه‌ی ئه‌ده‌بی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام پێموایه چۆمانی به ئه‌مانه‌ته‌وه ته‌رجه‌مه ده‌كات و ده‌قه‌كه و شێوازه‌كه‌ی نووسه‌ر له‌به‌رچاو ده‌گرێت و نایشێوێنێت.
له‌م نووسینه‌مدا گه‌ره‌كم نییه زۆر له‌سه‌ر زمانی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بدوێم، چونكه شاره‌زایی من ته‌نها له زمانه وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی نووسینهكهدایه نه‌ك ئه‌وه‌ی پێی نووسراوه، تا بتوانم به‌راوردێك بكه‌م. له‌سه‌ر رۆمان به زمانی دووه‌م ده‌دوێم و چه‌ند وێستگه‌یه‌ك هه‌یه گه‌ره‌كمه تێیاندا له وێنه گه‌وره‌تره‌كان بنۆڕم و له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا به‌شیان بكه‌م. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر تاقه‌تتان هه‌بێ بخوێننه‌وه، چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌دا خوێنه‌ر ئاره‌زووی نووسینی كورت و ده‌قی كورتی هه‌یه، هه‌ر وه‌ك چۆن تایپێك له خوێنه‌ران دروست بوون دوای خوێندنه‌وه‌ی په‌ره‌گرافێك له رۆمانه‌كه بڕیار له‌سه‌ر كۆی پڕۆژه‌ی نووسین و وهرگێڕانهكهش ده‌ده‌ن.
ته‌كنیكێكی ئاڵۆز
ده‌میرتاش له ئه‌فسوون جیاواز له له‌یلان ته‌كنیكێكی دیكه‌ی نووسین به هزرمان ئاشنا ده‌كات، ته‌كنیكێك ئاڵۆز، وه‌ك ئه‌و په‌تی كۆلارهیهی به ده‌ستی منداڵێكه‌وه ئاڵۆزكاوه، خوێنه‌ر كاتێك ده‌ست به خوێندنه‌وه ده‌كات، ده‌بێ خۆی ئاماده كردبێت، ژیانی قورسی رۆژانه‌ی وه‌لا بنێت و له‌بری جانه‌ر بژێت، ده‌بێت دایكی وه‌ك مه‌رجان وێنا بكات، جیاواز له‌مانه ده‌میرتاش وه‌ك هه‌موو جارێك باس له زمان، مێژوو، هونه‌ر و سیاسه‌ت و ژن و زیندان ده‌كات.
ده‌میرتاش بۆ ئه‌فسوون سوودی له بنه‌ماكانی پووچگه‌رایی وه‌رگرتووه كه دواتر له‌سه‌ری راده‌وه‌ستین، كۆی گشتی پڕۆژه‌كه به‌شێوازێكی تراژكۆمیدی داڕێژراوه و له لووتكه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی تراژیدیدا دیالۆگێكی كۆمیدی بزه ده‌خاته سه‌ر لێوی خوێنه‌ر، رووداوه‌كان به شێوه‌یه‌كی ورده‌كارانه چنراون و سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی رووداوه‌كانی تێدا رووده‌ده‌ن روون و ئاشكران، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به ئێستا و به‌وردی كاری له‌سه‌ر كراوه.
ده‌وران ئه‌و خولیایه‌ی زیاتر كرد
له سه‌ره‌تای هه‌ر نووسینێكه‌وه چه‌ند پرسێك دێته‌ئاراوه، بۆچی ئه‌فسوون؟ رۆمانه‌كه هه‌ڵگری چ خه‌سڵه‌تێكه؟ له هه‌ناویدا چی حه‌شار داوه تاوه‌كو ببێته هه‌وێنی نووسینێك؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری یه‌كه‌م تا راده‌یه‌ك ئاسانه: بۆچی ئه‌فسوون؟ وه‌ك خوێنه‌رێك كاتێك سه‌حه‌رم خوێنده‌وه ده‌میرتاشی نووسه‌رم خۆش‌ویست، هه‌وڵمدا زیاتری له‌باره‌وه بزانم ده‌وران ئه‌و خولیایه‌ی زیاتر كرد و له‌یلانیش دواتر بوو به هه‌وێنی خوێندنه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه، بۆ من دنیابینی ده‌میرتاش دنیایه‌كی جیاواز و سهرنجراكێشه، پڕاوپڕه له كێشمه كێشه‌كانی ژیان، ئه‌و شێوازه‌ی پێی ده‌نووسێت بۆ من چێژبه‌خشه، زیاتر ئاشنام ده‌كات به وڵاتێك كه به‌شێكی هاوزمانهكانم ده‌چه‌وسێنێته‌وه، ئه‌فسوون بۆ من شاكارێك بوو تینوێتی هزر و رامانمی شكاند، یاده‌وه‌رییه‌كی له مێژینه‌ی له شێوازی نووسین له فیكرمدا له خه‌و راچڵه‌كاند، ئه‌فسوون جوانی و ناشیرینییه‌كانی له‌یه‌ك كاتدا نیشاندام، تووڕه‌یی و پێكه‌نین، له ته‌نیاییدا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كاندا ژیام، راڕابووم و له جه‌نجاڵیدا له‌گه‌ڵیاندا بیرم كرده‌وه.
یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی كه رۆمانی ئه‌فسوونی له‌سه‌ر داڕێژراوه شێوازی تراژكۆمیدییه، گێڕانه‌وه‌ی رووداوه تراژیدییه‌كان به‌شێوازێكی كۆمیدی، دیالۆگه كۆمیدییه‌كان له لووتكه‌ی گێڕانه‌وه‌ی تراژیدیادا هه‌ن، تراژكۆمیدی یه‌كێكه له‌و ژانرانه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌بێت به‌كارامه‌یی و شاره‌زایی كاری له‌سه‌ر بكرێت و نه‌كه‌وێته بارودۆخێكی گاڵته‌جاڕییه‌وه، ده‌میرتاش وه‌ستایانه كاری له‌سه‌ر ئه‌م فۆرم و شێوازه كردووه ته‌نانه‌ت كاتێك وه‌سفی شار ده‌كات و به‌راوردێك له نێو كووچه ههژارنیشینهكان و ته‌لاره به‌رزه‌كان ده‌كات كۆمیدیا له‌بیر ناكات ‹›هه‌رچی منم پێم وابوو ئه‌مانه... بێ ئه‌ده‌به‌كانی شاربوون، باقی شاریان...›› كاتێك جانه‌ر له زمانی خۆیه‌وه باس له منداڵی خۆی ده‌كات و گه‌وره‌بوونی له نێو كۆڵانه په‌راوێز خراوه‌كان وێنه ده‌كات وێنه‌ی جانهرێكی زۆڵ و نووسینه تراژكۆمیدییهكانی سه‌ر دیوارهكانمان نیشان ده‌دات و ئه‌و قسانه‌ی به‌ناوی گه‌وره بیرمه‌ندانه‌وه كراون به‌شێكی دیكه‌ی دیوه تراژیدییهكهمان به كۆمیدیا بۆ روون ده‌كاته‌وه بۆ وێنه: ‹›هه‌رگیز ده‌ست بۆ ئه‌و دروشمه‌ی له‌سه‌ر دیواری یه‌كێك له خانووه وێرانبووه‌كان «هه‌ر بژی هاوكاری - ماركس» نووسرا بوو، نه‌بردرا. ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ئه‌و دروشمه‌دا «ئه‌وی لێره زبڵ ده‌ڕێژێت بیگێن» نووسرا بوو، به‌ڵام به‌خاتری ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی ژێره‌وه‌شیان نه‌ده‌سڕییه‌وه. ره‌نگبێ گهڕهكنشینهكانمان به دروستی نه‌یانزانی بێت كامه له‌م دوو درووشمه هی ماركسه.›› ئه‌م فۆرم و شێوازه له‌لای كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه‌ش ده‌بینین هه‌ر بۆ وێنه كه‌نعان كایای سه‌رده‌می منداڵی ‹›له‌و كاتانه‌ی له كێڵگه‌كه‌دا به‌سه‌ری ده‌به‌ین خۆشترینی بۆ من ئه‌و ساتانه‌ن كه گوو ده‌كه‌مه دیمه‌نه‌كانی باوكم... له‌و ساتانه‌دا هه‌ستی ئه‌وه دایده‌گرتم وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی ئه‌و مێزه‌دا ریتبم كه هه‌رگیز من و دایكم له ده‌وری دانه‌نیشتین. وه‌ك ئه‌وه‌ی بكه‌مه ناوه‌ڕاستی ئه‌و هێڵه په‌مه‌ییه ره‌نگ خۆخییهی كه هه‌موو ئێواره‌یه‌ك به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی راكییهكهیهوه به‌دیارییه‌وه دۆشدادهما، ده‌مژمارد: « سێ، دوو، یه‌ك، سفر، فڕ‌ت.»
به بۆچوونی من تراژیدیا لای هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك كه گه‌یشته لووتكه ئه‌گه‌ر ئاكار و رێڕهوته ئاساییهكی خۆی به‌رده‌وام بكات ده‌بێته تراژیدیایه‌كی مه‌رگ هێنه‌ر و خوڵقینه‌ری ترس و دڵه‌ڕاوكێ، كه به‌ره‌و لووتكه و كۆتایی هه‌نگاو هه‌ڵدێنێت، به‌ڵام ده‌میرتاش له‌م سه‌ره‌تایه‌وه نایه‌وێت بگاته لووتكه، ناچار تراژیدیا به‌لاڕێدا ده‌بات و له شاڕێگا هه‌ڵیده‌گریت و ئه‌و ساتیره بۆ كاتێكی دره‌نگتر دوا ده‌خات، بۆیه گێڕانه‌وه كۆمیدییه‌كان و وێنه خه‌نده ئامێزهكانمان ده‌خاته به‌ر دیده و كه‌شێكی كۆمیدیا دهخوڵقینیت له ئهتمۆسفیریكی ته‌واو تراژیدیدا به‌وه‌ی كه چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له رووی ده‌روونی جه‌سته‌ییشه‌وه گیرۆده‌ی ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ن.
گیرۆده‌بوون به خووی كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌وه هه‌ر له‌لای سینه‌م و كه‌نعانی منداڵ نییه، ئه‌وه‌تا ئه‌فسوونیش گیرۆده‌ی خووی ڤێگان بوونی مه‌رجانه، به‌ڵام ئه‌و فریادڕه‌سێكی هه‌یه جارجاره له‌م خووه‌ی ده‌ربازی بكات، لێ دیسانه‌وه كۆمیدیا دێته ئاراوه: «بڕوانه مه‌رجان خانم، هاتباو كچه به‌و گهوادیهی تۆ گه‌وره بووبا...» قسه‌ی پێ ده‌بڕم، «گه‌واد نا ڤێگان...»
پێموایه كۆمیدیا هه‌میشه له بارودۆخیكدا دروست ده‌بێت كه مرۆڤ هه‌ڵگری ئازاری گه‌وره بێت و رۆندك و داڵده‌دانی خه‌مه‌كان چیدی چاره‌سه‌ر نه‌بن، كۆمیدیا دروست ده‌بێت، خه‌تیجه پێده‌چێت ئازاره‌كانی هێنده قووڵ رۆچووبن ده‌میرتاشی نووسه‌ری ناچار كردبێت به‌وه‌ی ته‌واوی دیالۆگه‌كانی كۆمیدیا بن، هه‌ر كات ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت خوێنه‌ر بزه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته سه‌ر لێوانی به‌ر هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت ناتۆره‌یه‌ك توانجێكی هه‌بێت: «كمۆكهك ئه‌م زولفۆیهی مه‌ش بۆیه بكه، تا بڕه‌ك كه‌شخه بێت، قه‌ت ئیشتیای چوونه باخهڵیم بۆی ناچێ، مه‌رجان خانم.»
ژیان ئه‌فراندنی ئومێده،
له كاتێكدا هیچ ئومێدێكی تێدا نییه
یاشار كه‌مال
مرۆڤ له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژی گرفتاری بێ مانایی، بێبایه‌خی بووه، له نێو جه‌نجاڵیدا بیر ده‌كاته‌وه و غایهلهكانی نێو كه‌لله‌سه‌ری له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌دركێنێت، به‌دوای ئه‌و شتانه‌دا وێله كه پووچن، ره‌دووی مێگه‌لێك ده‌كه‌وێ كه پێشڕه‌وه‌كه‌ی نابینایه، ژیان به‌خێرایی به‌ڕێده‌كات، ئازیزێك له‌ده‌ست ده‌دات و به‌لایه‌وه گرنگ نییه، به دوای به‌شه ونبووه‌كه‌ی خۆیدا ناگه‌ڕێت، وشه‌كان، رسته و كتێبه‌كان چیدی ئه‌و پلیكانانه نین كه خه‌ڵك پێیدا سه‌ربكه‌وێت، كتێب چیتر بایه‌خدار نییه، كاركردن لای مرۆڤ هێنده بێ‌مانا بووه ده‌توانیت چه‌ند كارێك تێكه‌ڵاوی یه‌كتر بكه‌ی، كاتێك ئه‌فسوون ده‌خوێنیته‌وه هه‌ندێك له بنه‌ماكانی پوچگه‌رایی به‌كاڵی پێوه دیاره، پرسیار دروست ده‌بێت: ئایا ئه‌فسوون رۆمانێكه له‌سه‌ر بنه‌مای پووچی بنیادنراوه؟
بێگومان ئه‌ده‌بی پووچگه‌را (نهیلزم) یاسا و رێسای تایبه‌ت به نووسینی خۆی هه‌یه كه لێره‌دا ئه‌وه باسێكی دوورودرێژه و جیاوازه له كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه بۆیه باسی ناكه‌م، به‌ڵام ده‌میرتاش سوودی له هه‌ندێك بنه‌ماكانی ئه‌و فۆرمه وه‌رگرتووه بۆ نووسینی ئه‌فسوون.
پووچی و بێمانیی ژیان لای كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌یه، بێبایه‌خی گرنگی نه‌دانیش به‌رچاو ده‌كه‌وێت، جانه‌ر كه سه‌ره‌داوێكی له دۆزینه‌وه‌ی باوكی ده‌ست ناكه‌وێت بێ خه‌مانه وازده‌هێنێت، ژیان هێنده بێ مانایه خوێندنی به ساڵانێكی دوور و درێژ به‌ڕێده‌كات، كاره‌كه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت گه‌یاندنی ده‌رمانه، لێ ئه‌وان هه‌ندێكجار پیتزا و كهبابیش ده‌گه‌یه‌نن.
كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌میرتاش ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له ژیانی ئێستادا ده‌ژین، له كرۆكدا هه‌ڵگری كۆڵێك خه‌م و باری ده‌روونی نائاسایین، هه‌ندێك له‌وان ماندووی كار و هه‌ندێكیان ژیان دایڕزاندوون، هه‌ندێكی دیكه‌یان له چینهبهرزهكانهوه ته‌ماشای خواره‌وه ده‌كه‌ن و پێیانوایه ده‌توانن ده‌ستكاری چاره‌نووسه‌كان بكه‌ن، كه‌نعان كایه له وه‌سفی كه‌سایه‌تی خۆیدا ده‌ڵێت: ‹›به‌رده‌وام بیر ده‌كه‌مه‌وه تا بزانم له كوێدا هه‌ڵه‌م كردووه. پێم وایه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌م ئه‌وه بوو خۆم وه‌كو خودا بینی›› مه‌رجان وه‌ك دایكێكی به ئه‌مه‌ك دوای له ده‌ستدانی مێرده‌كه‌ی خۆی ده‌خزێنێته كونجێكه‌وه ده‌یه‌وێ به ئارامی دنیا ره‌نگاو ره‌نگ بكات و تاریكییه‌كانی نێو ناخی داپۆشێت، كیبار وه‌سیه‌تی هاوڕێكه‌ی دێنێته جێ و مه‌لۆتكه‌یه‌ك به ته‌نیا گه‌وره ده‌كات.
سواره كافرۆشی
2022-05-12
سەرچاوە: knwe