ژیانی كه‌سێكی تر ده‌ژیم (2)!

ئه‌وانه‌ی چیرۆكی خۆشیان ناگێڕنه‌وه‌ له‌ زاری ئه‌وانی دیكه‌وه‌ ده‌یانناسین، كه‌سایه‌تی روونن، ره‌هه‌نده‌كانیان وێناده‌كرێت و له‌ زه‌ینماندا جێگای خۆیان ده‌گرن.
به‌كر ئاغا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ چیرۆكی خۆی ناگێڕێته‌وه‌ لێ له‌ گێڕانه‌وه‌كانی كه‌نعان كایه‌وه‌ ده‌یناسین و وێنه‌یه‌كی روونی دێته‌زه‌ینمان، ئاغا وێنای چینێكی ده‌سه‌ڵاتدار و بۆرژوای توركیا ده‌كات، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ كه‌سێكی تێكشكاوه‌، زۆردار و دڵڕه‌ق، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پێگه‌یه‌كی به‌رزی هه‌یه‌ له‌نێو ده‌وربه‌ره‌كه‌یدا، بێجگه‌ له‌ خێزانه‌كه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروستیان له‌گه‌ڵدا ناكات، له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ كه‌سێكی ئاساییه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌میرتاش وێنای كردووه‌ نه‌زۆك، خه‌وشێك له‌لایه‌نه‌ نێرینه‌كه‌یدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌ست به‌ كه‌موكوڕی بكات و به‌رانبه‌ر سینه‌م خانم زاڵم بێت.
سینه‌م خانم كه‌سایه‌تییه‌كی ئارام و خۆڕاگری هه‌یه‌، له‌نێو ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا خۆشه‌ویسته‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خاوه‌نی خزم و كه‌س نییه‌ و له‌ منداڵییه‌وه‌ لای نه‌نكی به‌خێوكراوه‌، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ كه‌سێكه‌ بڕوای به‌خۆی و جوانییه‌كان هه‌یه‌، هێز به‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، له‌شولاره‌ رێك و جوانه‌كه‌ی، چاوه‌ بریسكه‌داره‌كانی فه‌یزی ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی عه‌شق و خۆشه‌ویستی، كه‌ دواتریش فه‌یزی گۆنجا هه‌ر به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌.
فه‌یزی گۆنجا، كوڕی موختاری گوند و سه‌ركاری به‌كر ئاغا، كه‌سێكی چوست و چالاك عاشقێكی سه‌ر شێت و باوكێكی به‌ ئه‌مه‌ك، كه‌متر ده‌دوێت و زیاتر پاكردنه‌وه‌ی پاشه‌ڵی كاره‌ هه‌ڵه‌كانی كوڕه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆده‌گرێت، كوڕێك كه‌ له‌ جێگای ئاغاكه‌ی له‌ ره‌حمی ئاغا ژندا چاندی.
وه‌ستایانه‌ چنینی كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌كات
كه‌نعان كایه‌، كاره‌كته‌رێكی ئاڵۆز، له‌دوای مردنی دایكییه‌وه‌ كه‌سێتییه‌كی شێواوی هه‌یه‌، ده‌وڵه‌مه‌ندێكی ساده‌، نووسه‌رێكی بێ ناونیشان، ده‌روونێكی نائارامی هه‌یه‌، دوای له‌ده‌ستدانی مه‌رجان خۆی له‌ژووره‌وه‌ به‌ندده‌كات، ئه‌و بكوژی به‌كر ئاغایه‌ له‌تۆڵه‌ی دایكیدا، منداڵێك به‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی دایكی و سه‌ركاره‌كه‌یان ده‌زانێت، ئه‌گه‌رچی ئاغا هه‌موو سه‌روه‌ت وسامانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و جێده‌هێڵێت، لێ ئه‌م ده‌زانێت ئه‌و باوكی راسته‌قینه‌ی نییه‌، پاشتر ده‌ست وه‌رده‌داته‌ ژیانی جانه‌ری كوڕی ده‌یه‌وێت چاره‌نووسی دیاریبكات لێ سه‌ركه‌وتوو نابێت، كه‌سێتییه‌ك خۆ به‌گه‌وره‌زان، زیره‌ك كه‌ ده‌توانێت له‌ساتێكدا رۆڵی چه‌ند كه‌سێك بگێڕێت، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ شكاو به‌شێوه‌یه‌ك دواتر جه‌سته‌ی خۆشی تێكده‌شكینێت.
كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ رۆمانی ئه‌فسوون هه‌ڵگری خاسیه‌ت و ئاكار و خووڕه‌وشتی تایبه‌تن ده‌میرتاش وه‌ستایانه‌ چنینی كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌كات و هه‌ر ئه‌وه‌ ئاكار و خووڕه‌وشته‌یانه‌ ده‌یانگه‌یه‌نێته‌ هه‌ڵدێران و پاشانیش چاره‌سه‌ر.
ئاڵۆزی گێڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌فسووندا خوێنه‌ر ناچار ده‌كات به‌ته‌واوی هه‌سته‌كانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و رسته‌كاندا بژی، هه‌ر یه‌ك له‌كه‌سایه‌تییه‌كان چیرۆكی خۆیان و كه‌سانی دیكه‌ش ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جۆرێك خوێنه‌ر به‌لاڕێدا ده‌به‌ن، به‌ڵام دواجار هه‌موو رووداوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شاڕێگا و له‌وێ به‌یه‌كدییه‌وه‌ گرێده‌درێنه‌وه‌، ئه‌م كرده‌ی گرێدانه‌وه‌یه‌ ئاسان نییه‌، ده‌بێت باش له‌دیمه‌نه‌كان گه‌یشتبی بۆ ئه‌وه‌ی دواتر هه‌ڵه‌نه‌كه‌یت له‌گرێدانه‌وه‌یان، بۆ وێنه‌ فه‌یزی به‌شێوه‌یه‌ك كوشتنی ئاغا ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌نعانیش به‌شێوه‌یه‌كی تر. جانه‌ر سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات ئه‌و خواردنانه‌ ده‌خوات ئه‌و فیلمانه‌ ته‌ماشا ده‌كات كه‌ ئه‌فسوون تێیدا ژیاوه‌، ئه‌فسوونیش پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات ژیانی جانه‌ر ده‌ژی، كیبار منداڵی نابێت و مێرده‌كه‌ی ده‌ری ده‌كات، كه‌چی دواجار منداڵی هاوڕێكه‌ی به‌خێو ده‌كات، مه‌رجان له‌ناخه‌وه‌ نادره‌وشێته‌وه‌، لێ هه‌موو شت ره‌نگاوڕه‌نگ ده‌كات، خزمه‌تكاره‌كان جڵه‌وی رووداوه‌كان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن ئه‌وان حیكایه‌تخوانی چیرۆكه‌كه‌مان نین، لێ كاریگه‌ری ته‌واویان له‌به‌ره‌و پێشچوونی رووداوه‌كان هه‌یه‌، ئێسما وه‌ك خزمه‌تكارێك هه‌ڵگری نهێنییه‌كانی سینه‌م خانمه‌، دواتر هه‌ڵگری منداڵه‌كه‌ی كه‌نعانه‌، پوره‌ ده‌ردۆ هه‌ڵگری نهێنییه‌كان و رووداوه‌كانی ئه‌م كۆشك و ته‌لاره‌یه‌، له‌سه‌رده‌می سینه‌م خانمه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ جانه‌ر و دواتریش ئاشكرابوونی راستییه‌كان.
ئاڵۆزییه‌كان لێره‌ كۆتاییان نایه‌ت، رووداوه‌كان خۆشیان ته‌ماوی و ئاڵۆزن، كه‌نعان كایه‌ هه‌ڵگری چه‌ندان كه‌سایه‌تییه‌، فه‌یزی گۆنجا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌ باوكه‌ له‌ڕاستیدا باپیره‌ و كه‌چی شۆفێر و ده‌سته‌ڕاستی كه‌نعانه‌، كیبار دایكه‌ لێ ئه‌و هاوڕێیه‌كی به‌ ئه‌مه‌ك و به‌خێوكه‌رێكی باش بووه‌، شوێنه‌كان ئاڵۆزن وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و شار و گه‌ڕه‌كه‌ چه‌په‌كانن، له‌ باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ بیگره‌ تا ژێرزه‌مینه‌كان رووداوی تێدا رووده‌ده‌ن، فڕۆكه‌ و فڕۆكه‌خانه‌، كه‌نار ده‌ریا، كافتریا و نێو جه‌نجاڵییه‌كانیش بۆ بیركردنه‌وه‌ ده‌شێن و رووداوی تێدا هه‌ن، گێڕانه‌وه‌ تراژكۆمیدییه‌كانیش ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ئاڵۆزكردنی گێڕانه‌وه‌كاندا.
رۆمانی ئه‌فسوون وابه‌سته‌ی گرێی كه‌سایه‌تییه‌كەیە
رۆمانی ئه‌فسوون وابه‌سته‌ی گرێی كه‌سایه‌تییه‌كەیە‌، گرێی كه‌نعان كایه‌. جارێك به‌ ناوی دلاوه‌ر دوندار و جارێكی دیكه‌ له‌ ژێر ناوی شه‌وكه‌ت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و گرێیانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌ژێر ناوی كه‌نعان خۆیدا، كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ئه‌فسوون جانه‌ره‌، ئه‌فسوونیش ده‌رگاوانی به‌شێكی تره‌ له‌ ژیانی كایا لێ ئه‌ویش له‌ رێگای جانه‌ره‌وه‌ ده‌توانێت ده‌رگاكان واڵا بكات.
هه‌ر یه‌ك له‌جانه‌ر و كایاش گرێیه‌ك له‌ناخیاندا هه‌یه‌ گرێی خۆش ویستنی دایكیان، جانه‌ر كاتێك راستییه‌كانیشی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كیبار هه‌ر به‌دایكی ده‌زانێت، كایا دوای ئه‌وه‌ی ته‌رمی له‌خوێندا سوور بووی دایكی ده‌بینێت، پاش ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی سارد و سڕی له‌ئامێز ده‌نێت، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ رووخانێكی گه‌وره‌ی ژیانی و به‌رگه‌ ناگرێت تۆڵه‌ی نه‌كاته‌وه‌، كاتێك باوكی ده‌كوژێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاوێكی كردبێت به‌م ئاگره‌دا پشكۆی دڵی داده‌مركێته‌وه‌، پێده‌چێت كه‌نعان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ زانیبێتی كه‌ ئاغا باوكی نییه‌، به‌ڵێ بێگومان زانیویه‌تی چونكه‌ فه‌یزی وه‌ك باوكێك خۆش ویستووه‌، یارمه‌تییه‌كانی قبووڵ بووه‌.
ئێسما و گوڵه‌كێویله‌ زه‌رده‌كان، یارمه‌تییه‌كانی بۆ كایا و خاوێنكردنه‌وه‌ی جێ په‌نجه‌ی تاوان، هه‌ڵگری گرێی و نهێنییه‌كانی سینه‌م خانم له‌كێلگه‌كه‌، دواتر گرێی خۆشه‌ویستی كایا له‌ناخیدا چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، مردنی به‌سه‌ر منداڵێكه‌وه‌ گرێكان ئه‌ستوورتر ده‌كات، لێ دواجار ده‌بێت ئه‌م گرێیانه‌ بكرێنه‌وه‌.
ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی كایه‌ دروستی ده‌كات و پلانی بۆ داده‌ڕێژێت به‌ ئاره‌زووی ئه‌و به‌ره‌و پێش ناچێت، گرێكان ورده‌ ورده‌ لێكده‌ترازێن، گومان ناخ ده‌ته‌نێت، گه‌ڕان به‌ دوای راستییه‌كاندا هه‌موو شتێك روون ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رۆمانه‌ی كه‌ دلاوه‌ر ده‌یویست بینووسێت جانه‌ر و ئه‌فسوون دوای كردنه‌وه‌ی گرێكان ته‌واوی ده‌كه‌ن.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش سیاسه‌تڤان و رۆماننووس به‌ندكراوی سیاسی، بێگومان نووسینه‌كانی به‌ده‌ر نابێت له‌ په‌یامی سیاسی و ئه‌و مێژووش به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، رووداوه‌ سیاسییه‌ مێژووییه‌كانمان به‌بیر دێنێته‌وه‌ و بۆ نووسینی رۆمانه‌كه‌شی سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت ته‌نانه‌ت به‌رخودان و سه‌رهه‌ڵدانه‌ مێژووییه‌كان ده‌بنه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی گێڕانه‌وه‌كانی و هه‌روه‌ك چۆن ده‌بنه‌ ناونیشانێك بۆ شوێنی كار و ناسینی كه‌سایه‌تییه‌كان.
سیاسه‌ت و مێژوو دوانه‌یه‌كی له‌یه‌ك دانه‌بڕاون لای ده‌میرتاش ئه‌و هه‌ر رابردووی دوورمان به‌سه‌ر ناكاته‌وه‌ ته‌نانه‌ت رووداوه‌ مێژووییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانیش ده‌خاته‌ ژێر مایكرۆسكۆبی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی و جارێكی دیكه‌ مێژووی نزیكی جیهانمان وه‌بیردێنێته‌وه‌، ده‌میرتاش ته‌نها له‌توركیا و بازنه‌ی رووداوه‌كانی ئه‌وێ نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌چێته‌ به‌یرووت و مێژووی ئه‌وێشمان بۆ وێنه‌ ده‌كات، له‌م رێگایه‌وه‌ باسێك له‌ئاین و ئاینزاكان ده‌كات، باسی مرۆڤ و بیروباوه‌ڕه‌كانیان ره‌تكردنه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌كدی، باس له‌ نێوده‌وڵه‌تی نه‌بوونی زمانی توركی ده‌كات.
ده‌میرتاش هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات راستییه‌كانی نێو سیاسه‌ت به‌ خوێنه‌رانی ئاشنا بكات، ئه‌و سڵ له‌وه‌ناكاته‌وه‌ كێ دژی ده‌وه‌ستێت ته‌نانه‌ت پیاوان و رێبه‌رانی ئایینیش ده‌كه‌ونه‌ نێو بازنه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت ‹›سه‌رۆك و رێبه‌رانی ئایینیان خه‌می ئاشته‌وایی و یه‌كسانیان نییه‌ جانه‌ر.››بگره‌ سه‌رانی هه‌موو زلهێزه‌كانی دنیاش به‌شه‌ڕانگێزی تۆمه‌تبار ده‌كات ‹›هه‌موو هێزه‌ فانه‌تیكه‌كان ده‌ستیان نایه‌ ده‌ستی یه‌كتری و نه‌ك ته‌نیا ئاشتی، بگره‌ ئه‌گه‌ری ئاشته‌وایی و هیوای ئاشته‌واییشیان له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكێشا››.
ده‌میرتاش بێ په‌رده‌ له‌سه‌ر پرسه‌ مرۆییه‌كان قسه‌ ده‌كات، باس له‌ یه‌كسانی و نه‌بوونی یه‌كسانی ده‌كات له‌نێو كۆمه‌ڵگادا، باسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵێك و چه‌سپاندنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌وندی ناسنامه‌وزمانه‌ ده‌كات به‌سه‌ر كۆمه‌ڵ و هۆز و میلله‌تێكی تردا ‹›قبووڵكردنی ئایین و ناسنامه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سانێكی تر به‌ جۆرێك كه‌ یه‌كسان بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی زۆر كه‌س ناڕه‌حه‌ت و تووڕه‌ ده‌كات. مرۆڤه‌كان له‌ ناخیانه‌وه‌ «یانی چی بڕوا و ناسنامه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر یه‌كسانه‌؟››
جارێكی دیكه‌ ده‌میرتاش باس له‌ كۆمه‌ڵكوژی ده‌كات و وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی ره‌شی توركیا بیر هێنانه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م باس له‌ رێگای ناسینی مێژووی یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ مه‌رجان لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی میلله‌تێك هه‌ڵده‌داته‌وه‌ ‹›خێزانه‌كه‌شم منداڵی پاشماوه‌ی یه‌كێك له‌و ماڵباتانه‌ بوون كه‌ دوای كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی 1938ی دێرسیم به‌ هه‌موو لایه‌كدا بڵاوبوونه‌وه‌‹›.
هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ باس له‌مێژووی نزیكتری توركیا و ئاواره‌ بوون و راونانی چالاكانی سیاسی و سیاسه‌تڤانان ده‌خاته‌ به‌ر باس كاتێك مه‌رجان باس له‌ ته‌مه‌نی منداڵی خۆی ده‌كات و باس له‌ ئاواره‌ بوونی دایك و باوكی ده‌كات ‹›له‌ دوای كوده‌تاكه‌ی 12ی ئه‌یلوولی 1980ئه‌وان رۆیشتن و له‌پاریس بوونه‌ په‌نابه‌ری سیاسی›› رۆمانه‌كه‌ تژییه‌ له‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو، باس له‌به‌رخودانی گه‌زی ده‌كات، سه‌رهه‌ڵدانه‌كان ئاوێته‌ی عه‌شق ده‌كات و رووداوه‌كانمان بۆ ده‌نووسێته‌وه‌، دواجار ده‌میرتاش نووسه‌رێكی سیاسه‌تڤانه‌ و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری مێژووی خۆی ببێت.
ده‌میرتاش ژن ده‌كاته‌ چه‌قی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی، بێجگه‌ له‌ناوه‌ڕۆك ته‌نانه‌ت ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ش به‌ناوی ژنێكه‌وه‌یه‌ (ئه‌فسوون) ئایا ده‌میرتاش نووسه‌رێكه‌ داكۆكی له‌ مافی ژن ده‌كات؟ رۆمان و چیرۆكه‌كانی هه‌ڵگری ناوی ژنێكن هه‌ر له‌ سه‌حه‌ر و له‌یلان و ئه‌فسوونیش.
ژن و ژنكوژی دووبابه‌تی گرنگن له‌ نووسینه‌كانی ده‌میرتاشدا، رووداوه‌كان له‌سه‌ر شانه‌كانی ژن به‌ره‌و پێش ده‌چن سینه‌م خانم به‌رگه‌ی ئازار و ناره‌حه‌تییه‌كان، لێدان و سووكایه‌تی ده‌گرێت له‌پێناو مانه‌وه‌ی له‌ژیان و جوانكردنی ژیانی كوڕه‌كه‌ی، كیبار ده‌بێته‌ قوربانی ده‌ستی پیاوێك له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵی نابێت، پێشتریش قوربانی ده‌ستی باوكێكی تووڕه‌یه‌ له‌سه‌ر هیچ ده‌سره‌وێنێته‌ بنا گوێیان، كیبار له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی ده‌وه‌ستێت و كار ده‌كات و منداڵێك كه‌ هی خۆی نییه‌ و له‌منداڵدانی وی دروست نه‌بووه‌ به‌خێوده‌كات، به‌ره‌نگاری ده‌كرێت و ده‌بێته‌ قوربانی كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری لێ ئه‌و ده‌ستبه‌ردار نابێت و به‌رده‌وامه‌ له‌ژیان، ئه‌و ده‌بێته‌ هێزێك ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری پیاو سالاری ئه‌م جیهانه‌ زاڵمه‌ی ئه‌وان ببێته‌وه‌ ‹›له‌دنیای ئه‌م به‌هێز و زاڵمانه‌دا ژنێكی دیكه‌كوژرابا، كێ باكی پێ بوو. له‌ ئێسما ده‌قه‌وما. مه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژێك ده‌یانی وه‌ك ئێسما نه‌ده‌كوژران؟›› به‌ڵام ئه‌و ژیرانه‌ خۆی ده‌خاته‌ ژێر قبووڵكردنی بارودۆخ و به‌وه‌رگرتنی جانه‌ر خۆی ده‌رباز ده‌كات.
مه‌رجان وه‌ك ژنێك جارێك قوربانی ده‌ستی درۆكانی كه‌نعان كایه‌ و جارێكی تر كه‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كوژرێت، ئه‌و تاریكی ناخی ده‌ته‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات تروسكاییه‌ك بخاته‌ نێو ژیانی ئه‌و كیژۆڵه‌یه‌ی له‌ مێرده‌كه‌ی بۆی به‌جێماوه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێت ژیان ره‌نگاو ره‌نگ بكات، هه‌ر كونجێك به‌ردێك ببینێت بۆیه‌ی ده‌كات، ژنێك ده‌یه‌وێ جوانی ببه‌خشێته‌وه‌.
ئێسما دوای ئه‌وه‌ی جێ په‌نجه‌ی تاوانه‌كانی كایا ده‌سڕێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ ده‌كه‌وێته‌ڕێ، هه‌وای عه‌شقێكی بكوژ له‌كه‌لله‌ی ده‌دات، عه‌شقی ئاغاكه‌ی، منداڵی ئه‌و له‌ماڵزارۆكی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، لێ جیهانی پیاوان جیهانێكی تاریكه‌ و بۆ ئه‌م عه‌شقه‌ كونجێكی نییه‌، سه‌ره‌نجام به‌ به‌ند كردن له‌و زیندانه‌ی رۆژانێك دایكی عه‌شقه‌كه‌ی تیا به‌ند كراوه‌ به‌ند ده‌كرێت و به‌مه‌رگی خۆی كۆتایی دێت. زیندانێك دواتر ده‌بێته‌ مه‌نزڵگای دوارۆژه‌كانی كایا و فه‌یزی ده‌بێته‌ شوێنێك بۆ ئاشكرا بوونی حه‌قیقه‌ته‌كان.
ده‌میرتاش ئه‌گه‌ر زیندانی نه‌كرایه
ئه‌ده‌بیاتی زیندان ئه‌ده‌بیاتێكی تایبه‌ته‌ و زۆربه‌ی ئه‌و بیرمه‌ند و نووسه‌رانه‌ی به‌ره‌و مه‌نفا دوور ده‌خرێنه‌وه‌ ئه‌و زیندانه‌یان ده‌بێته‌ هۆی هه‌وێن بوونی نووسین و داهێنان، نموونه‌مان زۆرن له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ زیندان به‌رهه‌می ناوازه‌یان به‌هه‌مهێناوه‌، رۆماننووس و شانۆنووسی ئیسپانی میگێل دی سه‌رڤانتس كه‌ رۆمانی (دۆن كیشۆت)ی له‌ مه‌نفا نووسیوه‌، نه‌وال سه‌عداوی نووسه‌ری عه‌ره‌ب زیندان چه‌ند وتارێك له‌ هزریدا دروست ده‌كات و پاشتر ده‌بێته‌ كتێبێك به‌ ناونیشانی (ئه‌زموونم له‌ زیندانی ژنان)، ئاگاتا كریستی له‌ زیندانه‌وه‌ رۆمانی (پیاوێك بێ ده‌موچاو) ده‌نووسێت.
ده‌میرتاش ئه‌گه‌ر زیندانی نه‌كرایه‌ ده‌یپه‌رژایه‌ سه‌ر نووسینی ئه‌و چیرۆك و رۆمانانه‌ی كه‌ نووسیونی؟ بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ته‌نها له‌لای خۆی ده‌ست ده‌كه‌وێت.
به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی سایكۆلۆژی و ده‌روونی ده‌میرتاش كه‌ له‌ زیندانه‌وه‌ ئه‌فسوونی پێ ئاشناكردین، پێده‌چێت كونجه‌ تاریكه‌كانی زیندان كاریگه‌ری له‌سه‌ر نووسه‌ر هه‌بێت، زیندان یه‌كێكه‌ له‌و بنچینانه‌ی رۆمانه‌كه‌ له‌سه‌ری بنیاتنراوه‌، سینه‌م خان ده‌خرێته‌ زیندانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌، ئێسما له‌هه‌مان شوێندا به‌ند ده‌كرێت، جانه‌ر چه‌ند جارێك زیندان ده‌كرێت، كایا بۆ ماوه‌یه‌ك خۆی له‌ ماڵه‌وه‌ قایم ده‌كات و زیندانێك به‌ چوارده‌وری خۆیدا ده‌كێشێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیندان رێگره‌ له‌به‌رده‌م نووسه‌ره‌كه‌مان كه‌ به‌چاوی خۆی سه‌ردانی شوێنه‌كان بكات كه‌ رووداوه‌كانی تێدا روو ده‌ده‌ن، لێ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ بیرۆكه‌یه‌ك بۆ نووسینی رۆمانه‌كه‌ی، جانه‌ر له‌جێگای دلاوه‌ر دووندار شوێنه‌كان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ و چێژ وه‌رده‌گرێت پاشتر بۆ دونداری ده‌گێڕێته‌وه‌ تا رۆمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیاد بنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی خۆشمان ئه‌وه‌ راسته‌ منداڵه‌كانی بۆی دۆكیومێنت ده‌كه‌ن و ئه‌م بۆمان ده‌گێڕیته‌وه‌ و به‌هه‌ر زه‌حمه‌تییه‌ك بێ چاپی ده‌كات و ده‌یخوێنینه‌وه‌.

سواره‌ كافرۆشی
2022-05-19

 

 

سەرچاوە: knwe