ژمارەیەک دەزگا و ڕێکخراوی میدیایی داوا دەکەن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکرێت

 

 

 

 

 

 

ژمارەیەک هەڵسووڕاوی میدیایی، ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیار دایە و هاوکات دەرفەت و مەترسی زۆر هاتووەتە ئاراوە، داواش دەکەن میدیاکان مامەڵەیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی کانوونی دووەم ٢٦ ڕێکخراو و دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەنراوێکیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکات ئەرکی سەشانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی رۆژئاوا بڵاوکردەوە.
 

لە بەشێکی راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە"وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا".
 

دەشڵێن" ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات".
 

جەختیش دەکەنەوە لەوەی " پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت".
 

دەقی راگەیەنراوەکە:
 

بانگەوازێک بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان
 

وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا.
 

گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری دابەشبوون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش.
 

دیارە نکۆڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی دیکەی مرۆڤایەتی، پڕە لە بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز و ململانێی ناوخۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیچ گومانێکمان نییە لەوەی چوارچێوەی فراوانی کوردبوون و کوردستانی بوون، دەشێت و دەبێت سەرباری جیاوازییەکانمان لە ژێر چەتری نیشتماندا کۆمان بکاتەوە. لەمەیشدا میدیاو میدیاکارن دەتوانن رۆڵی سەرەکی ببینن.
 

ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات.
 

حزبەکان و کۆمەڵگا و میدیای کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت ئەزموونی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبەرچاو بگرن کە میدیا پاڵپشتی پێشمەرگەی باشور و رۆژهەڵات و گەریلای لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش دەکرد و بەرپرسانە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا رووماڵی دەکرد. هاوکاتیش پشتگیریی شەڕی شەرڤانانی دەکرد لە کۆبانێ و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان. هەر لەم بوارەیشدا دەبێ زۆر وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.
 

لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر.
 

پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت.
 

ناوی دەزگا و ناوی رۆژنامەنووس:
 

١- شوان محمەد . سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا.

٢- د. کامل عمر بەرپرسی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا.

٣- کەمال ڕەئوف ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی شارپرێس.

٤- هاوکار عزەت ـ سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ.

٥- د. جەعفەر عەلی ـ بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شار.

٦- سلێمان عەبدوڵا یونس ـ سەرۆکی دەزگای میدیایی خەندان

٧- هەڤاڵ محەمەد ـ بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان.

٨- تارق فاتیح ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی هاوڵاتی.

٩ـ محەمەد مەحمود حمەسالح ـ بەرپرسی دەزگای میدیایی ئیرادە.

١٠ـ هەردی عبدالله نجم ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی ئیرادە.

١١ - رەحمان غەریب ـ رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامونووسان.

١٢- دیاری محمد ـ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ.

١٣- ئەحمەد میرە ـ سەرنووسەری گۆڤاری لڤین

١٤-ئاسۆس هەردی ـ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆژنامەی ئاوێنە.

١٥ - سالار رەزا سەعید.. ڕۆژنامەنووس

١٦- ئاکۆ محەمەد مەحمود ـ ئەندامی بۆردی گشتی دەزگای میدیایی ستاندار، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی.

١٧- هێمن مەحمود رەشید-بەڕێوەبەری کەناڵی زووم

١٨-عەبدولکەریم ئەحمەد ـ ڕۆژنامەنووس

١٩- ئاراس ئیبراهیم عبداللە ـ ڕۆژنامەنووس

٢٠- سنور کەریم ـ دەنگی ئەمریکاVOA

٢١- رۆشن قاسم ـ ڕۆژنامەنووس

٢٢- ئەرکان محەمەد ـ سەرنووسەری ڕۆژنیوز

٢٣- داهێن هاشم ـ ڕۆژنامەنووس KNN

٢٤- شنە پیرۆت ڕۆژنامەنووس ـ KNN

٢٥- ئاوات عبداللە حسن ـ ڕۆژنامەنووس

٢٦- ئازاد عوسمان، ڕادیۆی دەنگ

سەرچاوە ؛ سپی میدیا