ڕۆڵی ژنان لە ئازادکردنی هەولێر

هیوا سەید سەلیم

دوای راپەرینی ٥ی ئاداری شاری رانیە و دەوروبەری، دواتر ئازدکردنی شاری سلێمانی یەکەمین گەورە شاری باشووری کوردستان و شارەکانی دیکەی وەک شەقڵاوە و بازیان و ڕواندز و کۆیە، بەعسیەکان زۆریان مەبەست بوو لە هەولێر خۆیان بگرنەوە، دەیانویست ئەو شارەیان لەدەست دەرنەچێت، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان هەولێر لە رووی سیاسیەوە بارەگای ئەنجوومەن کارتۆنیەکەی یاسادانان و جێبەجێکردن لێ بوو، وە لە رووی سەربازیەوە بارەگای فەیلەق و چەندین سەربازگەی گرنگی تێدابوو، وە لە جوگرافیشەوە هەولێر هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای موسڵ و دەڤەری بادینان.

رۆژی ٦ مانگ بەعسیەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بنکەی خۆبەخشیان کردەوە، خەڵکانێکیان بەناوی جەیشی شەعبی لێدامەزراند، هەموو ئەو کەسانەی پلەی حزبیان لەنێو حزبی بەعس هەبوو، دەبوو پەیوەندی بەو ناوەندانە بکەن و چەك هەڵگرن. بەڵام دوو رۆژی پێنەچوو زۆربەی ئەو ناوەندانەیان لە گەڕەکەکان کێشایەوە بۆ دەوروبەری دائیرەی ئەمن و بارەگای پارێزگا و لە بینا بەرزەکانی ناوشار دایانمەزراندن، بەشێوەیەک کە شارپڕکرا لە چەکدار .

لەبەرامبەر هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە بەعسیەکان بۆ خۆقایمکردن لەنێو شاری هەولێر دەیانگرتە بەر، لەبەرامبەردا رۆژ بەرۆژ جەماوەر باشتر خۆی ساز دەکرد، بە گەیشتی هەواڵی ئازدکردنی شارەکان خەڵک تا دەهات وورەی بەرزدەبووەوە، ئێواران شەقامەکانی ناو بازاڕی هەولێر بە تایبەت لە فولکەی چەپەکان تا کۆتری سەلام و تا نزیک پارێزگا، ئەولاو ئەولای پڕدەبوو لە گەنج و لاوی بە حەماسەت، مقۆمقۆی نزیکبوونەوی هێزی پێشمەرگە دەنگوباسی گرنگی ناو خەڵکی بوو، ماکینەی پڕوپاگەندەی خەڵک وورەی وەبەر هێزەکانی رژێم نەهێشت بوو. تا دەهات حەماسەتی جەماوەر زیاتر دەبوو، ترس و ڕێوشوێنەکانی بەعسیەکان بۆ بەرگرتن بە ئازادکردنی هەولێر نەیانتوانی رێگا بە حەماسەتی خەڵک بگرن.

رۆژی ٦ ئادار خۆپیشاندانەکەی ناو بازاڕی دەلالخانە کە چەند هاوڕێیەکی شیوعی بەچەکەوە بەشداریان تێداکرد، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ بەعسیەکان، بەوەی ناتوانن بەر بە تەقینەوەی ناڕەزایەکانی خەڵک لە شاری هەولێر بگرن.

هەروەها ئێوارەی ١٠ مانگ وەک وەڵامێک بۆ بڕیاری قەدەغەی سەرتاسەری هاتووچۆی بەعسیەکان، لە نزیک گۆڕستانی گەڕەکی باداوە، ژمارەیەک گەنجی رێکخراو بە مەبەستی هەڵکوتانە سەر یەکێک لەو بنکانەی جەیشی شەعبی کە نزیک لەو شوێنەبوو گردبوونەوە، لەوێش بە کوژرانی چەکدارێکی بەعسی، پلانەکە ئاشکرا بوو، ئەو رۆژەش بەو چالاکیە پەیام بە بەعسیەکان درا، کە هەولێر چاوەڕوانی رۆژی خۆیەتی تا دەسلەملانێی ئازادی بکات.

رۆژی ١٠ مانگ لە هەولێر بریاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ بەعسیەکان نەچووە سەر، ئەوان مەبەستیان بوو لە رۆژی قەدەغەی هاتووچۆدا ئاڵوگۆڕ بە هیزەکانیان بکەن، کە کردیشیان، هەرچی چەکداری هەولێڕ بوو گواستیانەوە بۆ بادینان، جاش و چەکداری بادینایان بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی خۆیان هێنایە شاری هەولێر.

١١ ئادار رۆژی تەسفیەی حسابی یەکجارەکی هەولێریەکان بوو لەگەڵ بەعسیەکان، بەرەبەیانی زوو ئەوانەی ئاگاداری پلانەکە بوون، دەبوو لە کاتژمێر شەشی بەیانی بچنە جێ ژوانی خۆیان، زۆری نەبرد بانگی ئازادی لەسەرجەم گەڕەکەکان رادێرا( راپەڕینە – راپەڕینە).

ئەوەی لە قۆڵی گەڕەکی شۆڕش لەناو سەیارەیکی پۆلیس ئەو بەنگەوازەی ڕاپەڕینی ڕادێرا کچ بوو، هەلهەلەی دایکان بە تایبەت ژنە شەهید و دایکە شەهید، تینی وەبەر خەڵکی ڕاپەڕیوو دەدا، لە پاڵ هەموو گروپێک لە گەنجان چەند کچ و ژنێک دەبینران، ژن پاڵپشت و تەنانەت ژن چەکداریش بوو.

کاتێک جەماوەر لە نزیک دائیرەی ئەمن ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەعس دەبووەوە، ژن بوو شەهید دەبوو، جارێکی دیکەش نووسیومە ئەگەڕ شەهید “خەجە باوە” نەبایە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون کە جەستەی ئەوی لێی پێکرا، چونکە جەماوەری ڕاپەڕیوو وایان زانی دۆشکای سەر پرسگەی دائیرەی ئەمن لە بەرگری کەوتووە، بۆیە جەماوەر وویستیان لەوێوە هەڵبکووتنە سەر دائیرەی ئەمن، لەگەڵ هاواری شەهید خەجە باوە ( لە شەقامی سینەما سەڵاحەدین لە بەرامبەر بارەگای ئێستای کونسڵیەی فەڕەنسی) هەمووان هوشیاربوونەوە،وە ناچار بوون ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن.

شایانی باسە، لە هەولێر ژنان بانگی راپەڕینیان ڕادێرا و ژنان لە هەڵکووتانە سەر دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بەعس شەهیدبوون، وەک چۆن لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژنان بە درووشمی”ژن – ژیان – ئازدی” پێشەنگایەتی گەورەترین شۆڕش و سەرهەڵدان دەکەن، لە ساڵانی ڕابردووش لە رۆژئاوای کوردستان ژن تەلسمی داعشی تێکشکاند هەروەها لە باکوور ژن پێشەنگایەتی خەباتێکی گەورە دەکات.

 

سەرچاوە: سایتی ئاشتی