رۆڵی منـاڵ له‌ فـیلـمی سـینه‌مـاییـدا (1)

سـینه‌مـا یه‌كێكه‌ له‌ باوتـرین جـۆره‌كانی هـونـه‌ر، بایـه‌خی هـونـه‌ری و جـوانی هـه‌یه‌. سـینه‌ما یه‌كـێكه‌ له‌ هـۆكاره‌كانی راگه‌یـانـدن و زۆرتـرین هـه‌واداری هـه‌یه‌. سـیـنه‌ما پیـشه‌سازیی هـونـه‌ری جـووڵانه‌. هـه‌نـدی كه‌س به‌ (هـونه‌ری حـه‌وتـه‌م) نـاوی ده‌به‌ن. سـینه‌مـا ته‌نهـا لایـه‌نێكی خۆشی نیـیه‌، هه‌مـوو بـواره‌كـانی ژیـانی به‌سه‌ركـردۆتـه‌وه‌. روونـاكـیش ده‌خـاته‌ سـه‌ر كـێـشه‌كـانی كۆمـه‌ڵ. هـۆكـارێكـی گـرنـگی رۆشـنبـیریـشه‌. سینه‌ما دیـارده‌یـه‌یه‌كی شارسـتانی و پێـشـكه‌وتـنیشـه‌.
رۆژئـاواییـه‌كان یه‌كـڕا و یه‌كـده‌نـگ نیـن له‌سـه‌ر ئـه‌وه‌ی، سـیـنه‌مـا هـونـه‌رێـكی سـه‌ربه‌خـۆیه‌ یـان لـقـێكه‌ لـه‌ هـونـه‌ری ئـه‌ده‌ب و شـانـۆ (رۆدلـف ئارنهـایـم) یه‌كه‌م داكـۆكـیكه‌ر بـوو، له‌سـه‌ر بیـرۆكه‌ی سـه‌ربه‌خـۆیی سـینه‌مـا وه‌كـو هـونـه‌رێـك.
فـیلمی سینه‌مایی بریتییه‌ له‌ وێنه‌گـرتنی دیمه‌نه‌ ریـزبه‌نـدییه‌كان و ئـه‌و وێنـانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی سـینه‌ما له‌ هـۆڵی سـینه‌مـادا، یان له‌ ته‌له‌فـزیۆن و له‌ ئینته‌رنێتدا، یان به‌هـۆی ده‌زگای تـره‌وه‌ بۆ خـه‌ڵكی نمایـش ده‌كـرێن. كه‌ رووداوه‌كـانی ژیانیـان له‌خۆگـرتـووه‌.
سینه‌ما ده‌توانێت ئاستی رۆشنبیریمان فـراوانتر بكات. په‌نجه‌ره‌كانمان له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئـه‌وه‌ی ده‌ربـاره‌ی رۆشـنبیری و داب و نه‌ریـت و پێشكه‌وتنی گـه‌لانی تر بـزانـین و چاومـان به‌ جیهـانی جیـاوازی تـردا هـه‌ڵـبهـێنـین.
سینه‌مای مناڵان 
سینه‌مـای منـداڵان، به‌شێكه‌ له‌ سـینه‌مای گشتی. ئه‌و فـیلمه‌ تایبه‌ییانه‌ نمایش ده‌كات كه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ منداڵان نووسراون و ده‌رهـێنراون و وێنه‌یان گیراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان بیـانبیـنن. یا بـۆ جه‌مـاوه‌رێـكی فـراوانتـر كه‌ به‌ خـێزان ناوده‌بـرێـن.
ئه‌مڕۆ وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهـان، گرنگییه‌كی زۆر به‌ سینه‌مای منـداڵان ده‌ده‌ن، ساڵانه‌ چه‌نـدین فـیلمی تایبه‌تی بۆ منداڵان به‌رهه‌مـده‌هـێنن و نمایشیان ده‌كه‌ن. به‌ ده‌یان رۆماننووس و سیناریۆنووس و ئه‌كته‌ر و ده‌رهـێنه‌ر و سینه‌ماكار و فـیلمساز و وێنه‌گر و كامیـرامه‌نـی شـاره‌زا و شاره‌زایـانی بـواری پـه‌روه‌رده‌ و ئـاره‌زووه‌كـانی منـداڵان و كۆمپانیای زه‌به‌لاح، هه‌موو پێكه‌وه‌ سه‌رقاڵی به‌رهـه‌مهێنانی فـیلمی سینه‌مایی منداڵانن. بـودجـه‌یه‌كی زه‌بـه‌لاحیـشـیان بۆ تـه‌رخـان كـردووه‌. ئه‌مـریـكا و ژاپۆن و هـیندستان و ئه‌ڵمانیا و پـۆڵه‌نـدا و كۆریـای باشوور و روسیا و چیك پێشه‌‌نگـن له‌ به‌رهـه‌‌مهـێنانی فـیلـمی سینه‌مـاییدا بۆ منـداڵان.
له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابـردوودا، له‌ ئه‌مریكادا بـیرۆكه‌ی فـیلمی سینه‌مایی بۆ منـداڵان سه‌ری هه‌ڵـدا، له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپادا پێشكـه‌وت. له‌ ئه‌مریكادا به‌ شێوه‌یـه‌كی فه‌رمی زاراوه‌ی (فـیلمی خـێزانی) به‌كارده‌هـێنن. له‌ ئه‌وروپاش زاراوه‌ی (فـیلمی منـداڵان) و به‌ زۆریش زاراوه‌ی (سـینه‌مـای منـداڵان) به‌كـارده‌هـێـنن. ته‌نانه‌ت شێوازی هه‌ڵـبژاردنی پاڵه‌وان و كه‌سایه‌تییه‌كان بـۆ رۆڵگـێڕان له‌ فـیلمه‌كانـدا، له‌ نێوان ئه‌مـریكا و ئه‌وروپـادا، تـا راده‌یـه‌ك جیـاوازیـی هـه‌یه‌. لـه‌ فـیـلمه‌ ئه‌مـریـكـییه‌كـانـدا، كۆمـه‌ڵـێك پێویستی و مه‌رجی تایبه‌تییان هـه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبـژاردنی ئه‌و منـداڵانه‌ی رۆڵیان له‌ فـیلمه‌كانیاندا هه‌بێت، وه‌كو شـۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵا و چه‌نـد مه‌رجـێكی تر. بـه‌ڵام له‌ فـیـلمه‌ ئه‌وروپاییه‌كانـدا، هـێـنده‌ گـوێ به‌ سـیـمای تایبـه‌تی ناده‌ن و منـداڵانی ئاسایی بۆ فـیـلمه‌كانیان هـه‌ڵـده‌بـژێن.
پێویسته‌ هـه‌نـدێ پێـویستی لـه‌ فـیلـمه‌ باشـه‌كانی منـداڵانـدا هـه‌بن: په‌یامێكی ئـه‌رێنی په‌روه‌رده‌ییان هـه‌بێـت، گونجاوبن له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵان، دووربن له‌ ته‌ڵقین ئاسایی و له‌ په‌ندێری و له‌ ئامۆژگاریی راسه‌وخۆ، خۆشی و شادی به‌ منداڵان ببه‌خشن، هـۆش و سـۆزداری منداڵان ببـزوێنن، ساكار و سه‌رنجڕاكێشبن، دووربن له‌ تونـدوتیـژی.

كۆمه‌ڵێك رێنمایی
ئـه‌م چه‌نـد رێنماییانه‌ش بۆ سوود وه‌رگرتن، ئاراسته‌ی دایكان و باوكان ده‌كه‌ین:
1- 
پێویسته‌ ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ی بۆ منداڵان نمایش ده‌كرێن، دایكان و باوكان هه‌ڵیانبژێرن و په‌سه‌نـدیان بكه‌ن، له‌‌ ژێـر چاودێـری ئه‌وانـدا منداڵان سه‌یریان بكه‌ن. ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشـنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ پێش نمایشكردنی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان بۆ منداڵان، له‌ سینه‌ماكان و ته‌له‌فزیـۆنه‌كاندا، له‌لایـه‌ن لیژنه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونناسی منداڵانه‌وه‌، كۆنترۆڵ بكرێن و ئه‌و دیمه‌نه‌ نه‌گونجاو و ناپه‌سه‌نـدانه‌یان بسڕنه‌وه‌ كه‌ بۆ منداڵان ناشێن و كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنیان له‌سه‌ر ژیانیان ده‌بـێت.
2- پێویسته‌ دایكان و باوكان، به‌تایبه‌تی و به‌وردیی، پێش نمایشكردن و بینینی فیلمه‌كان له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌، چیرۆكی فیلمه‌كان بخوێننه‌وه‌ و باش سه‌یریان بكه‌ن و له‌ ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌سته‌كانیان تێبگه‌ن. تا دڵنیابن كه‌ شتی خراپ و ناله‌باریان تێدا نییه‌.
3- دوای بینینی فیلمه‌كان، پێویسته‌ دایكان و باوكان، هانی منداڵه‌كانیان بده‌ن، كه‌‌ به‌ڕاشكاوی گـفتـوگـۆ و پرسیار ده‌رباره‌ی سیناریۆ و كه‌سایه‌تییه‌كانی فیلمه‌كان بكه‌ن. سه‌رنـج و تێبینییه‌كانیان چـین ده‌رباره‌ی خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كان و نه‌رێنییه‌كانی فیلمه‌كان.
4- پێویسته‌ دایكان و باوكانیش، به‌شداربن له‌ بینینی فیلمه‌كان و له‌ شیكردنه‌وه‌ و هـه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌كان، له‌گـه‌ڵ منداڵه‌كانیـان. رای خۆیان له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌ربڕن.
5- به‌ زاره‌كی فیلمه‌كه‌كـان كورت بكـه‌نه‌وه‌، با هه‌ریه‌كه‌ له‌ منداڵه‌كان بیانگـێڕنه‌وه‌. دواییش با هـه‌ریه‌كـه‌یان به‌ كـورتی به‌ نووسین باس له‌ فیـله‌كـان بـكه‌ن.
6- با هـه‌ریه‌كه‌ له‌ منـداڵه‌كانتان باس لـه‌و كه‌سایـه‌تییانه‌ی فیلمه‌كان بكه‌ن كه‌ خۆشیانده‌وین، له‌گه‌ڵ باسكردنی هـۆی خـۆشـه‌ویستیـیان بۆیـان.
7- ئه‌گه‌ر بكرێت دیمه‌نێكی دیاریكراو لـه‌ دیمه‌نه‌كانی ئـه‌و فیلمانه‌ی كه‌ ده‌یانبینن. له‌ ماڵـه‌وه‌دا، بـۆ خۆشی له‌گـه‌ڵ منداڵه‌كانتانـدا بـه‌نواندن بیان نوێـنن.
سـووده‌كانی سینه‌مای منداڵان
1- 
سینه‌مای منداڵان جیهانێكی ره‌نگینه‌، له‌ تێكه‌ڵبوونی دیمه‌نه‌كان و موزیك و خه‌یاڵ پێكدێت. بۆیـه‌ بۆته‌ مایه‌ی بایه‌خدانی منداڵان. چیرۆكی فیلمه‌كان هـۆش و خه‌یاڵی منداڵان به‌ره‌و ئاسمانـێكی ئه‌فـسووناوی فراوان ده‌به‌ن.
2- سینه‌مای منداڵان، كه‌ره‌سته‌ و هۆكارێكی گرنگه‌ له‌ بنیاتنـانی رۆشـنبیریی منداڵان و لـه‌ گه‌شه‌كردنی خه‌یاڵ و هـزر و بیری منداڵان. بۆ ئاشكراكردنی وزه‌ و توانا خه‌فه‌ بـووه‌كانیان و قۆستـنه‌وه‌یان بـۆ به‌دروستی ئاراسته‌كردنیان.
3- ئه‌ركی سه‌ره‌كی فیلمه‌ سـینه‌ماییه‌كانی منداڵان، به‌خـشینی خـۆشی و شادییه‌كی تایبه‌تییه‌ به‌ منداڵان. فیلمه‌كان پڕن له‌ دیمه‌نی كـۆمیدی و گاڵـته‌ و گـه‌پ و خه‌نـده‌ و پێكه‌نـین. وه‌كو له‌ فـیلـمه‌كانی كـه‌ڵه‌ ئه‌كـته‌ری كۆمیـدی جیهـانی (چـارلی چـاپـلین) و (میـسته‌ربـین) دا ده‌یانبیـنن، ئه‌گه‌‌رچی فیلمه‌كانی چارلی چاپـلین، به‌‌ ره‌ش و سپین و مێـژوویان بۆ سه‌ده‌یه‌ك پێـش ئه‌مـڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵام چـێژیان هـێشتا كاڵنه‌بۆته‌وه‌.
4- ده‌شێ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان یارمه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ بده‌ن كه‌ تووشی خه‌مۆكی و ترس و گۆشه‌گیری و تووڕه‌یی و دڵه‌‌ڕاوكی بوون، له‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییانه‌ رزگاریان بێت.
5- ئـه‌و هه‌ڵویست و كاره‌ ئه‌رێنییانه‌ی، كه‌ منداڵان له‌ فیلمه‌كانی سینه‌مای منداڵاندا ده‌یانبینن، روڵ و كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌ بنیاتنانی كه‌سایه‌تی دروستی منداڵان و له‌ جێگیردنی ره‌وشت و ره‌فـتاری باش و به‌ها جوانه‌كان له‌ ده‌روونی منداڵاندا هـه‌یه‌.
6- فیلمه‌كانی منداڵان، باشترین هۆكارن بۆ ناسینی داب و نه‌ریـت و رۆشـنبیری و كه‌له‌پور و شێواز و رێگای مامه‌ڵه‌كردنی جیاوازی گه‌لانی ده‌وڵه‌تانی تری جـیهان. چونكه‌ فیلمه‌كان وه‌كو ئاوێنه‌ وان و ژیان و رۆشنبیریی گه‌لانی تر ده‌نوێنن.
7- فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی منداڵان، به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئیلهام به‌خشین داده‌نرێن. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ چیرۆكه‌كانیان له‌ راستیـیه‌وه‌ وه‌رگیراون. هـه‌میشه‌ش فیلمه‌ به‌سوود و باشه‌كان په‌یامی ئه‌رێنی و هیوا و گه‌شبینی به‌ منداڵان ده‌به‌خشن. فێریان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ژیاندا، له‌ سایه‌ی متمانه‌ به‌خۆبوون و كۆشش و كۆڵنه‌داندا، شتێك نییه‌ كه‌ نـاوی ئه‌سته‌م بێت و نه‌یاته‌دی.
8- به‌شـێكی زۆر له‌ منداڵان، له‌ڕێی بینین و گوێگرتن له‌ فیلمه‌كانه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فیلمانه‌ی به‌ زمانی ئینگـلیزی و هه‌ندێ زمانی ترن، كه‌ ژێـرنـووسی كوردییان بـۆ نه‌نووسیون، تا راده‌یه‌كی باش فێری زمانی ئیـنگـلیزی یا زمانی تر بوون.
9- فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی منداڵان، توانایه‌كی جیاوازیان له‌ ده‌واڵه‌مه‌ندكردنی هزر و بیری منداڵاندا هه‌یه‌. وزه‌یه‌كی گه‌وره‌شیان بۆ سه‌رهه‌ڵدان و داهێنان پێیان ده‌به‌خشن.
10- له‌وانه‌یه‌ له‌ڕێی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانه‌وه‌، منداڵان روانینیان بۆ ژیان بگۆڕێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش له‌ منداڵان نه‌شارینه‌وه‌، كه‌ سینه‌مای منداڵانیش، وه‌كو هۆكاره‌كانی تری راگه‌یاندن دوو لایه‌نه‌، سوودی هه‌یه‌ و زیانیشی هه‌یه‌. ده‌بێت منداڵان له‌م دوو لایه‌نه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ بابه‌ته‌كانی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ئه‌و منداڵانه‌ ده‌بێت كه‌ سه‌یری ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ ده‌كه‌ن.
رۆڵی منداڵان له‌ فیلمه‌كانی سـینه‌ماییدا
له‌ زۆر فیلمی سینه‌مایی جیهانیدا، له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌ كوردییه‌كـانـیشدا، زۆرن ئـه‌و منـداڵه‌ به‌هـره‌مه‌ندانه‌ی كه‌ رۆڵـی پاڵه‌وانـێتی یا كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی فیلمه‌كان ده‌بینن و سه‌ركه‌وتنیان به‌و فیلمانه‌ به‌خـشیوه‌. به‌تایبه‌تیش ئه‌و فیلمانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌خودی منداڵانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌لی فیلمی سینه‌ماییش بۆ گه‌وره‌كان، منداڵان ده‌وری سه‌ره‌كییان هه‌یه‌. هه‌ندێ له‌‌و شاكاره‌ فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌، له‌ سایه‌ی رۆڵی پاڵه‌وانێتی منداڵاندا، ناوبانگیان ده‌ركرد و له‌ سینه‌ماكانی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهاندا نمایشكران. به‌ ملێـۆنان دۆلار داهاتیان بوو. نووسه‌ر و ده‌رهێـنه‌ره‌كانیان بوون به‌ ملیـۆنێر.

ره‌زا شـوان

سەرچاوە: knwe