ڕۆژی خوێندن‌و تاجی لوتکەی چیاکانی کوردستان

 

 

 

دالیا جەزا

 

٢٤ ی کانونی دووەم  ڕۆژی جیهانی فێربوون وخوێندنە، ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ساڵی ٢٠١٨ بڕیاری لەسەر دراوە، بەئامانجی ساڵانە بەرزڕاگرتن ونوێکردنەوە وبیرخستنەوەو دەمەزردکردنەوەی بەڕێوەچوون و بەرجەستەیی وتۆماری ئاماری خوێندنی زانستەجیاوازەکانی نێو وڵاتانی جیهان وشارەزاییپێدانی دانیشوانیان بەو داهێنراوە نوێیانەی بەردەوام لەپاڵ بازدانە گەورەکانی جیهانگیریدا، سەرهەڵدەدەن ودەگەن یان هەوڵدەدرێت بگەنە هەموو بەشێکی ئەستێرەی زەوی.
 

لەو ڕوانگە حاشا هەڵنەگرەشەوە کە فێربوون بنەمای گەشەسەندنی مرۆڤایەتییەو ئەو کۆمەڵگایانەی ئاستی خوێندن تێیاندا بەرزە، لەگەڵ بەرەوژوور ڕۆیشتنی ساڵ وسەردەمەکان چەندین خزمەتیان بۆ بەرژوەندی خۆیان وبۆمرۆڤایەتی تۆمارکردووە. بۆیە شیاوە، لەم ڕۆژەدا تیشکێک لەسەر بایەخەکەی دابنێین.
 

 ئاخۆ  چانسی بەدەستهێنانی زانست ومەعریفە بەرفراوانانەکانی دنیای ئەمڕۆ هەموو نەتەوەکان بەشیان تێیدا هەیە. بێگومان وەڵامەکە نەخێرە، بەئاگاداربوون لەبارودۆخی ئەو کۆمەڵگایانەی گرفتی شەڕو کوشتاروئاسایش وئابووری وهەژاری وگەندەڵی وژینگەیی بەرۆکی گرتوون. زۆرینەی ئەو وڵاتانەش دەکەونە جیهانی سێیەم یان وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و ئەوانەن بەهۆی شکستی سستمی ئیداری وسیاسییانەوە  پاشەکشەی زانستییان هەیە .
 

ئەگەر بێینەوە لای خۆشمان بزانیین ساڵانە لەڕۆژی جیهانی فێربووندا بەو هەموو دامەزراوە فێرکاری وڕێکخراوە مەدەنی وناحکومی وڕۆشنبیری و مناڵان وگەنجان وپیاوان وژنانەوە. تا ئەمڕۆ چی ئەبینین ئایا هیچ پەیامێک بۆ شکۆدارکردن یان زیندوکردنەوەی بەهای دەردەداری فێربوون وزانست ئاڕاستەی کۆمەڵگاکەمان کراوە یان دەکرێت، من بەدەگمەن بیستوومە یان گوتاری وام بەدیکردوە، ئەگەر خوێنەری بەڕێزیش پێچەوانەی ئەم بینینەی منی لەلایە، مافی سەرنجە کۆمێنتی هەیە.
 

بەهای فێربوون هێندە گەورەیە، لەسەرەتای ژیان لەسەر زەوی و لەچاخەبەردینەکانەوە، ئەگەر مرۆڤ زانستی بۆ خۆی دەستەبەر نەکردایە، تەنانەت دەفرێکیش نەدەبوو نانی تێدا بخوات، زمانی قسەکردنیش نەدەبوو..

 

ئەمڕۆش خۆهەڵدانی فێربوون هێجگار قەبەیە، ڕۆبۆتێکی دروستکراوی دەستی مرۆڤ ئیشی تۆ دەکات، ئامێرێک لەبری مامۆستاکەت وهاوڕێکەت بەزیرەکی دەستکرد وەڵامت دەداتەوەو کردارەبیرکاری وئابوری وئەندازیاریی وهونەرییەکانت بۆ چارەسەر دەکات ودەیداتەوە دەستت، مرۆڤ بۆگەشتیاری دەچێتە ئەستێرەکانی تری دەروەی زەوی. لەم نێوەندە هەڵتۆقیوەی زانستدا، نیگەرانییەکە ئەوەیە، لەهەرێمەکەی ژیانی ئێمەدا ژمارەیەکی زۆر گەنج وهەرزەکارومناڵمان هەیە قەوارەی فێربوون وزانست لەلایان بچوکبووەتەوەو بەقانعی شاعیری کورد دەڵێن بۆچی وتت: 
 

ڕۆڵەکەم خوێندن بخوێنە 

مەکتەبە دەرمانی کورد

تێگەیشتن مەرهەمە بۆزامی کورد 
 

 نەوەی ئێستا بڵندی خوێندن نابینن بەفاکتەرەکانی چەندین جار وەستاندن و بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن لەنێوەندەکانیاندا. لەگەڵ بینینی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دوور لەزانست ومەعریفە کە دەستبەری پێشکەوتووترین شوێنی ژیان و ئامێرە تەکنۆلۆژی وئۆتۆمبێلیان بۆ دەکرێت وڕێزلێنانی بەبێ بەرهەمیان بۆسازدەکرێت. نموونەی کچ وکوڕە مۆدێل ویوتیوبەروتیکتۆک چیی وبەناو هونەرمەند وشوێنکەوتوی حزبە سیاسییەکان و کۆمپانیازەبەلاحەکان  وڕیکلامچییەکانیان،.کاتێک ئەوانە هیچ نابەخشنە زانست وفێربوون. سەروەت وسامان ودیاری وگەشتەجیهانییەکانین لە پەیجەکانیانەوە نمایش دەکەن، له هەمان کاتیشدا چەند نەوەیەکی خاوەن بڕوانامەی خوێندن هیچ کارێکیان دەستناکەوێت لەبواری خوێندنیاندا یان ساڵێک کارێکی دوور لەبواری خۆیان دەکەن ولادەبرێن ودواتر دەچنە بوارێکی تری کارکردن. ئەوەشیان زامنی بەردەوامی نییەو پاش ماوەیەک تەواودەبێت. بۆیە کێشی کردوون زۆرینەیان  بەبێ ئارەزوو یان توانای خۆیان داوای ئەو بەشانەی زانکۆ تایبەتەکان بکەن کە کایەی کارکردنیان بۆ زیاترە.. ئەم بارودۆخەش چەندین دەرئەنجامی نەرێنی دەروونی وکرداری وکۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە. جگە لە نەزانینی  مەعریفە جیاوازەکان لە نێو دەرچووانی زانکۆکاندا.
 

دیارە لەهەموو نائومێدییەکیشدا دەستەوەستانیش، قوڵترکردنی گرفتە، هەر بۆیە بۆ هێناناوەی زانست خۆمان هیچمان بۆ ناکرێت، ڕێکحراوەکانی گەشەپێدانی مرۆیی وڕێکخراوە مەدەنییەکان (گەر پەیوەستی دەستەڵاتیشبن) دەشێت داوای هانا خوازی لە نووسینگەکانی یۆنسکۆ بکەن بە هاوکارییەکی کەمیشبێت بەهای خوێندن بگەڕێننەوە پێش چاوی نەوەی ئەمڕۆمان ، لەبەر ئەوەی پەیامەکەی یۆنسکۆ بۆ ڕۆژی جیهانی فێربوون، پلانی گەشەپێدانی بەردەوامە هەتا ساڵی ٢٠٣٠ لەو وڵاتانەدا کە لەو ڕووەوە کەلێن وکێماسییان هەیە وپێویستیان بەهاوکارییە . ئەگەر ئەوەش چارەسەرێکی لاوازبێت یان کەس سەری خۆی بۆ نا ئێشێنرێت ، ئەوەمان پێدەکرێت لەنێۆ خێزانەکانی خۆمانەوە مناڵاکانمان لەسەر ئەوە پەروەردەبکەین کەجارێکی دی ئەبێت مرۆڤ دروسبکرێتەوەلەسەر بنەماکانی زانست دۆستی ومرۆڤ دۆستی وویژدان پیادەکردن لە هەنگاوە ژیانییەکاندا،  لەبەر ئەوەی کردەی مرۆڤەکان ناهاوسەنگی خستە ژیانەوەوشکۆی زانستیشی ڕووخان. ئەگەر مرۆڤی ئێمە زانستی لەپێناو بەرزڕاگرتنی کۆمەڵگا وخزمەتی ڕاستەقینەی نەتەوەکەی خۆی بەکاربهێنایە،  ئەمڕۆ  گەندەڵی سەری زانستی نەئەخوارد وئەو زانسته ئەبووە تاجێک دەچووە سەر لوتکە چیاکانی کوردستان.

 

سەرچاوە : سپی میدیا