ڕۆژنامەی "دەیلی سەباح"ی تورکی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، لەئێستادا سوپای تورکیا بەکرداری ناوچەیەکی دابڕاوی بەقوڵی 15بۆ 30 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستکردوە، ئاشکراشیکردوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدەدات.
ڕۆژنامە تورکییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "سوپای تورکیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ قفڵ"و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بەدرێژایی 620 کیلۆمەتر کە دەکاتە 385 میل، ڕێگهی سەربازیی لەناوچەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دروستکردوە.
بەگوێرهى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات.
دەشڵێت:"هەماهەنگییەکی گەورە لەنێوان ئەو دوو لایەنە لەبواری سیاسییو سەربازییدا هەیە، بەڵام چاوەڕوانییەکانی تورکیا سەبارەت بەدروستکردنی هاوبەشییەکی هاوشێوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دژ بەپەکەکە بەدینەهاتوە".
ئەوەش هاتوە، "ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی تورکیا، یەکێتیی تۆمەتباردەکەن بەوەی ڕێگە بەئەندامانی پەکەکە دەدات بەشێوەیەکی ئازادانە لەسلێمانییدا هاتوچۆ بکەن".
جەختیشی لەوەکردۆتەوە، لەوکاتەوەی یەکێتی سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی دروستکردوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو پارتەو تورکیا خراپتر بوە، لەکاتێکدا لەسەردەمی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی باشبونێکی ڕێژەیی لەپەیوەندییەکانیاندا دروستبوو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان یەکێتییو تورکیا، بەڵام ئەنکەرە نایەوێت بەتەواوەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتییدا بپچڕێنێت، لەبەرئەوەی هەردولا سود لەبەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەبینن، جگەلەوەی ئەو پارتە هێشتا لایەنێکی کارای ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
سەرچاوە : ئاوێنە