ڕووداوەکانی تورکیا و پرسی کورد

 

شوان حەمە

 

١. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوە ناوخۆییەکانی ئێستای تورکیا، ڕاستەخۆ پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە.

گوتەیەکی ئەردۆغان هەیە دەڵێت: ئەو کەسەی ئیستەنبول بباتەوە، تورکیا دەباتەوە. 

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩،  پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە ئامانجی سەرخستنی کاندیدەکەی ئیکرەم ئیمامئوغلو، داوای هاوکار لە کورد کرد! کوردیش بە مەبەستی لاوازکردنی ئەردۆغان، دەنگیان بە ئیمامئوغلو دا. لە ئەنجامدا ئوغلو ئیستەنبولی بردەوە و کاندیدەکەی ئەردۆغان دۆڕا.

هەمان سیناریۆ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ دووبارە بووەوە. 

بە کورتی ئەو هێزەی ئیمامئوغلوی کرد بە گژ ئەردۆغاندا، هێزی دەنگدەری کوردە.

ئەردۆغان هەوڵ دەدات جارێکی تر، پرسی کورد لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێت، کورد لە جەهەپە دوور بخاتەوە، لەوەش تێگەیشتووە نزیکبوونەوە لە کورد و ڕازیکردنیان، باجدان و لەبەردانەواندنی دەوێت!

٢.  ئامانج لە دەستگیرکردنی ئیکرەم ئیمامئوغلو، کە لە ئێستادا شارەداری ئیستەنبولە و ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ڕێخۆشکردنە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوورە تورکییەکە. 

 دوای دوورخستنەوە، یان لاوازکردنی ئیمامئوغلو، ئەردۆغان دەیەوێت پرسی کورد و هەڵبژاردنەوەی خۆی وەک سەرۆکی تورکیا تا مردن، لەیەک پاکێجدا بە دەستوور هەموار بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە دەنگەکانی دەم پارتی هەیە. 

هەموارکردنەوەی دەستوور لە پەرلەمان، پێویستی بە چوار سەد دەنگ، لە کۆی شەش سەد دەنگ هەیە. ئەگەر ئەردۆغان دەنگەکانی دەم پارتی گەرەنتی بکات، لەگەڵ دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرست و هودا پارتی و چەند کورسییەکی لێرە و لەوێ، شایەنی هەیە چوارسەد دەنگی بەڵێ بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور کۆبکاتەوە.

٣.  پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەو دۆخەی ئێستاوە توانای تێپەڕاندنی قۆناغەکەی نییە. ڕاستە ئیکرەم ئیمام ئۆغلو سیاسییەکی هەڵکەوتوی چەپگەری جەهەپەیە، بەڵام پارتەکەی کێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە. سەرۆکی ئێستای جەهەپە ئوزگور ئوزەل تۆمەتبارە بە هاوکاریی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەردۆغان. سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە کەمال کلچدارئوغلو، هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە دەدات. مەنسور یەواش کە لە ئێستادا شارەداری ئەنقەرەیە، نوێنەرایەتی باڵی ڕاستی ناو جەهەپە دەکات! لەوانەش مەترسیدارتر، سکاڵا ناوخۆییەکانی پارتەکەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئێستای جەهەپە ئوزگور ئوزەل.

بە پێی یاسای تورکی، دادگا دەتوانێت هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی جەهەپە هەڵبوەشینێتەوە و حکومەت قەیومێک وەک سەرۆکی حیزبەکە دیاری بکات.

٤.  لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە دیاریکراوی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ، بێجگە لە پێگەی جیۆستراتیجی تورکیا، ئەردۆغان بۆ ئەمریکا و ئەوروپا پێوستییەکە، بەتایبەت لە پرسەکانی سوریا و فەلەستین و ئۆکرانیا، هەمانکات وەک هێزێکی سونیمەزهەب لە ڕووداوە چاوەروانکراوەکانی ئێران، ئەردۆغان گرەو لەسەر ڕۆڵی خۆی دەکات.

خۆشخەیاڵییە دڵ بە داوا و ڕەخنەکانی ئەوروپا دژ بە ئەردۆغان خۆش بکەین.

ئەوروپییەکان بە هەموو هێزی خۆیان، نەیانتوانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کەڤالا لە زیندانەکانی ئەردۆغان ڕزگار بکەن، ئایا ئێستا دەتوانن فریای ئیمامئوغلو بکەون!؟

٥. پرسیاری گرنگ لێرەدایە: ئایا ئەردۆغان دەتوانێت سەرە داوە ئاڵۆزەکان لە یەکتر جیا بکاتەوە و جارێکیتر تۆڕەکە بە دڵی خۆی بچنێتەوە؟ یان پێشهاتی نوێ ڕیسەکەی لێ دەکەنەوە بە خوری؟

سلێمان دیمریل، سەرۆکی پێشووتری تورکیا،  گوتەیکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: لە تورکیا بیست و چوار کاتژمێر، کاتێکی درێژە بۆ سیاسەت. 

٦. پرسی کورد لە تورکیا، ئەو تیرەیە لە کەوان دەرچووە. ئەو تیرە کێ دەخات و کێ لێی دەرباز دەبێت، تا ئێستا دیار نییە!

کاریگەری ڕۆڵی کورد لەم قۆناغەدا، دەگەرێتەوە بۆ کورد خۆی، ئایا تورکەکان دەتوانن ئەمجارەش کورد بەکاربێنن، یان کورد توانای هەیە دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێت؟

سەرچاوە : سپی میدیا