ڕفێنەری مناڵەکانی سەرشەقام ئاشکرابوو..!

ئایا گوێت لە ڕفاندنی منداڵان بووە لە شەقامەکانی بەیروت؟
یا لە کۆڵانەکانی بەیروت لە ساڵی 1937 کە جیهان بە گەورەترین ڕفێنەری منداڵان لە جیهان ئاشنا بوون.

ڕۆژێک هەموو منداڵەکان لە گۆڕەپانەکانی شاری بەیروت لەگۆڕەپانی شەهیدان و گۆڕەپانی تاوەر و شەقامی بانک و پلیکانەکانی خان ئەلبەید و دەوروبەری سینەمای پرۆکسی و ئیمپراتۆریەت و ئۆپێرا وون بوون.

وە هەموویان کە بەناو (منداڵەکانی سەر شەقام) دەناسران ڕفێنران ودیارنەمان...

لە منداڵی فرۆشیارانی جام و تیروپشک و پێڵاوخاوێنکردنەوە و فرۆشی گوڵ و کیسە کاغەزی، تا دەگاتە منداڵانی سواڵکەر و هەژار.

ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی خێزانەکانی بەیروت دا بڵاوبووەوە و دەستگاکانی ڕاگەیاندن ووتارو ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەنووسان لەرۆژنامەکان وەک بارانی بەهاردەستی پێکرد.             

تادەرکەوت ڕفێنەری منداڵەکان وەزیری بەرگری نیشتمانی ئەو کاتە بوو، (ڕەشید بەیدون)، ئەو 400 منداڵی سەرشەقامەکانی کۆکردەوەو بردنی و جل و بەرگ و پێڵاو و هەموو شتێکی پێویستی بۆ کڕین و لە قوتابخانەی عامیلیە لە ڕاس ئەلنەبع داینان، کە ئەو دامەزراوە پێشتر ئامادەکردبوو بۆ وەرگرتن و مانەوەیان  پەروەردەکردنی هەموویان لەسەر حیسابی خۆی.

بانگی دایك و باوكی منداڵەکانی كرد و پێی گوتن: من ئاگام لە منداڵەکانتانە تێچووی خوێندنیان و خەرجی بژێوی ژیانیان لە خۆراك و جلوبەرگ و تەندروستی دەدەم و هەموو شەممەیەك هاوتای ئەو پارەیە دەدەم بەئێوەش كە لە كارەكەیان دەستیان كەوتووە.

هەرمنداڵێکیش بۆ لەمەودوا لەسەر شەقامەکان ببینرێن، بی لێپیچینەوەو دادگا دایک وباوکیان زیندانی دەکەم !

ژمارەیەکی زۆریان لەومنداڵانە قوتابخانەیان پێ تەواوکراو ڕەوانەی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەوروپا کران بۆ درێژەدان بە خوێندنی زانکۆ.

وە یەکەم بینای زانستی لە بەیروت دامەزراند کە هەموو مەزهەبەکان لەخۆدەگرت.

ئەم ڕفێنەرە کە منداڵی نەبووە، 
یەکەم دەستکەوتی پەروەردەیی دوورلە تائیفەگەری لە لوبنان بەدەستهێناوە.
ڕەشید یوسف بایدون، وەزیر و پەرلەمانتار و ڕۆشنبیر، ڕفێنەرەکە، دامەزرێنەری کۆمەڵەی خێرخوازی کرێکارانە لە لوبنان (بۆ پشتگیریکردنی کرێکارانی گەنج).

بەڵێ لەم بەڕێزە خێرخوازانە لەگشت شارەکانی کوردستان وەک ڕۆژی ڕوناک دیارن، نمونەی علی کمال و علی ناجی و حمەجزای حاجی علی ئاغا و مەلای گەورەی کۆیەو مەولانا خالید و مفتی هەولێر گەلێکی تر...

بەداخەوە مێژووی ڕەشی ڕۆژهەڵات پڕە لە چیرۆکی چەقۆکێش و پیاوکوژو دز و گەندەڵەکان و بەرزکردنەوەی پێگەیان و پیرۆزکردنی ناوەکانیان، بۆئەم کارەش هەمیشە مێژوو دەشێوێنرێت! بەڵام مێژووی ژیان و چیرۆکی مەزنەکانی دۆستی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی باس ناکرێت و ناویان کاڵ دەکرێتەوە.