ڕاپەڕینی ڕەنگ و هێڵەكان

موحسین ئەحمەد عومەر
   لەگەڵ شێواز و فۆرمی كاركردنی هونەرمەند حەمە هاشم دەچینە ناو فەزا و جۆرێكی تری كاركردن كە تا رادەیەكی زۆر لە ناو فەزای هونەری شێوەكاری كوردی نوێیە و چەندین نیشانە و شێوازی نوێخوازییان هەڵگرتووە، ئەم نوێخوازییە كۆمەڵێك هەڵكەوت و ئاستی هەیە، لەلایەك وەك شێوازێكی هونەری و ئەبستراكتی كاركردنی جیا و تایبەتە، لە لایەكی ترەوە وەك بوونی روانین و بیركردنەوەیەكە‌ لە واقیع و سەردەمی ئەمڕۆ، هەر دوو ئاست‌ بە پلەی یەكەم وەك ئاڵنگارییەك خۆیان دەنوێنن.
 لە تابلۆكانی كاك حەمە هاشم، بە تایبەتی لەوانەی دوا پێشانگاكەی‌ مانگی ئۆكتۆبەری 2022، هەموو شتێك هەیە، لەهەست و روانینێكی سادەوە بگرە تا دەگاتە توندوتیژی كۆمەڵایەتی، پانتاییەك بۆ خواستی ئازادی و ئاسۆی دیكەی نوێ و بوونی رەنگی زۆر‌ دەشێ وەك هاوتایەك بۆ دەنگی ژن و سروشت و ئازادی وەرگرین، هەر ئەمەش ئەمڕۆ یەكێ لە داواكارییە رۆژەڤییەكانە.
   وەك سیما و پێكهاتەی تابلۆكان لە ناوەوە، وەك شێواز و هەڵسوكەوت لەگەڵ رەنگ و هێڵ و پانتایی و چڕبوونەوەو سێبەرو رووناكی و فەزای بۆش و فۆرمە جیاجیاكان، كە هەر یەكەیان مانا و واتایەك دەگەیەنن، وەك گۆشە و بازنە و بوونی وردە تێكستی تایبەت بە ژیانی ئەمڕۆ و داواكارییەكان، كە زیاتر وەك رەخنەو پڕۆتێستۆ دێنە بەرچاو، دەچینە‌ ناو فەزایەكی بەشێواز ئەبستراكتی سێمانتیكی یان واتایی، رەنگ و هێڵ و خەت و هەموو شتێك دەبێتە ئەو خواست و داواكارییە تازانەی ئەمڕۆ، هێڵە تیژ و هەراسانكارەكان نیشانەن بۆ ناڕەزایی، پانتاییە پیرۆزەییەكان بۆ ئارامی و هیوای زۆر، پانتاییە بۆر و رەش و رەنگەكانی دی مەزن كردنی كێشەكانی مرۆی ئەمڕۆیە. هەموو ئەمانە رەنگ و فۆرم و شێوازەكان ئاراستەیەكی بیركردنەوەی دیار و هونەرین بەڵام  پڕ لە تەوق و ئاڵۆزی و بێ سنووری بە بینەر دەبەخشن، ئەمەش وەك بەخشینی جۆرێك لە زیندوویە بە روانین و رەهەندەكان.
  لەم ئەزموونە هەموو شتێك ناجێگیرە، هەموو شتێك سرك و ناكامە، هەموو شتێك جوان و ناسك و قورساییەكی توند و بەئازاریان هەیە، بەڵام هەموو ئەم سیمایانە لەناو سیمایەكی ترن بریتییە لەڕەهەندی جوانیناسانە، ئێمە چۆن بتوانین بە رەهەند یان بەمەودای جوانیناسانە باس لەدڵەڕاوكەو كێشە كۆمەڵایەتی و كێشەكانی ئەمڕۆی مرۆڤ بكەین، باس لەڕوانینی دەروونی و میتافیزیكی مرۆڤ بكەین، ئایە ئەمە دەشێ، بێگومان دەكرێ، وەك چۆن لەم تابلۆیانە كراوە. لەم ئەزموونە نوێیەی كاك حەمە هاشم هەستی پێدەكەین، مرۆڤ به ‌هەموو ئاستەكان دەخرێتەڕوو، پانتاییەك لە ڕەنگی پیرۆزەیی‌ پان و بەرین وەك هەناسەیەكی درێژ و فەزایەكی ئارام و پڕ لە ئاسوودەیی هەڵدەكشێ و درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە كۆتایی رەنگ وەك جیهانێكی هەستیار ناوەوەی مرۆڤ دەربڕێ، دەگۆڕێ و دەبێتە رەش و بۆر و سپیواژی و لە شێوەی بەردی تیژ و درێشە وەك هێڵە لە ناكاو تیژەكان كۆتایی بەو فەزایە دەهێنن، ئەمەش واتە كۆتایی هاتنی ئارامی و ئاسوودەییە و لەولاشەوه ‌نیشانەی ئاییندەیەكی نادیارە.
هونەرمەند دەیەوێ لە هەموو لایەكەوە دەورەی مرۆڤی كورد بدا وێنا و ئیماژی ناوەوەی خۆی، واتە هی ئەو مرۆڤە بخاتەڕوو، دەبینین رەنگەكان، هێڵەكان، هەڵكەوتێكی پڕلە توند و تیژی و پڕ لە روانگە و بیركردنەوەن، رەنگ و هێڵەكان هەموویان لە هەڵاتن و بیركردنەوە و جوولەن، شێوازی كاركردن و فۆرمەكان، لە شێوەی دڕان و و هێڵی تیژ و شێواو و زەق و نەرم وێڕای كۆنتراستی رەنگەكان و تاری و ڕوونی دەمانبەنەوە ناو ئەم فەزایە بێ سنوور و پڕ لە دڵەڕاوكەی مۆرڤی ئەمڕۆی كورد، بەڵام بە فۆرمێكی جوانیناناسەی تازە كە دەرگا بۆ روانینی تازە و رەهەندی هونەری تازە دەكەنەوە.

 

 

سەرچاوە: galawej