چەند هەنگاوێک بۆ رێگرتن لە توندوتیژیی دژی ژنان

جوان شێخ لەتیف


 
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردی نییە، بەڵکو لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا، بەرامبەر ژنان توندوتیژی دەکرێت، هۆکاری زۆری ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەیە، هەروەها ژنانیش هەن بەرامبەر پیاوان توندوتیژیی دەکەن، بەڵام ئەمەیان نەبۆتە دیاردە.
پێموایە ئەگەر ئەم شەش هەنگاوە بنرێت بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، ئەوا دەکرێت ببنە هۆکاری کەمبوونەوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان:
یەکەم: بنیاتنانی پەروەردەیەکی تەندروست، لەم رووەوە چەندین بۆچوونم خوێندۆتەوە، شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بوونی پەروەردەیەکی مەدەنی، دەتوانێت ببێتە هۆکاری پێگەیاندنی تاکەکان لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەنگاوی لەو جۆرە بنێت.
دووەم: خێزانی هۆشیار، واتە دایک و باوکی مرۆڤدۆست دەتوانن منداڵەکانیان لەسەر بنەمای مرۆڤبوون پەروەردە بکەن نەک رەگەزی کچ و کوڕ. ئەگەر کچ یان کوڕ وەکو مرۆڤ پەروەردەکرا و باوک یان دایک گرنگیی بە هەردووکیان دا وەکو یەک، ئەوا کچ و کوڕێکی مرۆڤدۆست دروستدەبێت نەک رەگەز جیاوازی شەڕ خواز.
سێیەم: مامۆستا زۆر گرنگە لە دروستکردنی مرۆڤی ژیاندۆستدا، گرنگە پەروەردە چاویان لەسەر پێگەیاندنی ئەو جۆرە مامۆستایانە بێت نەک مامۆستای نێرسالار، چونکە ئەو دیاردەیە دەبینرێت.
چوارەم: رەخساندنی دەرفەتی ئابووری و کار بۆ ژنان دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی ژنان ببنە خاوەن کەسێتی سەربەخۆی خۆیان و لەناو ماڵدا ببنە بەشێک لە پڕۆسەی بڕیاردان، یەکێک لە هۆکارەکانی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە خراپی دۆخی ئابوورییە، توندوتیژی لە بارودۆخی ئابووری خراپدا زیاتر دەبێت، هەروەها هێزە توندڕەوەکانیش بەهەمان شێوە لەو شوێنانەدا گەشە دەکەن.
پێنجەم: رێکخراوەکانی ژنان لایەنی سەرەکیی داکۆکیکارن لە مافەکانی ژنان، بەڵام زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای سیاسی لەسەر کارکردنیان وایکردووە دووربن لەیەکتر، ئەوە کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی تواناکانیان لە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. 
بۆیە یەکێکە لە ئەرکە هەر هەنووکەییەکانی ئەو رێکخراوانە دانانی پرۆژەیەکی هاوبەشە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن و گوشار دروستبکەن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ پیاواندا.
شەشەم: رۆڵی ژنان خۆیان بنەمای سەرەکی کەمکردنەوەی توندوتیژییە، خۆپێگەیاندن، بەشداریی سیاسی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قورس، ملنەدان بۆ خۆسەپێنی، پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لەسەر بنەمای مرۆبوون، خۆسەلماندن لەوەی تواناکانیان لە توانای پیاوان کەمتر نییە لە کارکردن و بەرێوەبردنی فەرمانگە و پڕۆژەکاندا و زۆر شتی تریش.

گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان، بە بەشداریی ژن سەرکەوتوو تر دەبێت

سەرچاوە : کوردستانی نوێ