چەند ئامۆژگارییەک بۆ بەرپرسانی هەرێم

نەوزاد بەندی

 

ــ چەندێک دەسەڵاتدار بیت ، لە تۆ دەسەڵاتدارتر هەیە ، چەندێکیش بێدەسەڵات بیت ، لە تۆ بێ دەسەڵاتتر هەیه ، هەر بۆیە نە به دەسەڵات خۆت بە شت بزانە و نە لە بێ دەسەڵاتیشدا خۆت بە هیچ بزانە .

ــ کە ئادەم هاتە سەر زەوی ، هەموو زەوی خۆڵ بوو ، ئێستا هەموو ئەو باق و بریقەی دنیا ، لە خۆڵ دروستکراون ، هەر بۆیه هەتا سامان زیاتر کۆبکەنەوە خۆڵتان زیاتر کۆکردۆتەوە لە خۆتان ، ئەوەیش گەمژەییەکی گەورەیە هەر بۆیە مرۆڤە بەرزەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی کەمترین داهاتیان لە دوا به جێماوە .

ــ تەماشایەکی مێژووی نزیک بکەن ، ئەوانەی جەنگی هەشت ساڵەی عێراقیان به ڕێوە برد ، ئێستا لەناو خاکدان و لە هەموو لایەکەوە نەفرەتیان بۆ ئەڕوات چونکە دوو میللەتیان وێران و تەفروتونا کرد .. ئێوەیش ئەڕۆنە خاکەوە ، با دوای خۆتان لە جیاتی نەفرەت ڕەحمەتتان بۆ بڕوات ..لە جیاتی وێرانە ، ئاوەدانیی بە جێ بهێڵن .

ـــ واز لە خۆپەرستی و خێزانپەرستیی بێنن ، پیاو کە ئەبێتە فەرمانڕەوا ، خێزانەکەی بریتیە لە هەموو میللەت ..نەک تەنها کوڕ و کچەکانی خۆی .. ئەگەر کورتبین بن و تەنها بەرژەوەندیی کوڕ و کچەکانی خۆتان بوێت ، ئەوا بە دەستی خۆتان کورسێکەتان لە ژێر خۆتاندا لا بردووە و لە خێزانە گەورەکە یاخی بوون ..ئەوەیش پێشهاتەکانی خراپ و ترسناکن ، چاوێک بخشێنن بە چارەنووسی چاوچیسکۆ و قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵحدا ..

ـــ میللەتی کورد ، دڵپاکترین و دڵسافترین و بێ تاوانترین میللەتن لە دنیادا ، ئەوەی خیانەتی لێ بکات ، خوای گەورە گەڕ و گول و ڕیسوای ئەکات .. بڕوانن ، ئەوانەی دەستی ئەو میللەتەیان بڕی لە ڕێکەوتننامەی جەزائیر ، هەواری بومیدیانی سەرۆکی جەزائیر بە دەردی گەڕ و گولیی گیانی سپارد و ..شای ئێران بە ڕیسوایی لە ئەمەریکا به گریان و گینگڵدانەوە گیانی لێ سەنرایەوە و ..سەدام حسێنیش لە چاڵێکدا به ڕیسوایی گیرا و لە بەرەبەیانی جەژنی قورباندا پەتکرا و ڕۆحی کێشرا .

ــ میللەتی کورد زیرەکترین میللەتەکانی دنیایە و زۆرینەی ناودارانی عەرەب و تورک و فارس لە بنچینەدا کورد بوون بۆ نمونە دامەزرێنەری ئۆتومبیلی کارەبا لە کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆڕزی ئەمەریکا ، کاک جەباری ڕانییەکەی خۆمان بوو .. هەر بۆیە بێ ڕێزیکردن ۆ مافخواردنی میللەتێکی وا زیرەک ، پێشهاتی خراپی لێ دەکەوێتەوە چونکە بە پێی فەرموودە زاناکان ئەمیندار و پەرلەمانتاری دیوانی خوان لەسەر زەوی .

ــ تاوانێکی گەورەیە میللەتەکەت بکەیت بە بەرخۆر و بێ بەرهەم و ..وڵات له کارخانەی میللیی خاڵیی بکەیت ، لە بەر ئەوەی دڵی تورکیا و ئێران و چین و ماچین ڕابگرن ، کوردستان بکەن بە بازاڕی ئەو وڵاتانە .. ئەمە تاوانێکی هەرە گەورەیە ، میللەتێکی زیرەکی داهێنەر ، بکەیت بە میللەتێکی بێ کار و بێ بەرهەم و چاو لەدەستی میللەتانی تر کە زۆرینەیان بە خوێنی سەری کورد تینوون.

ــ هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گەڕانەوە .. ئەتوانن داوای لێبوردن لە میللەتەکەتان بکەن و ئاشتەوایی گشتی ڕابگەیەنن و ئەو خۆڵ و تۆزەی کۆتان کردۆتەوە بەسەر میللەتەکاندا دابەشی بکەن .. هەمووی تۆز و خۆڵە و..دواجار خۆیشتان و میللەتیش دوور و نزیک ئەبنەوە وئەبینەوە بە تۆز و خۆڵ ..

ــ ئەو سەرکردانەی مێژووی مرۆڤایەتیی کە بوون بە نمونە و سیمبوڵی نیشتمانپەروەریی و مرۆڤ پەروەریی ، لەڕێی میللەتەکانیانەوە بەو پلەیە گەیشتون و لە مێژوودا نەمر بوون .. پارە و ماڵ و مناڵی دەوڵەمەند لە دەردەسەریی زیاتر، شتێکیان لێ چاوەڕوان ناکرێ وەک لە ژن و ماڵ ومناڵی بن عەلی و موبارەک و سەدامدا بینیمان ..

ـــ میللەتی کورد دڵی پاکە و .. بە گوڵێک ، بەهار دێنێ ..بەڵام کە تووڕەیش بوو ، هۆلاکۆ ئەبەزێنێ ..ئەمنە سوورەکان ئەڕوخێنێ و هێڵە سوورەکان ئەبەزێنێ و .. کەڵەکەی لاشەی تاوانبارە کوژراوەکانی  ، شارو شارۆچکەکانی  ئەگرێتەوە ..

ـــ دڵتان بە چەکدار و دەمامکدار و کۆماندۆ  خۆش نەبێت ، ناپلیۆن ئەڵێ بەهێزترین سوپا لە بەرامبەر میللەتی تووڕەدا خۆی ناگرێ ...

 

 

سەرچاوە ؛ ئاوێنە