چیرۆكی‌ "ماریا سام" كرا به‌ شانۆ و له‌ سوید نمایش كرا

هه‌شته‌مین دیداری شانۆی كوردی "یۆتۆبۆری" به‌ هه‌وڵی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری له‌ شاری یۆتۆبۆری له‌ سوید به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌شته‌مین دیداری شانۆی كوردی به‌ دروشمی "به‌سه‌ ژن كوشتن له‌ كوردستان" و به‌ نمایشی شانۆگه‌ری "مه‌رگی ئاو"  سه‌عات شه‌شی‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 20ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چوو كه‌ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی یۆتۆبۆرییه‌ له‌ نووسینی "یه‌ڵدا حوسێن" و ده‌رهێنانی "به‌كر ڕه‌شید"ه‌ كه‌ تیایدا "كامه‌ران كه‌مال" و "ئه‌رینا موحه‌مه‌دی" ڕۆڵیی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن.

شانۆگه‌ری "مه‌رگی ئاو" له‌ لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ری شانۆ و هه‌روه‌ها ئاماده‌بووان پێشوازییه‌كی باشی لێ كرا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رپرسانی هه‌شته‌مین دیداری شانۆی كوردی "یۆتۆبۆری" ئیزنیاندا كه‌ له‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و دووجار، ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ نمایش بكرێت.

شانۆگه‌رییه‌كه‌ ڕووداوێكی ڕاسته‌قینه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان گێراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كوشتنی‌ "ماریا سام"ه‌ كه‌ له‌لایه‌ن براكه‌ی‌ كوژرا و رووداوه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌. 

كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان ئاماده‌كاری‌ ده‌كات بۆ سازدانی نۆیه‌مین دیداری فیلمی كوردی "یۆتۆبۆری" كه‌ له‌ رۆژانی 26 و 27ی نۆڤه‌مبه‌ر كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

سەرچاوە: wishe