چۆن لەڕێگەی سینەماوە شووناسی كورد دروست دەكرێت؟

تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێكی لەژێر ناونیشانی "سینەمای كوردی لەدەرەوەی قوربانی بوون: دروستكردنی شوناسێك بۆ نەتەوەی كورد لەڕێگەی سینەماوە"، بۆ خوێندكاری دكتۆرا "ئاوات عوسمان عەلی" ڕێكخست و دیالۆگەكەش لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بەڕێوە چوو.
سەرەتا ئاوات عوسمان عەلی گەڕایەوە بۆ سەرەتای ڕاپەڕین و بڕیارێكی بەرەی كوردستانیی ئەوكات، ئەویش سەبارەت بە لێخۆشبوونی بەشدارانی تاوانەكانی كوشتن بووە یان تۆڵەكردنەوە لێیان، كە لە ئەنجامدانی بڕیاری لیخۆشبوونیان بۆ دەركراوە. ئەو پێی وایە قوربانییەكان بەو بڕیارە لەناو بازنەی قوربانیبووندا مانەوە و زاڵم و زۆردارەكانیش وەك خۆیان مانەوە تەنها ناویان گۆڕدرا.
ئاماژەی بەوەش دا، میدیاش كە بە دەست حزبەكانەوە بووە، هەر قوربانییەكانیان وەك قوربانی پیشان داوە، تەنانەت لە فیلمەكانیشدا هەمان كار كراوە، كە دەكرا دیوی تری كولتووری و خۆبەختكردن و كۆڵنەدانی تاكی كورد پیشان بدرانایە، چونكە وەك ئەو دەڵێت وا بیر كراوەتەوە هیچ شانازییەكی ترمان نییە جگە لە قوربانیبوونەكەمان. بۆیە بە پێویستی دەزانێ دەبوو سینەما ئەوەی بكردایە قوربانییەكان تێبگەیشتانایە لێخۆشبوون لە جەللادەكانیان چۆن بوو.
وتیشی: "لەناو تراژیدیاكانمان پاڵەوانمان دروست نەكرد، كە كارەساتەكان لە باكگراوندییەوە ئیش بكەن. ئێمە باسی كولتووری كوردی ناكەین لە فیلمەكانماندا، بەوەشكەس لە كولتوورەكەی ئێمەوە فێر نابێت. سینەما عیلاج و شۆڕش و نەقڵی كولتوور و پیشاندانی پاڵەوانەكان و گواستنەوەی مێژووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "لە نامەی دكتۆراكەمدا دەمەوێت ئەوە بڵێم چۆن وا بكەین چارەسەری ئەو تراومایانە بكەین لە منداڵیدا تووشمان دەبێت. هەر كەسێك كێشەی دەروونی هەبێت، ئەوا پێویستیان بە چارەسەرە. من دەمەوێت لە ڕێگەی گێرانەوەی چیرۆك لەناو فیلمدا چارەسەری تراومای تاكەكانمان بكەین و چیتر واز لەوە بێنین كە چیتر قوربانیی نین و دونیایەك شتی جوانیشمان هەیە."
ئەو دەشڵێت: "كار لەسەر ئافرەتە ئێزیدییەكان و ئەو منداڵانەی لە 1988دا منداڵ بوون و ئێستا گەورە بوون، لەگەڵ منداڵانی ڕزگاربووی ئەنفال كە ئێستا گەورەن؛ دەكەم و فیلمتێراپی وەك چارەسەر بەكار دەهێنم."
دواتر لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی باسەكە كرا.
مەلا بەختیار لە گفتوگۆكەدا ڕایگەیاند: كورد شووناسی هەیە، بەڵام سینەماكەمان لۆكاڵییە.
وتیشی: "هەتا ئێستا بە هەوڵەكانی خۆم نزیكەی سێ ملیۆن دۆلارێكم بۆ بواری سینەما پەیدا كردووە. بەڵام ئێستاش باوەڕموایە بە دەگمەن فیلمی باشمان هەیە. بەڵام ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە كە فیلممان نەبوو فێستیڤاڵی سینەمامان نەبێت. سازدانی فێستیڤاڵی سینەمایی و بەرهەمهێنانی فیلم لە یەكتری دانابڕێن."
مەلا بەختیار ڕوونیشی كردەوە، نەقۆستنەوەی تراژیدیاكانی ئێمە پەیوەندیی بەوەوە هەیە نەمانتوانیوە ئەو پەیوەندییە ئۆرگانیكییە بدۆزینەوە لەنێوان چۆنێتیی تێگەیشتن لە تراژیدیا و چۆنێتیی تەوزیفكردنی لە جیهانی نوێدا. پێشی وابوو، وڵاتە پێگەیشتووەكانیش لە قۆناغی دەرەبەگایەتیدا ئەوەیان نەكردووە، بەڵكوو لە جیهانی نوێدا ئەوەیان كردووە و باسی لەوەش كرد، سینەماش لە دونیادا كاتێكی زۆری ویست تا توانی بەرهەمە گەورەكان بەرهەم بهێنێت.
دەشڵێت: "ئاستی تێگەیشتن و گواستنەوەی ئێمە لە قۆناغی ڕابردووەوە بۆ شارستانییەت لاوازە. ئەم تێنەگەیشتنە كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر ئەوەی تەنانەت قارەمانەكانمان وەك ئەوەی هەن بگوازینەوە ناو فیلمەكان.

 

سەرچاوە: galawej