چۆن شتە جددییەکان دەکرێنە نوکتەی سیاسی؟!

غازی حەسەن

 

 جارێکی دیکەش بە نوکتەیەکی سیاسی لە ئەمەریکا دەست پێ دەکەم، چونکە لە ڕاستیدا گوتاری نوکتە فرە ڕەهەند و مەبەست و پەیامە. نوکتە بەشێوەیەک شتەکان دەخاتە ڕوو، وەکو کاریکاتێر بە کورتی و پوختی و پێکەنین و پلار و ڕەخنەگرتنەوە مەبەستەکانی دەگەیەنێت.  نوکتە خاوکردنەوەی گرژییەکانە و دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ نەهێشتنی پەنخواردنەوەی ناخ.

ئەم نوکتەیە دەربارەی ڕاپرسییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەڵێت: "ڕاپرسییەکی جیهانی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدرا. تاکە پرسیارێک کە کرا ئەوە بوو: "تکایە بۆچوونی ڕاستگۆیانە سەبارەت بە چارەسەری کەمیی خۆراک لە سەرتاسەری جیهان دەردەبڕیت؟" ڕاپرسییەکە سەرکەوتوو نەبوو، دەزانی بۆ؟ چونکە لە ئەفریقیا نەیاندەزانی مانای "خواردن" چییە. لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەیاندەزانی مانای "ڕاستگۆ" چییە. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا نەیاندەزانی مانای "کەمیی" چییە. لە چین نەیاندەزانی مانای "بۆچوون" چییە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەیاندەزانی مانای "چارەسەر" چییە. لە ئەمەریکای باشوور نەیاندەزانی مانای "تکایە" چییە و لە ئەمەریکا نەیاندەزانی مانای "باقی جیهان" چییە".

فەیلەسوفی فەرەنسی (هێنری بێرگسۆن) لە پێناسەی نوکتە دەڵێت: "هیچ نوکتەیەک گاڵتەجاڕانە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە مرۆیانەیە. نوکتە هەوڵێکە بۆ زاڵبوون بەسەر ستەمدا، هاوار و هاوارەکانی بێدەنگەکان. پیاسەیەکە لەنێو هەستی ستەملێکراو و سەرکوتکراو و شتە نەگوتراوەکاندا".  دەروونناسی بەناوبانگ (فرۆید) بەم شێوەیە پێناسەی نوکتەی کردووە: "گاڵتەکردن جۆرێکە مەبەستێکی سۆزداری و پراکتیکی نیشان دەدار، کە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا پەنای بۆ دەبات؛ بۆ ئەوەی خۆی لە بارگرانییەکانی ئەرکە قورسەکان ڕزگار بکات، ئەمەشی لەپێناو ڕزگاربوون لەو شەرمەزارییەی کە جددیەت و پێداویستییەکانی کارکردن بۆی دروست دەکەن".

وەکو لە نوکتە سیاسییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرجەستەیە، تێڕوانین و هەڵوێست و تێگەیشتنی خەڵک و میللەتان بۆ هەڵوێستی سیاسی لە کیشوەرەکان دەردەخات. ئەگەر بەشێوەیەکی سروشتی و دوور لە گۆڕینی دۆخێکی گریناوی بۆ پێکەنیناوی سەیری لێدوان و گوتار و ئاخاوتنی هەندێک لە کەسایەتی و گروپە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت ڕۆحی نوکتەبازیی بەسەر زۆربەیاندا زالە. چونکە لەبەردەم مایکەکان جۆرێکن و لە ژوورە تاریکەکان، یان چەند ڕۆژێک دوای ئەوە شتێکی دیکەن. وەکو (کەلەشێر) هەم بانگ دەدەن و هەم هێلکەش دەکەن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەم نوکتە پێش هەموو شتێک زمان و زاراوە و چۆنیەتی بەکارهێنان و دروستکردنی مانا و نمایشە، لەم ڕێگەیەوە گوتاری سیاسیی بۆ پێناسە و ناساندنی ئەم وڵاتانە بەکار دەهێنن. قسەی هەندێک لە سیاسییە و بەرپرسەکان لەکردەوەدا گۆڕینی شتی جددییە بۆ نوکتە و خۆ خۆشەویست کردن لای خەڵک و شانۆگەرییەکی کۆمیدییە.  

لە هەرێمی کوردستاندا  دەیان شتی زۆر جددی دەتوانرێت وەکو نوکتە سەیر بکرێت، چۆن؟ شەش مانگە گفتوگۆ و دانیشتن ئەنجام دەدرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، لەم ڕۆژانە گووتیان ئەمەی تاکوو ئێستا کراوە بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی سیستەمی حووکمڕانییە، لە هەفتەکانی دادێ، دەست بە چۆنیەتی دابەشکردنی پێگە و کورسی و وەزارەتەکان دەکرێت، نوکتەکە لەوەیە واتا هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دۆز و کێشە بنەڕەتییەکە نەکردووە، کە من پێم وایە ئەمەش ڕاست نییە، نوکتەیەکە لەنێو نوکتەیەکی دیکەی جددیدا.  ئەمەش لە کردەوەدا وەکو ئەوەیە ڕاپرسییەک بکرێت و بە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بڵێن: ڕاستگۆیانە و ڕاست و ئازادانە و بێ فشار و دوور لە حزبایەتی و دادپەروەرانە  و دیموکراسیانە چ جۆرە حکوومەتێکی خزمەتگوزاری دەستپاک و دوور لە ڕۆتینتان دەوێت؟. ئەمە لە نووکتە دەچێت. چونکە پتر لە سی ساڵە و لە ١٩٩١ەوە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیان و تەنیا عەشیرەت و گروپە کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی نێر و مێش و ئایینیە جیاوازەکانیش بانگەشەی ئەم دروشمانە دەکەن، کەچی پێچەوانەی هەموو وڵاتێک نەک لەسەرەتا، بەڵکوو لەکۆتایدا داوای ئەم ئامانجانە دەکەن، کە حووکمڕانییەکی دروست و تەواو و دادپەروەر و دیموکراسی و دوور لە گەندەڵی پێکدەهێنن.

نووکتەی سیاسی فەلسەفەیەکی بێ سانسۆرە و خەڵک بەرهەمی دەهێنن و خاوەنەکەشی دیار نییە، خێرا بڵاو دەبێتەوە و چەکێکە بەدەست ئەوانەی لەبازنەی سەرکوتکراوەکان حیساب دەکرێن، چاودێرییەکی تووندیان لەسەرە و سانسۆر کراون، جوولە و ئاخاوتن و بیرکردنەوەیان سنووردار کراوە. لەبیری نەکەین خەڵک بۆ دەرکردنی ئازارەکانیان لەناخی خۆیان و نیشاندانی ناڕەزایی و ڕەخنەگرتن پەنا وەبەر نوکتەی سیاسیی دەبەن.

نوکتەیەکی سیاسی هەیە بەم جۆرە بڵاوبۆتەوە: " خراپترین شت لە وڵاتەکەمان ئەوەیە، چی دیکە کەس بەشەو دزەکان لەسەر دیواری ماڵەکان نابینێت، چونکە بە ڕۆژی ڕووناک لەسەر مێزی دەسەڵاتدارەکانن".

یەکێک لە نوکتەکانی ئەحۆل لەبارەی سیاسەت و مامۆستا و دۆخی کۆمەڵگە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: " لە هەڵبژاردنی مامۆستایان پەنجەمۆریان دانابوو، مامۆستایەک وتبووی ئەوە چییە؟ مامۆستا ئەحۆلیش دەڵێت: مامۆستا گیان ئەوە بۆ ئەو مامۆستایانەیە، کە خوێندەواریان نییە". بەڵێ ئەمە وەکو نوکتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. مامۆستا دەبێتە خوێندەوارترین کەسانی نێو کۆمەڵگە بن، بە گاڵتە و  شۆخییەوە لەم نوکتەیە پێمان دەڵێت: (مامۆستا نەخوێندەوارن، ئامێری پەنجەمۆر نیشانەیەکە بۆ سەردەمێکی پێشکەوتووی تەکەنەلۆژیی، بەڵام ئێمە هەر پەنا وەبەر ئامرازی کۆن و گومان و ساختەکاری دەبەین). وەکو چۆن لە نوکتەی دزەکاندا هەمان شتمان پێ دەڵێت، کە (دەسەڵات خۆیان پەنا و پشتی دزەکانن، دزەکان هێندە دیارن بە ڕۆژ لەشوێنە فەرمییەکاندا دەبینرێن، هەروەسا دزی لەم سەردەمەدا هێندە گەورەیە و دەستکەوتی زل زلیان هەیە، پێویستیان بە دزی شەوانە و شتی بچووک بچووک نییە). زمانی پراگماتیکی و ڕاپەڕاندنی تیۆری کردە قسە لەنێو نوکتەدا زۆر بە زەقی بەرجەستە و کاری پێ دەکرێت.

گوتاری نوکتە پشت بە پەیامی (ڕەخنە، دەربڕین و گوزارشت لەم دۆخ و شتانەیە دەبەستێت، کە هاووڵاتی ناتوانن بە ئاسانی و ڕاستەوخۆ قسەی لەبارەوە بکەن، شت گەلێکن بە ئاشکرا و بێ پەنا ناگوترێن، خۆ بەتاڵکردنەوەیە بەرانبەر سانسۆر و خۆ سانسۆرکردن). کۆمەڵگەی کوردستان پڕە لە نوکتە و ڕۆژانە نوکتەی نوێ بەرهەم دەهێنرێت، کە بەشی هەرە زۆریان خاوەنیان دیار نییە. دەڤەر و شارەکانیش لە دروستکردنی نوکتە جیاوازن. زمان و نێوەڕۆک و توانای نوکتەکان گوزارشت لە پێکهاتەی ناوچەکان دەکات. لەهەمان کاتدا پێناسەی قۆناغ و دۆزە سیاسییەکەشە. 

دەبێت وریا بین، سیاسییەکان هەندێک جار خۆیان شتە جددییەکان لە فۆرم و شێوەی نوکتە دادەڕێژنەوە و نوکتەئامێز دەئاخڤن، بۆ ئەوەی کاریگەریی و کاردانەوەی خەڵک خاو بکەنەوە. هەندێک نوکتەش هەیە خەڵک بەشێوەیەکی سروشتی دەیانکاتە نوکتە لەپێناو شکاندنی سانسۆر و قسەکردن لەگەڵ عەقڵ و مێشکی تاک، ئەمەی دواییان ڕەسەنایەتی و کاریگەریی و  مانەوە و گوتارێکی جیاوازی دەبێت.    

سەرچاوە : ئاوێنە