چۆن بووم بە ڕۆژنامەوانێکی ژینگەیی؟

 

خالد سلێمان

 

لە لادێیەکی دوورە دەستی گەرمیاندا لە کوردستان، بەچاوێکی مناڵانەوە، تەماشای دەروبەرم دەکردو هەموو جوڵەیەک لەناو ژینگە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکەدا دەرسێکی خۆڕسک بوو. ئەوەی مناڵی ئەمڕۆ لەناو دوکانێکدا بەدوایدا دەگەڕێت، من و هاوتەمەنەکانم لەناو هەردەو دۆڵ و سەر تەپۆلەکەکاندا دەستمان دەکەوت. ڕووەکە سروشتییەکانی وەک پیشۆک، کنگر، شەواڵ سوورەو هەپڵۆک، لە بەهاراندا چاوی ئێمەیان بەسەر دنیای خاک و خوڵدا دەکردەوە. سەلکی شەواڵ سوورە، کە شیرینەو دەبوایە 10 سەنتیمەتر زیاتر خاک هەڵدڕین تا دەستمانی بگاتێ، دەست و پەنجەی ئاشنا دەکردین بە گیانەوەرە وردیلەکانی ناوخاک. ئێمەی دەکردە ئەندیازیاری خۆڕسکی خاک هەڵدڕین.

لەم ساڵانەدا زاناکان لەڕێگەی پشکنینی ئێسک و پروسکی مرۆڤی نیادەرتاڵ کە پێش 40 هەزار ساڵ فەوتاو لەناوچوو، گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەوان تۆوی (خەرتەلە)یان دەخوارد. ئەم دەرەنجامە زانستییە بەلای منەوە ئاسایی بوو، چونکە خەرتەلەی ناسکی بەهار خواردنی ئێمەی مناڵان بوو، تۆوەکەشی ڕۆناوی و پڕ خۆراکە. دەرەنجام ئەو توێژینەوە زانستییە چاوی مناڵیمی تیژتر کرد.

کە زستان و بەهارمان وشک و بێباران دەبوون، ئیتر لەو ڕووەکە سروشتیانەو بەرهەمەکانیان بێبەش دەبووین، هاوینمان بارگرانتر دەبوو، ئاوی بیرەکانمان ئەگەر وشکیان نەکردایە، چۆڕە چۆڕیان تێدەکەوت. ناچار دەبووین دەست بەدڵۆپێک ئاوەوە بگرین، ئەو ئاوەی لەبەر ئاژەڵەکان دەمایەوە، بۆ ئاودانی دارو درەخت بەکارمان دەهێنا، یان بۆ قوڕکاری و کاری ناوماڵ.

بەکورتیەکەی، ئێمە کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی بوون، پاسەوانی خۆڕسکی ئاو بووین، جگە لە تراکتۆری کشتوکاڵ و ڕادیۆ و ئۆتۆمبێلێکی ڕێگەی شار، ئامرازێکی ترمان نەبوو بە دنیای شارو شارستانیەتەوە گرێمان بدات، لە درەنگانێکشدا بە تەلەڤزیۆن ئاشنا بووین. شتێک نەبوو لە ژیانی ئێمەدا ناوی پاشەڕۆو پلاستیک بێت، پاشەڕۆی ئاژەڵ و مرۆڤ و خۆڵەمێشی سوتەمەنی، لە شوێنێکدا کۆدەکرانەوەو لەماوەی ساڵێکدا بە بەکتیریای خۆی دەترشاو پەینێکی دەوڵەمەندی لێدەردەچوو. بەو پەینە سروشتییە، هەردوو بەری رووباری (ئاوەسپی)مان دەکردو بێستان و هاوینێک و نیو پایز، سەوزەو میوەمان لێدەخواردو بەشی زستانێکیشمان لێ وشک دەکردەوە. تا بەهارێکی تری بەسەردا دەهات و دەستمانە دەگەیشتەوە کنگرو تۆڵەو بەروبوومە سروشتییەکانی تر، دەرسی خۆڕسکیی ترمان لەسروشت و ژینگەی لادێکەمانەوە وەردەگرت.

دەرسی یەکەم لە باوک و دایکمەوە

کاتێک دایک و باوکم لە ماڵی گەورە جیادەبنەوەو خانوویەک دروست دەکەن، لەناوەڕاستی حەوشەدا دارتوویەک دەچێنن. باوکم نەمامەکە لە لادێیەکەی ترەوە دەهێنێت و ئیتر بەهەردووکیانەوە، وەک چۆن ئێمەیان گەورە کرد، ئاوەهاش دارتووەکەیان بەخێو دەکرد. بیرێکیان لە حەوشەکەدا لێدابوو، هەرگیز نەگەیشتە ئاو، ئیتر ناچار بوون پڕی بکەنەوە. دارتووەکە لەپاڵ بیرە پڕکراوەکەدا بوو، باوکم کە دەستنوێژی دەگرت، ئاوی بۆماوەی ناو دەستشۆرەکەی بەفیڕۆ نەئەداو دارەکەی پێ ئاو دەدا، دایکیشم بەهەمان شێوە، بەو ئاوەی لەکاری ناوماڵ دەمایەوە، دارتووەکەی ئاو دەدا. هەردووکیان بەقەدەر مناڵەکانیان، چاویان لەدارتووەکە بوو.

دارەکە، باڵندەیەکی زۆری ڕاکێشابوو بۆ حەوشەکەمان، بەیانیان و ئێواران ماڵەکیان پڕد دەکرد لەجریوەو جوڵەو ژیان. لە هاویناندا، ئێمەی مناڵ، جگە لەوەی دەمی پڕ دەکردین لە توی شیرین، سێبەریشی بۆ دروست دەکردین و نیوەڕوانی گەرمی بۆ فێنک دەکردینەوە؛ لەسایەی وزەی دەنکە تووی شیرین و سێبەری گەڵاکانیدا یاریمان دەکرد.

لادێکەی ئێمە چەم و کانی تیا نەبوو، ئاوەسپیش دوور بوو، بۆیە پشتمان بەبیر دەبەست و ئەگار یەک وەرز بێبارانی بووایە، حاڵمان خراپ دەبوو. ئیتر بەردەوام چاومان لە دابارین بوو. لە دووای پۆلی شەشەمی سەرەتاییەوە لادێکەم بەجێهێشت و چەند ساڵێکش دووای ئەوە ئەنفال هەموو شتێکی فەوتان و لەناوبرد، بەڵام شەوانی هەموو زستانێک بەخەونی بارانی ئەوێوە سەرم دەنایەوە، بەردەوام ئاو بەشێک بووە لەبیرکردنەوەم.

کاتێک لەسەرەتای هەزارەی دووەمەوە، گۆڕانکاری کەشەوهوا بووە ناونیشانێکی دیار، هەموو توانای خۆم خستەگەر بۆ تێگەیشتن لەو ساڵانەی بێبارانی بوو، قات و قڕی ئاو بوو. هەوڵی سەرەکیم ئەوەبو، لەڕوی زانستییەوە لە هۆکارەکانی کەمی دابارین تێبگەم، ئەو ئارەزووە گەیاندمیە سنوری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی، لەوێوە بۆ ناو خاک و هەمە-جۆری و سنورەکانی هەسارەی زەوی، تیایدا گۆڕانکاری کەشەوهواو بەزاندنی رێژەی گازە گەرمکەرەوەکان لە بەرگە هەوادا.

هەر لەسەرەتاوە، پرسی ژینگە لای من پرسی مانەوەو فەوتانی مرۆڤ و جۆرەکانی ترە لەسەر زەوی، چونکە بەشێوەیەکی خۆڕسکانەو لەلادێکەی خۆمانەوە لەوە تێگەیشتبووم، گۆڕانی ئاوهەوای زستان و بێ بارانی و گەرم داهاتنی خاک، نیشانەی برسێتی و ڕەوکردن و فەوتانە، چونکە ئێمە لەباران و خاک زیاتر، هیچی ترمان نەبوو. لەو دەرسە خۆڕسکەوە، باوەڕێکم لا دروست بوو، کە ژینگە دەخاتە پێش هەموو شتێکی ترەوە، چونکە ئێمە لە ژینگەیەکی باشدا، خاک و ئاوهەواکەی پارێزراو بێت، چیاو دەشتاییەکان وێران نەکرێن، دەستی کوشتن و شەڕانگێزی نەگاتە گیانەوەرە کێوییەکان، بەدەرمان و ژەهر خاک تێکنەدرێت، دەتوانین مانەوەو داهاتووی نەوەکانی ترمان زامن بکەین، بەپێچەوانەوە ملکەچی ئەوانی تر دەبین.

ئەم، چیرۆکەی گێڕامەوە، بردمیە ناو جیهانی ڕۆژنامەوانیی ژینگەییەوەو ئامانجەکەشم لەوە تێپەڕ ناکات کە باسم کرد.

سەرچاوە : میترۆ