چراكانی نیشتمان؛ مەحمود جەودەت، رووناكبیر‌ و وڵاتپەروەر

 

 

ن/ خەلیل عەبدوڵڵا

مەحمود جەودەت كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانی‌و رۆشنبیریی كوردستانە‌و لەچەند بوارو رشتەیەكدا خزمەتی زۆری بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە.
مەحمود جەودەت كوڕی ئەحمەد جەودەت كوڕی مەحمود ئاغا كە بەمەحمود جەودەت ناسراوە، ساڵی 1889 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە.
حەسەن ئاغای دەوڵەتی مامی ئەركی بەخێوكردن‌و پەروەردەكردنی گرتە ئەستۆ و خستویەتییە بەرخوێندن، سەرەتا لەقوتابخانە ئاینییەكان‌و دواتر لەمەدرەسەی روشدیەی عەسكەریی سلێمانی‌و مەدرەسەی جەنگی لەئەستەنبوڵ خوێندوویەتی‌و بووە بەئەفسەر لەسوپای عوسمانی.
دوای شكستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەجەنگی یەكەمی جیهان، گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی‌و پەیوەندی بەشێخ مەحمودی نەمرەوە كردووە‌و وەك ئەفسەرێك هاوكاری كردووە.
مەحمود جەودەت هەموو ئاواتی سەركەوتنی گەلەكەی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند كۆمەڵەیەكدا كاری كردووە. لەوانە كۆمەڵی سەربەخۆیی كوردستان كە لەساڵی 1919 رۆڵی دیاری لەدامەزراندنیدا هەبووە. هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵەی سەركەوتنی كورد بووە.
مەحمود جەودەت هاوكاری كۆمەڵەی ژێكافی كردووە‌ و تەشكیلاتی سەربازی بۆ دامەزراندوون.
مەحمود جەودەت كەسێكی رووناكبیرو شاعیرو ھونەرپەروەر بووە، بایەخێكی زۆری بەو بوارە داوە. زمانەكانی فەرەنسی‌و ئینگلیزی‌و توركی‌و فارسی‌و عەرەبی بەباشی زانیوە، بەهۆی ئەوەوە سوودی لەئەدەبیاتی ئەو گەلانە وەرگرتووە.
مەحمود جەودەت بایەخی بە بوارەكانی ئەدەب ھونەر بەگشتی داوە، لەو چوارچێوەیەدا سروودی نیشتمانی بۆ خوێندكارانی قوتابخانەكان داناوە، وتاری بۆ  گۆڤار‌و رۆژنامەكانی ئەو سەردەمە نووسیوە‌ و لە (پێشكەوتن، ئومێدی ئیستقلال،ژیانەوە، هاوار، زاری كرمانجی) بڵاوی كردوونەتەوە.
خاوەنی چەند كتێبێكی چاپكراویشە، لەوانە كتێبێك سەبارەت بەتێكۆشانی گەلی پۆلۆنیا بەناوی (پۆلۆنیا) لەساڵی 1936 چاپی كردووە.كتێبێكی تری بەناوی بەهائوڵڵا‌و دەوری نوێ‌ لەساڵی 1933 لەزمانی ئینگلیزییەوە تەرجەمە كردووە‌و چاپی كردووە.
چیرۆكێكیشی لەسەر مامە یارە نووسیوە‌و ساڵی 1933 لەگۆڤاری یادگاری لاوان بڵاوی كردۆتەوە.
چەند پارچە شیعرێكی شاعیری ناوداری فەرەنسی (سوللی) بۆ زمانی كوردی تەرجەمە كردووە‌و ئەحمەد موختار بەگی جاف جارێكی تر ئەو شیعرەی داڕشتۆتەوە‌و  بەناوی (گوڵی خوێنین) بڵاوی كردۆتەوە‌و لەدیوانەكەیدا هەیە.
لەزمانی ئینگلیزیشەوە شیعری بۆ سەر زمانی كوردی تەرجەمە كردووە. لەوانە شیعری گوڵ‌و بەهاری تنسیۆنی شاعیری ئینگلیز.
ئەم كەسایەتییە ناودارەی كورد لە ساڵی 1937 مامەڵەی خانەنشینی ئەبێ‌ لەفەرمانگەی خانەشینی بەغدا، بەهۆی ئەوەی بەرپرسێكی ئەو فەرمانگەیە سوكایەتی بەكورد‌و سەركردەكانی ئەكات، ئەیكوژێ‌.
لەسەر ئەوە مەحمود جەودەت دەستگیر ئەكرێ‌‌و لە 20ی تشرینی دووەمی 1937لەسێدارە ئەدرێ‌‌و تەرمەكەی ئەبرێتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لەگردی سەیوان بەخاك ئەسپێردرێ‌.
ئەوەش ئەبێتە مایەی نیگەرانی‌و خەمباری خەڵكی كوردستان بەگشتی‌و شاعیران بەتایبەتی، شاعیرانی وەك حەمدی‌و پیرەمێرد‌و شێخ سەلام‌ و بێكەس‌ و گۆران بەشیعر شیوەنی بۆ ئەگێڕن.
درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مەحمود جەودەتی رووناكبیر و وڵاتپەروەر.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ