چاوپێکەوتنێک لەمەڕ کۆڕی زانیاریی کورد_مەسعوود محەمەد

لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد
چۆن کۆڕی زانیاریی کورد دامەزرا؟ جۆری چالاکی و ئیشکردن و بەرهەم و پەیوەندییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی لەگەڵ جەماوەری ڕۆشنبیری کورد و دەرەوەدا و ڕێڕەوی خزمەتگوزارییەکانی چۆنە؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری ترمان لە کاربەدەستانی کۆڕ کرد و ئەمەش وەڵامەکانیەتی وە بە سوپاسەوە بڵاویان ئەکەینەوە.
مامۆستا مەسعوود محەمەد باسی کۆڕی کرد و وتی: کۆڕ بەپێی یاسای ژمارە (183)ی ساڵی 1970 دامەزراوە. ئەندامە کاراکانی کۆڕ کە لە سەرەتاوە 10 کەس بوون هەموویان بە مەرسوومی جمهوری دیاری کران وە لە ڕۆژی 17-01-1971 لە کۆبوونەوەیەکی دوولاییی نێوان ئەنجومەنی کۆڕی زانیاریی عێراق و کۆڕی زانیاریی کورددا دیوانی سەرۆکایەتیی کۆڕی زانیاریی کورد هەڵبژێردرا. لە دوای ئەم ڕۆژەوە کۆڕ دەستی بە کارکردن کردووە.
‌ ئەندامی کارای کۆڕ دوو جۆرن:
1. لە کوردی عیراق کە ئێستا هەشت ئەندامن.
2. لە کوردی دەرەوەی عێراق کە سێ ئەندامن کە ئەمانەن:
دکتۆر قەناتی کوردۆ، دکتۆر کامەران بەدرخان، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو.
  بەرهەم و چالاکییەکانی کۆڕ لەم ماوەیەدا بەم شێوەیە بووە:-
‌ بەشی بڵاوکردنەوە:
‌ بەرگی یەکەمی گۆڤاری کۆڕ کە 800 لاپەڕە بوو، لەمە 540 لاپەڕەی کوردی و ئەوی تری عەرەبی بوو. شەرەفنامە کە لە لایەن ئەندامی کارای کۆڕ مامۆستا هەژاری موکریانییەوە کرابوو بە کوردی، ژمارەی لاپەڕەکانی هەزار و سەد لاپەڕە زیاتر ئەبێ. بەرگی یەکەمی حاجی قادری کۆیی کە لە لایەن ئەندامی کارا کە خۆم نووسیومە، لە قەوارەیەکی زیاتر لە 400 لاپەڕە ئەبێ. بەرگی دووەمی حاجی قادری کۆیی ئەویش هەر خۆم نووسیومە، قەوارەی 330 لاپەڕەیە. بەشی یەکەمی بەرگی دووەمی گۆڤاری کۆڕ کە هەمووی کوردییە، نزیکەی 980 لاپەڕەیە. بەشی دووەمی بەرگی دووەمی گۆڤاری کۆڕ 530 لاپەڕەیە، 220ی کوردی و ئەوی تری عەرەبییە. کتێبی (وردبوونەوە لە چەند بابەتێکی ڕێزمانی کوردی) کە ئەویش هەر خۆم ئامادەم کردبوو، بریتییە لە دوو وتار و پێشەکییەک. کتێبی (زاراوی کارگێڕی)، دانان و لێدوانی ئەنجومەنی کۆڕ، دکتۆر کەمال مەزهەر پێشەکی بۆ داناوە و ڕێکی خستووە. کتێبی (زاراوەی هەمەچەشنە)، ئەنجومەنی کۆڕ و لیژنەکانی دایانناوە و پێشەکییەکەی دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف نووسیویە و ڕێکی خستووە. کتێبی (چی لە بارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە)، دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف دایناوە. کتێبی (هەندێک بیروباوەڕی هەڵە لە بارەی زمان و مێژووی کوردەوە) ئەندامی کارا مامۆستا قەناتی کوردۆ دایناوە و پێشەکییەکەی دکتۆر ئەوڕەحمان نووسیویە و کتێبەکەشی لە ڕوسییەوە کردووە بە کوردی. کتێبی (بەرکوتێکی خەرمانی کوردناسی لە ئەورووپا) بریتییە لە سێ وتاری مامۆستایان قەناتی کوردۆ و جەمال نەبەز و دکتۆر ئەوڕەحمان حاجی مارف لە بەشی یەکەمی بەرگی دووەمی گۆڤاری کۆڕدا بڵاو کراوەتەوە و پێشەکییەکەی خۆم بۆم نووسیوە.
  ئەوانەی کە لە ژێر چاپدان وە یان چاوەڕوانیی چاپ ئەکەن: بەرگی سێیەمی گۆڤاری کۆڕ کە نزیکەی 700 لاپەڕە ئەبێ، لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوودا تەواو ئەبێ. کتێبی (ئۆسکارمان) کە مامۆستا هێمن موکریانی لە لاتینییەوە پیتەکانی هێناوەتە سەر ئەلفبێی کوردی و پێشەکییشی بۆ نووسیوە. بەرگی سێیەمی حاجی قادری کۆیی، ئەویش خۆم ئامادەم کردووە.
  ئەو کتێبانەی یارمەتیی چاپکردنیان دراوە:
‌ (اكراد مللی وابراهیم پاشا)ی ئەندامی یاریدەر د. ئەحمەد عوسمان ئەبوبەکر. (دیوانی وەسمان)، د. ئەمین موتابچی لێکی داوەتەوە و لەسەری نووسیوە. (چاوگی بێواتا لە زمانی کوردیدا)، د. نەسرین فەخری. (فەرهەنگی زانیاری)، مامۆستا کەمال جەلال غەریب. (کوردەواری)، مامۆستا عەلائەدین سەجادی. (فۆنەتیکی زمانی کوردی)، مامۆستا محەمەد ئەمین هەورامانی. (فەرهەنگی کشتوکاڵ)، مامۆستا شێخ مەعرووف قەرەداخی. (لمحة عن الاكراد)ی کوردناسی فەرەنسایی تۆما بوا، کە مامۆستا محەمەد شەریف عوسمان کردوویە بە عەرەبی.
‌ هەروەها لەم چەند مانگەی دواییشدا بڕیار دراوە کە فەرهەنگی عەرەبی-کوردی‌ی مامۆستا گیو لەسەر ئەرکی کۆڕ چاپ بکرێ. یارمەتیی شێخ محەمەدی خاڵ بدرێ بۆ چاپکردنی بەرگی سێیەمی فەرهەنگەکەی —فەرهەنگی خاڵ— (کوردی—کوردی).
  پەیوەندیمان لەگەڵ جەماوەری ڕۆشنبیراندا:
‌ پەیوەندی کۆڕ لەگەڵ دەزگا زانیاری و ڕۆشنبیرێکانی ناوخۆدا لە پەرەسەندندایە، بەتایبەتی لەگەڵ کۆڕی زانیاریی عێراق و زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی خوێندنی کوردی و کۆڕی زمانی سریانی و چەند دەزگا و کۆمەڵێکی تردا.
‌ نوێنەرانی کۆڕی زانیاریی عێراق و کورد بەیەکەوە چوون بۆ یەکێتیی سۆڤیێت و لەوەتەی کۆڕی زمانی سریانییش دامەزراوە کۆڕ هاوکاریی لەگەڵ دەکا و چاپەمەنییەکانی خۆی و کتێبی تری بۆ دەنێرێ.
‌ کۆڕ دەزگایەک بوو لەو دەزگایانەی بۆ بەشداریکردنی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد بانگ کرابوو، کە لە مانگی کانوونی دووەم لە بەغدا بەسترا و خۆم لەگەڵ د. کەمال مەزهەر بە ناوی کۆڕەوە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بەشدار بووین، هەروەها پێرار نوێنەرانی کۆڕ لە چەند کۆنگرە و ئاهەنگێکدا بەشدار بوون.
‌ کۆڕ توانیوێتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا زانستی و کوردناسەکانی دەرەوەدا پەیدا بکا و ساڵ بە ساڵ بە هێزی بکات. چاپەمەنێکانی کۆڕ بۆ زۆر شوێنی دەرەوە دەنێرین و لە نێو ڕۆژهەڵاتناساندا دەنگێکی باشیان داوەتەوە. تا ئێستە هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناس و ڕۆژنامەنووسی بێگانە سەریان لە کۆڕ داوە. ژمارەیەک لە ئەندامانی دەرەوە بەرهەمەکانیان بۆ کۆڕ دەنێرن و ئێمەش بەشانازییەوە بۆیان بڵاو دەکەینەوە.
‌ لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کۆڕ توانی لەناو دەزگا زانستێکانی دەرەوەدا (بە پلەی یەکەم دەزگا ڕۆژهەڵاتناسییەکان) جێگایەکی دیار بۆ خۆی بکاتەوە. کۆڕ لەو دەزگا زانستییانە بوو کە بەتایبەتی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتناسیدا کە مانگی تەمووزی ساڵی 1973 لە شاری پاریس بەسترا چەند جارێک نوێنەرانی کۆڕ چوون بۆ یەکێتیی سۆڤیێت. وا ئەشبێ بە سێ ساڵ چوار نێرراوی کۆڕ لەوێ دەخوێنن بۆ ئەوەی دوکتورا لە زمان و مێژوو و ئەدەب و ئەتنۆگرافیای کوردیدا وەربگرن.
  لە بارەی ڕێنووسەوە:
‌ کۆڕ لە سەرەتای دامەزرانیەوە خەریکی چارەسەرکردنی گیروگرفتی ڕێنووسی کوردی بوو، بۆ ئەم مەبەستەش چ بە هۆی لیژنەی تایبەتییەوە بێ و چ لە لایەن ئەنجومەنی کۆڕ خۆیەوە بێت بەشێکی زۆر لەو گیروگرفتانەی دێنە بەر نووسەرانی کورد و ڕێنووسی جیا جیایان لێ ئەکەنە شێواز چارەسەر کرا و لە شێوەی پێشنیازدا لە لایەن کۆڕەوە لە گۆڤارەکەیدا بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ڕەخنەیەک هەبێت لە لایەن خاوەن بیروڕایانەوە ڕەخنەکە بە کۆڕ بگاتەوە و لەبەر ڕۆشناییی ئەودا چاو بە پێشنیازەکەی خۆیدا بخشێنێتەوە. لە ڕابوردوودا گەلێک لەو جۆرە ڕەخنانە گەیشتنەوە کۆڕ، هەمووشیان بایەخی خۆیان پێ دراوە. بێ‌گومان کاتێک کە ڕێنووسێکی یەکگرتووی دواجارەکی لە لایەن کۆڕەوە دەر ئەچێت ئەو ڕەخنانەی تێدا خوێندراوەتەوە.
  گیروگرفتەکان:
‌ دوو گیروگرفتی بنچینەیی لە بەردەم کۆڕ و هەموو دامەزراوێکی ڕۆشنبیری کوردیدا هەیە کە بیەوێ لە ئەدەب و مێژوو و کەلەپووری کوردی بکۆڵێتەوە.
یەکەم، لە زۆربەی مەیدانەکانی ژیانا کورد کەمتر بە هاوکاریکردن ڕاهاتووە.. هۆی ئەم دیاردەیەش ئەمەیە کە دوو هەزار ساڵ زیاترە دەسەڵاتێکی ناوەندی (حکومەت)ی نەبووە خەڵکەکە بیهاوێتە سەر باری کاری گەلەکۆیی. ئەم ڕاستییە وا دەکات کە کۆڕ و هەموو دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی تری کورد هەست بە خەمساردی بکەن لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە.
دووەم ئەوەیە کە ڕۆشنبیرێکی کوردی عێراق ناتوانێ چالاکیی خۆی لە کوردستانەکانی تر پەرە پێ بسێنێ، بۆ نموونە، من کە خۆم لە بارەی حاجی قادری کۆیییەوە دەنووسم دوو قۆناغی زۆر گرینگی ژیان کە یەکێکیان لە کوردستانی ئێران و ئەوی تریان لە کوردستانی تورکیا ڕای بوارد بۆ من وەک دەرگای بەستراو وایە، چونکە ناتوانم هەنگاوێکیان تیادا بهاوێم.. تەنیا بەپێی بەراورردی خۆم باسی ئەکەم.
  چاپخانەی کۆڕ
‌ چاپخانەی کۆڕ لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە و تا ئێستا توانیومانە پتر لە دوازدە هەزار دینارێ لە بوجەی سێ ساڵی خولی یەکەمی کۆڕی بۆ تەرخان بکەین و بەو جۆرە بەشی زۆری کەموکورتێکانی نەهێڵین. چەند مانگێک لەمەوبەر مەکینەیەکی چاپی (هایدڵبێرگ)مان وەرگرت و بە هیواین لە ماوەیەکی کەمدا گەلێک مەکینە و تفاقی پێویستی نوێمان پێ بگا و ئەو کاتە بێ گومان دەتوانین بە شێوەیەکی باشتر چاپەمەنێکانی کۆڕ بڵاو بکەینەوە.
  کتێبخانەی کۆڕ
‌ ڕۆژبەڕۆژ کتێبخانەکەی کۆڕ دەوڵەمەند و ئاوەدانتر دەبێ و ڕۆشنبیرانی کورد ئەوەندە دڵیان پێی خۆشە، لە هەموو لایەکەوە دیاریی بەنرخی بۆ دەنێرن و بە کتێبی نایاب و چاپەمەنی ئەوەندەی تر دەیڕازێننەوە. جگە لەوە، توانیومانە کتێبخانەی چەندین زانا پایەبڵندە خوالێخۆشبووەکانی کورد لە فەوتان یان دوورەدەستی ڕزگار بکەین.
  کۆکردنەوەی وشەی ڕەسەنی کوردی:
‌ کۆڕ لەمەوبەر لە سنووری دەسەڵاتیا ئەوەی لە توانادا بێ بۆ کۆکردنەوەی وشە و تێکڕای کەلەپوور لە لادێکانی کوردستانی عێراق گەشتی بە نوێنەران و ئەندامانی خۆی کردووە، کۆمەڵێک لەو شتانەی بە ڕیکۆردەر تۆمار کردووە وەک بەیت و بەند و حیکایەت و گۆرانی و گەلێ شتی تر، تەنیا پەکی لەسەر ئەوە کەوتووە کە بۆ سوود لێ وەرگرتنیان کە پسپۆڕی ئەوتۆی دەست کەوێ تێیان بگات و بیانخاتە سەر نووسین. لە ئەرشیڤی کۆڕ گەلێک شریتی تۆمارکراو هەیە لە کاتی خۆیدا ویسترا بە هۆی لێپرسراوانی ئێستگەی کوردییەوە بنووسرێنەوە لەسەر قاقەز بەڵام بە داخەوە کەسێکی ئەوتۆ لە ئێستگە نەبوو بتوانێ ئەم کارە جێبەجێ بکات. بەم پێیە کەرەستە حازربەدەستە بەڵام سوود لێ وەرگرتنی بەندە بە پەیدابوونی هەلی لەبارەوە. وە لە بارەی کۆکردنەوەی وشەوە ئێمە نامەمان بۆ زۆربەی ئەو کەسانە ناردووە کە لە دەرەوە و ناوخۆی عێراقدا خەریکی کۆکردنەوەی وشەن و ئەیانەوێ فەرهەنگ دابنێن، بۆ ئەوەی لەم ڕووەوە هاوکاریمان لەگەڵا بکەن و یارمەتیمان بدەن. وە لیژنەیەکی تایبەتی کە خۆم بڕیاردەری (مقرر) ئەو لیژنەیەم بە ناوی لیژنەی فەرهەنگەوە چەند ساڵێکە بۆ بەرهەمهێنانی فەرهەنگێکی گەورەی یەکگرتووی کوردی تێ ئەکۆشێ.. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئەو فەرهەنگە کوردییانەی پەیدا کردوون کە تا ئێستا لە چاپ دراون و لەگەڵ زمانی کوردیدا پەیوەندییان هەیە.
نوێنەری هاوکاری
(سەرچاوە: هاوکاری، 1975، ژ260، لاپەڕەی 6 و 7)

نوسەر: لەبەرنووسینەوە و هەڵەچنی: زیاد ئەسعەد

سەرچاوە: galawej