پەیوەندی نێوان سەرکردە و ڕاگەیاندن

 

 

محەمەد خۆشناو

 

بەدەم جوێنم پێدەدات و بەچاو پێم دەڵێت وەرە
 

ئەگەر بگەڕێمەوە یەڵدز ، هەموو سەرنووسەری ڕۆژنامەکان دەخەمەناو کورەی کبریت .

سوڵتان عبدالحمید لە مەنفا .

پەیوەندی نێوان هەندێک لە سیاسەتمەدار و ڕاگەیاندن پەیوەندیەکی ئاڵۆز و تێکقژقژاوە وەک ئەو پەندە میللیەیە کە دەڵێت «خۆشم ناوێیت و ، ناشتوانم لێت دووربم» جا جاری واهەیە پەیوەندیەکە ڕەهەندی دوژمنکارانەی بەدوادادێت و ، هەندێک جاریش هاوبەشی و هاوکاری ، لەزۆربەی جاردا سەرکردەکان حەزیان لەوەیە لە شاشەکان دەرکەون و ، زۆر حەزدەکەن شەو و ڕۆژ لە میدیا قسە بۆ خەڵک بکەن ، بەڵام حەزناکەن عەیب و کەموکوڕی کارەکانیان دەربخەن ، کەرتێک لە سەرکردەکان لەوبڕوایەدان کە ئامرازەکانی ڕاگەیەندن ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە پتەوکردنی بەرژەوەندیەکانیان یان بەرژەوەندی نیشتیمانەکەیان ، لەلایەکی ترەوە ژمارەیەکی زۆریشیان لەوبڕوایەدان کە هەندێک لەو مومارەسانەی کە لەمیانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەخرێنەڕوو لەوانەیە زەرەریان پێبگەیەنێت یان هەوڵەکانیان تێکبدات ، بەڵام هەندێک لە سەرکردەکان لەوانە «خرۆتشوف»ی سەرکردەی سۆڤیەتی ڕۆژنامە بە «چەکێک» لە جەنگدا دادەنێت و ، «گۆبڵز»ی وەزیری بەناوبانگی پڕوپاگەندی هیتلەر ڕۆژنامەی بە «تۆپهاوێژ» دادەنا کە توانای بەرگری ئیفلیج دەکات .
 

نکوڵی لەوەناکرێت کە ڕاگەیاندن ڕۆلی کاریگەری هەیە بۆ هۆشیارکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگاو و هەڵبژاردنەکان و ، بۆنموونە لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەیەکگرتووەکاندا ، «ترەمپ» سوودێکی زۆری لە هەندێک ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەتایبەتی سەکۆی « X »ی ئیلیون ماکس وەرگرت و سەرۆکایەتی بردەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترمپ دوژمنی زۆرە کە دوژمنی ژمارە یەکی ئەو پیاوە ڕۆژنامەیە ، هەروەک پێشتر وەسفی بە دوژمنی گەل دەکرد ، ترمپ لەو هەڵبژاردنەو و ئەوەی پێشووتریش چوبووە ناو جەنگێکی بێکۆتایی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانیان و پێگەی هەواڵەکانیان و تۆڕی تەلەفزیۆنەکانیان ، ئێستا ترەمپ وەک کاوبۆیەک کە سواری ئەسپێکی سووری ئەفسانەیی بووە و بەسەرکەتوو هاتەمەیدان و ، سوورەلەسەر بەرەوپێش بردنی جەنگەکەی و تۆڵەکردنەوە لەوانە رەخنەیان لێدەگرت یان هزر و سیاسەتەکەیان ڕەتدەکردەوە و ، هەر لەئێستاوە داوادەکات کە مۆڵەتی پەخشکردن لە هەندێک تۆڕە تەلەفزیۆنە بەناوبانگەکان بسێنرێتەوە ، بەبیانۆی ئەوەی کە هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسیەت و ئینحیازکردن بۆ کاملا هاریس ، هەروەها ترەمپ باسی بەندکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەکات کە سەرچاوەی زانیاریەکانیان ئاشکرا ناکەن و ، لە ساڵی «2020» هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی بچێتە بەندینخانەوە لەوانەیە لەلایەن زیندانیەکانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر ، لەڕاستیدا و  لە واقیعدا زۆر قورسە ئەو هەڕەشانەی لە ڕاگەیاندن بۆی بچێتەسەر ، چونکە لە دەستووری ئەمەریکیدا هاتووە کە حکومەتی فیدراڵ قەدەخەی ئەوەیکردووە کە نابێت ڕۆژنامەنووس ناچاربکرێت بۆ ئاشکراکردنی زانیاریەکان تەنها لە کاتی تیرۆر و توندووتیژی لەناکاو نەبێیت .
 

شەڕی سەرۆک ترەمپ و پەیوەندیەکانی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەیدا بابەتی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و لەمیانیدا موفاجەئاتی سەمەرە دەتەقێتەوە و پێکدادان لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی گرنگ و بەناوبانگ ڕوودەدەن ، کە ئەمەش مەترسیەکی گەورە دەبێت بۆسەر ئازادی ڕاگەیاندن و وێنەی وڵاتەیەکگرتووەکان .

سەرچاوە : سپی میدیا