پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز تابلۆ هونەریەكانی لە سۆران نمایشکرد

پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز بە هەماهەنگی زانكۆی سۆران پێشەنگایەكی شێوەكاری بۆ تابلۆی خویندكارانی كردەوە کە مەبەستیان ئاشناكردنی خوێندكارانی زانكۆی سۆران بوو بە كارەكانی خوێندكارانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز.

بەشی شێوەكاری پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز 130 تابلۆی جۆراوجۆری لە زانكۆی سۆران بۆ مامۆستایان و خوێندكاران نمایش کرد.

زۆرینەی تابلۆکان گێڕانەوەی چیرۆكی ژنان بوو لەناو سروشت و ژیانی ڕۆژانەدا، مینا عەبدوڵا، خوێندكاری قۆناغی چواری بەشی شێوەكاری پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز، کە چەند تابلۆیەکی نمایشکرابوو  لە بارەی یەکیک لە تابلۆکانی وتی: ئەم تابلۆیە چیرۆكی هەزاران ژنی كوردە، كاتێك ڕۆژانە سەرقاڵی كاری ناوماڵ و دەرەوە دەبن، لەپشت ئەم تابلۆیە كۆمەڵێك پیاو هەن كە كرێكاری دەكەن و ئەم خاتونە كوردەش چایان بۆ ئامادە دەكات، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە بەبێ ژن ژیان قورس و گران دەبێت و پیاوان ناتوانن بەبێ ژنان كاری ڕۆژانە ئەنجام بدەن.

ڕەوا ئەحمەد، كچە خوێندكارێكی دیکەی هەمان پەیمانگایە، ئەو دەڵێت زۆربەی پرسیارەكان لەسەر ئەوەن بۆچی ژنان ئەوەندە لەناو تابلۆكاندا بەكاردەهێنرێن، وەك ئەو دەڵێت ژن تێكەڵاوی جوانی سروشتە و سروشت بەبێ ژن نابێت، هەروەها ئاكار و هەڵسوكەوت و نەرم و نیانی ژن وادەكات كەرستەیەكی باشتر بێت بۆ دروستكردنی تابلۆی هەمە ڕەنگ لەچاو ئەو ئاكارانەی كە پیاو هەیەتی.

هێمن ئیبراهیم سەرۆكی بەشی شێوەكاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز باس لەڕۆڵی خوێندكارەكانی دەكات و بە دەستڕەنگین و لێهاتوو وەسفیان دەكات و دەڵێت، خوێندكارانی هونەرە جوانەكانی ڕواندز لە ئاستێكی باڵادان و دەتوانن لەهەموو بوارەكانی هونەردا ببنە جێی متمانەی كۆمەڵگا، پێشانگای ئەمڕۆشیان بۆ ئەوەبووە خوێندكارانی زانكۆی سۆران توانا و لێهاتوویی ئەوانن ببینن و خۆشیان ئاشنا ببن بەو تابلۆ شێوەكارانەی كە كچ و كوڕە دەست ڕەنگینەكانی ڕواندز و دەوروبەری كێشاویانە.

نمایشی تابلۆ ڕەنگینەكانی خوێندكارانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ڕواندز چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و لەڕێگای دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەشێویی ئۆنلاین جوانترین تابلۆ دەست نیشان دەكرێت و جوانترین كۆمێنتیش كە هاوڵاتیان لەسەر تابلۆكان دەینوسن دیاری دەكرێت.

 

 

سەرچاوە: rojnews