په‌ڵكانه‌و خێمه‌ی عه‌ره‌به‌كان

 

 لەتیف فاتیح فەرەج

 

مامه‌م كه‌ زۆر شانازی به‌ جوتیار بوونی خۆیه‌وه‌ ده‌كات ، هه‌ڵبه‌ت ئێستا نا كه‌ چووه‌ته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌،هه‌میشه‌ قسه‌یه‌كی هه‌بوو ده‌یگوت جوتیار كۆته‌ره‌ی قه‌ویه‌، ئێستا جوتیارانی  كوردی بێ‌ پشت و په‌نای  په‌ڵكانه‌و سه‌ربه‌ شاخ و سه‌رگه‌ڕان و داقوق و شوێنه‌كانی دیكه‌ ، كه‌ هه‌ر ڕۆژ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌دان كۆته‌ره‌یان ته‌واو بێهێزو لاوازو باریكه‌ ، ئه‌مه‌ نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانن داكۆكی له‌ زه‌وی و زاری خۆیان بكه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نیان نیه‌ ، خاوه‌ن به‌ مانا ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی له‌ به‌غدان و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شی له‌ هه‌ولێره‌و بۆ گیان خۆمان خڕه‌.

سه‌دام و به‌عس به‌ زۆری زۆرداری و به‌ هه‌زار بیانوی قۆڕ زه‌وی و زاری كوردیان داگیر ده‌كردو ده‌یاندایه‌ عه‌ره‌ب ، كاتێك ئه‌وان كه‌وتن ئیدی وه‌رزێری كورد گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌رخاكی خۆی و له‌ حكومه‌تی فیدراڵیشه‌وه‌ یاسای كێشه‌ موڵكداریه‌كان له‌ نێوان هه‌قدارو هه‌قخۆردا ڕاگه‌یه‌نرا، لێهێشتا هه‌قدار بێ مافه‌و هه‌قخۆریش بسكه‌ی سمێڵی دێ‌ و له‌ بری ملی بشكێنێت و بڕوا له‌ كۆڵ ئه‌و جوتیارانه‌ بێته‌وه‌ دێت ئه‌و خێمه‌ هه‌ڵده‌دات و به‌ كورد ده‌ڵێت بڕۆ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ سوپای عیراقیش پاڵپشتی وانه‌، كه‌ ده‌بوو لانی كه‌م له‌و پرسه‌دا ئه‌گه‌ر پشتی خاوه‌ن هه‌قیش نه‌گرێت بێلایه‌ن بێت .

وه‌رزێری كورد ئه‌گه‌ر سته‌می ڕۆژگار لێیگه‌ڕێت ده‌توانێ‌ پشت به‌ تین و تاوی خۆی ببه‌ستێت ، لێ‌ ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌ست و سێ‌ و پێشتره‌وه‌ به‌ هۆسه‌وه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گوندی كورد هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌ت و سوپای زه‌به‌لاحیان له‌ پشت بووه‌ ، ئیتر كۆته‌ره‌ قه‌وی بێت یان لاواز چی پێده‌كرێت ، ڕۆژگارێك ئه‌وان بۆ ته‌لابی ده‌هاتنه‌ ناوچه‌ی شوان و هه‌مه‌وه‌ند و جه‌باری و ژێر خه‌رمانیان ده‌ماڵی ، كورده‌ دڵسافه‌كه‌ش به‌ ده‌ستی پڕه‌وه‌ ده‌یناردنه‌وه‌، دوایه‌ش خه‌رمانه‌كه‌یان به‌ تاڵان ده‌برد.

برایه‌تی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ هه‌موو وڵات به‌ ئه‌رزو به‌رزیه‌وه‌ هی تۆ بێت و به‌ وی دیكه‌ بَێیت بڕۆ له‌ سه‌ربانه‌وه‌ تا ئاسمان بۆ تۆ ، ئه‌مه‌ ماڵ به‌شكردن له‌ گه‌ڵ براكه‌ی مامۆستا قانعه‌، برایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ " له‌ یه‌ك باده‌ تاڵی نۆشین – برایی بكات به‌ هه‌نگوین " به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه‌ مامۆستا گۆران و زۆری تریش گوتویانه‌ وه‌ك دڵداری یه‌كسه‌ره‌وایه‌ ئاخر دڵداری له‌ یه‌كسه‌ره‌وه‌ ناكرێت ئه‌وه‌تا فۆلكلۆری كورد ده‌ڵێت : 

خۆشه‌ دڵداری له‌ هه‌ردوو سه‌ر بێت

نه‌ك من بسوتێم ئه‌و بێخه‌به‌ر بێت 

ئه‌گه‌ر خێمه‌ی كورده‌كان له‌ نه‌ورۆز كه‌ من هه‌ر ده‌رفه‌تم نه‌بوو سه‌رێكی لێبده‌م، یان خێمه‌ی جوتیاره‌كانی تۆپزاوا كه‌ من چووم و به‌ ناوی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانیشه‌وه‌ لێدوانم دا، خێمه‌ی هاوارو دادی ده‌ستی سته‌م و نادادی بن، ئه‌وه‌ خێمه‌ی عه‌ره‌به‌كانی په‌ڵكانه‌ خێمه‌ی سته‌م و نادادیه‌، سوپای عیراق له‌ بری گرتنی وه‌رزێری كورد ده‌بێت ئه‌و خێمه‌یه‌ بسوتێنێت كه‌ وه‌ك خێمه‌ی نادادی دیرۆكی دانانه‌كه‌ی له‌ سه‌ر سینگ و به‌رۆكی كوردستان بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .

ئه‌رێ‌ سه‌رانی كورد كه‌سێكیان تیا نه‌ماوه‌ وه‌ك مه‌رد بێته‌ قسه‌و داكۆكیه‌ك له‌و جوتیاره‌ خاوه‌ن ماڵانه‌ بكات ، یان لای ئه‌وانیش خاوه‌ن ماڵ بووه‌ به‌ بێگانه‌ .

سەرچاوە : خەندان