لە دووتووێی 475 لاپەڕەدا کتێبی «پەروەردەی هونەر»ی «خەلیل عەلی» چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە یەکێکیترە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و دەروازەیەکی نوێیە بۆ چوونە ناو جیهانی پەروەردەی هونەر و کۆمەڵێک بنەما و رێکاری هونەری لە خۆدەگرێت کە تازەترین رێنماییەکانی بواری پەروەردە شەنوکەو دەکات.
لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە: «ئەم کتێبە ئەزموونی 26ساڵ کارکردنە لەبواری پەروەردەی هونەردا و راستەوخۆ لەناو پۆل و لە کاتی وانە وتنەوەدا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کۆمەڵێک ئەزموون پیشاندەدات و لە کێشە و پێشنیارەکان دەکۆڵێتەوە، بە تایبەت پرۆگرامی پەروەردەی هونەر لە جیهاندا و بەتایبەت کە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمەوە بۆتە جێگەی بایەخی ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان و زۆرترین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر ئەنجامدراوە، ئەم لێکۆڵینەوانەش بەرهەمدار بوون و هەنگاو بە هەنگاو بە پێی رۆژگارەکە پێشکەوتنی تۆمار کردووە و کێشە و کەموکورتییەکانی چارە کردووە و دواتریش نوێکاری و ئەزموونگەریی نوێی خستۆتە سەر وانەکە، ئیدی لێرەوە جیهان قۆناغێکی تری لەو بوارەدا بڕی و بایەخی تەواو بە بواری پەروەردەی منداڵان ئینجا پەروەردەی هونەر درا.
سەرچاوە: knwe