لە ساڵانی کۆتایی شەستەکان و ساڵانی حەفتاکاندا، کاتێ لە قوتابخانە دەمخوێند، رۆژانە کاتێ زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی ئەو رۆژە لێدەدرا هەر پۆلەی لە ریزی خۆیدا لە حەوشەی قوتابخانەکە ریزدەبوو. دوای بەیانی باش و چەند وتەیەک لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانەکەمانەوە، بە وتنی چەند سروودێک لەلایەن هەموو پۆلەکانەوە رۆژی خوێندن دەستی پێدەکرد. سروودی وەکو خوایە وەتەن ئاواکەی ... و ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەرۆزە هاتەوە، ئەگەر وەرزی بەهار بوایە و نزیک بە نەورۆز بووینایە و جارجاریش، کاتێ کە رۆشناییەک دەردەکەوت، سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، دەچووە نێو بەرنامەی ئەو سروودانەوە کە دەمانوت. لەگەڵ زۆرداری و چەوسانەوەی رژێمەکانی ئەو کاتانەی بەغدا، هاوکات هیچ کات قوتابخانە لەو ئەرکە پیرۆزەیان، ئەرکی گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی نیشتمان، درێغییان نەدەکرد.
لە کاتی خوێندنی کۆرسێکی هەفتەیی و سەردانێکم بۆ قوتابخانەیەک لە شاری نیۆرک، کاتێ زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی ئەو رۆژە لێیدا، هەر پۆلەی لە ریزی خۆیدا وەستا، پێش ئەوەی هەر یەکەیان بەرەو هۆڵی خوێندنی خۆیان برۆن، ئاڵای ئەمریکا بەرزکرایەوە و لەدوای وتنی سروودی نیشتمانی ئەمریکا، بەرێوەبەری قوتابخانەکە وتەیەکی دەربارەی خۆشەویستی و گەورەیی ئەمریکا و رێزگرتن لە ئاڵای وڵات پێشکەشکرد. هەموو بەیانیەک بەم شێوەیە بەرێوەبەری قوتابخانە رۆژی خوێندنی دەست پێدەکرد.
قوتابیه‌کی ئاماده‌یی، کوردی دانیشتووی ستۆکهۆڵم وتی: "ئێمه‌ی مناڵانی کورد که له سوید ده‌ژین وافێردهبین که سویدمان خۆشبوێ و ڕێزمان بۆ ئاڵا و داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌که هه‌بێ و له‌کاتی پێشبڕکێی یاری وه‌رزشی جۆراوجۆردا هه‌میشه حه‌زده‌که‌ین سوید ببیباتهوه. به‌ڵام من پارهاوین له کوردستان بووم زۆر له‌و خزمانه‌م که من بینمن و قوتابی بوون ئه‌و هه‌ستی نیشتمانپهروهرێتییهیان نه‌بوو بۆ کوردستان. ئایه بۆچی وایه؟"
له وڵاتی سوید منداڵان هه‌ر له باخچه‌وه به بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاشناده‌کرێن و ئاڵای سوید له هه‌موو باخچه و قوتابخانه‌یه‌کدا هه‌یه و له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا، ته‌نانه‌ت گه‌ر بۆنه‌که‌ش ته‌نیا تایبه‌ت بێ به‌و باخچه‌یه یا ئه‌و قوتابخانه‌یه ئاڵا به‌رزده‌کرێته‌وه و ڕێزی لێده‌گیرێ.
دوارۆژی ساڵی خوێندنیش، لەهەموو قوتابخانەیەکدا ئاڵای وڵات بەرزدەکرێتەوە و بە سروودی نیشتمانی سوید کۆتایی بەساڵی خوێندن دەهێنرێ.
سیسته‌می فێرکاری سوید منداڵان و قوتابیان فێرده‌کا که کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان خۆشبوێ و رێز له جوانی و پیرۆزییه‌کانی وڵاته‌که‌یان بگرن. ئه‌م په‌یامه‌ش له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا زانکۆکان وه‌کو هێڵکی سوور له نێو سیسته‌می فێرکاری و خوێندن دا ده‌رده‌که‌وێ. سیستمی پەروەردە و خوێندن مرۆڤەکان دەکاتە هاوڵاتی. هەموو هاوڵاتیەکیش مافەکانی پارێزراوە. وڵاتی سویدیش نیشتمانی هەموو تاکێکە.
ئه‌مڕۆ بیست و حه‌وت ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپا له یه‌کێتیه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه‌دا یه‌کیانگرتووه و بۆ کار و کاڵا سنووریان نه‌هێشتۆته‌وه. هاوکات هه‌موو وڵاتێکی نێو ئه‌م یه‌کێتیه پارێزگاری له بنه‌ما نیشتمانیه‌کانی خۆیان دەکەن و هاوڵاتیانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ڕێزی گه‌وره‌یان بۆ خاک و ئاڵا و دامه‌زراوه‌کانی خۆیان هه‌یه و وڵات و کۆمەڵگەی خۆیان خۆشدەوێ.
کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراسی سوید له سه‌ر چوار یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆڵه‌که‌ی خۆی داناوه: یاسای بنه‌ڕه‌تی شێوازی حوکمڕانی، یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی نوسین، یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕ و یاسای چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی به‌میرات وه‌رگرتنی پاشایه‌تی. گۆڕرانکاری لەم یاسا بنه‌ڕه‌تیانه‌دا زۆر سه‌خته. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌موو تاکێک مافی ئازادی ده‌ربڕینی، به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئازادی له نوسین و ده‌ربڕیندا پارێزراوه، به‌ڵام هیچ کاتێک هیچ هاوڵاتیه‌کی سویدی ڕێگا به‌خۆی نادا که بێڕێزی به‌رامبه‌ر ئاڵا و سروودی نیشتمانی و خاکی خۆی بکا. ئه‌م په‌یامه‌ش له باخچه‌وه تا ته‌واوکردنی زانکۆ له‌گه‌ڵ منداڵان و قوتابیان و خوێندکاراندا گه‌شه‌ده‌کا و گه‌وره ده‌بێ. هه‌ربۆیه قوتابیەکی کوردیش له سوید، هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر وڵاتی سوید هه‌یه و سوید بە نیشتمانی خۆی دەزانێ.
چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆمپانیای ماکینسی تۆژینه‌وه‌یه‌کی له 20 وڵات و هه‌رێمی جیاوازدا ئه‌نجامدا و سه‌یری ئه‌و لایانه‌یان کرد که ده‌بێته هۆکاری سه‌رکه‌وتنی قوتابخانه‌یه‌ک. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک قوتابخانه‌ی زۆر له 20 وڵات و هه‌رێمی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندی جیاوازه‌وه به‌شداربوون. ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کە ده‌ریخست ئه‌وه‌ی له پۆلدا ڕووده‌دا، واته ڕۆڵی مامۆستا و کاری مامۆستا له پۆلدا کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له سه‌رکه‌وتنی قوتابیاندا هه‌یه. واته سه‌ره‌کیترین کاریگه‌ر ڕۆڵی مامۆستایه له پۆلدا.
ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، لەگەڵ زۆرداری رژێمە جیاوازەکانی بەغدادا، پەیامی خۆشەویستی نیشتمان لە قوتابخانەکاندا هەمیشە ئامادەیی هەبوو، هەستی نیشتمانپەروەرێتی بەهێز بوو، بە شێوەیەکی گشتی هەموو تاکێک لە کۆمەڵدا نیشتمانی بە هی خۆی دەزانی و ئازادی خۆی بەستبۆوە بە سەربەستی نیشتمانەوە.
ئەمریکا دەوڵەتێکی زلهێزە و دامودەزگا دیموکراسیەکانیشی زۆر بەهێزن.
سوید ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه و داموده‌زگا دیموکراتیه‌کانی زۆر به‌هێزن و هیچ ده‌وڵه‌تێک نه‌یاری نیه. ئینتمای هاوڵاتیان بۆ نیشتمانی خۆیان لە ئەمریکا و لە سویدیش به‌هێزه و بە شێوەیەکی گشتی هه‌موو تاکێک، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی چه‌ندین ڕه‌نگ و ده‌نگی جیاوازدا ڕێزیان بۆ پیرۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگه هه‌یه.
باشووری کوردستان تائێستاش بهعهرهبدهکرێ و خێزانی کورد له ماڵی خۆی ده‌رده‌کرێ و زمانی کوردی له مناڵی کورد قه‌ده‌غه ده‌کرێ. چوارده‌وری کوردستان بە نه‌یار و دوژمن دەورە دراوه، هەرێمی کوردستان خاوەنی دامودەزگای دیموکراسی بەهێزیش نیە. لەگەڵ ئەم مەترسیانەشدا ئەمرۆ قوتابیانی کوردستان بە تایبەتی و هاوڵاتیان بە گشتی ئینتمایان بۆ کوردستان نەماوە و خۆشەوستی بۆ نیشتمان پرسێک نیە کە هەڵوێستەی لەسەربکەن.
کاتێ دەسەڵاتدارانی وڵاتێک هاوڵاتیانی خۆی لە ژێر ئاسمانی پر لە ئارامی و خۆشبەختی نیشتمانێک دا کۆدەکاتەوە، نیشتمانێک کە هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی تیادا دابین کرابن و پارێزراو بن، دیارە هاوڵاتیانیش نیشتمانی خۆیان خۆشدەوێ و ئینتمایان بۆ نیشتمانی خۆیان دەبێ و ئامادەشن لە پێناویدا تێ‌بکۆشن.
ئەوەی کە جێگای مەترسیە لە رۆژی ئەمرۆدا نە قوتابی و نە مامۆستا و نە هیچ هاوڵاتییەکی دیکەی باشووری کوردستان نیشتمان بە هی خۆی نازانێ، چونکە بەلایەوە وڵات تەنیا نیشتمانی دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانە. بۆ خۆشبەختی ئەو بژاردە کەمەی کۆمەڵ هاوڵاتیان نیشتمانێکی ماندوو و ژینگەناتەندروستیان بۆ بەجێماوە. جێگای سەرسوڕمان نیە کە هاوڵاتیەکی باشووری کوردستان ئینتمای بۆ نیشتمانەکەی نەمابێ و پەیامی هەستی نیشتمانپەروەرێتیش لە پۆلەکاندا و لە قوتابخانەکاندا لە ئامادەنەبوونیدا بدرەوشێتەوە.
نەوەی ئەمرۆ، بەهۆکاری ئەو هەموو نارەواییانەی لە کۆمەڵگەدا دەیبینێ، تۆراوە، تەنانەت لە مێژووی نەتەوەکەشی. کاتێکیش سنووری تۆراندنی قوتابیان و خوێندکاران دەگاتە توورەبوون ئەو کاتە دەبێتە هەرەشە لەسەر هەموو سیستمی دەسەڵاتدارێتی وڵات. نموونە لە مێژوودا زۆرن کە چۆن توورەبوونی خوێندکاران سیستمی دەسەڵاتدارێتیان هەژاندوە. باشووری کوردستان بەرگەی نائارامی ناگرێ، نەیاران و دوژمنان ئامادەن لەسەر سنوورەکان.
سروە نوری ئەزیز
مامۆستای ئامادەیی، سوید