په‌تای رەتکردنه‌وه‌ی هاوسەرگیریی..

 

 

 


تاڤگە  سابیر 

 

 

ڕۆژگارێک تێکه‌وتووین فۆرمی خێزان به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه‌ ناشیرینه‌ له‌به‌رچاودا، ره‌وشی خێزانیی به‌و شێوه‌یه‌ی ‌ده‌بینرێ و ده‌بیسترێ دڵه‌ڕاوکێ و بێئومێدیی ئافەریدە دەکا، ژیانی خێزانیی لای به‌شێک له‌وانه‌ی له ‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رییدان بۆته‌ ئه‌و کابووسه‌ی که‌ هیوای بۆ ناخوازرێ له‌ خه‌ونیشدا تووشی ببن.

جاران کوڕان بریسکه‌ی سمێڵیان ده‌هات به ‌باسوخواسی ژنهێنان، کچان له ‌چاوه‌ڕوانیی شاسواری خه‌ونه‌کانیاندا رۆژ و شه‌وه‌کانی ته‌مه‌نیان به‌ڕێده‌کرد، که‌چی له‌م رۆژگاره‌دا لای به‌شێک له‌گه‌نجان به ‌باسکردنی چوونه‌ ناو ژیانی هاوسه‌ری موچڕکه‌ به‌ ده‌روون و جه‌سته‌یاندا دێ.

گه‌نجی ئێستا کاتێک له‌ ره‌وشی خێزانیی خێزانداره‌کان له‌ ده‌وروبه‌ری خۆیدا ده‌ڕوانێ نموونه‌ی زۆر ناشیرین ده‌بینێ، کێشه‌ و ئاژاوه‌ی خێزانیی، بێ متمانه‌یی، خیانه‌ت و ناپاکیی، بێڕێزیی، بێوه‌فایی به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌کان، تۆران، ده‌ستێوه‌ردانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ململانێ له‌گه‌ڵ ماڵه‌ خه‌زوور، تادەگاتە جودابوونەوە و ره‌نج به‌باچوون و... هتد.

ئه‌م نموونانه‌ نه‌ک هه‌ر هانده‌ر نابن بۆ گه‌نجان تا چوونه‌ ژیانی هاوسه‌ریی بکه‌نه‌ پرۆژه‌ و خه‌ون و کار بۆ هێنانه‌دی بکه‌ن، به‌ڵکو به ‌ئه‌ندازه‌یه‌ک رۆحیان ده‌تۆرێنێ هەر بیر له‌ پرۆسه‌ی هاوسەرگیریی نەکەنەوە.
- شوو بکه‌م به‌ ده‌ردی فڵانی هاوڕێ و فیساری خوشکم و ئه‌وی تری خزمم ‌بچم؟
- جا توخوا ئه‌م ژیانییه‌ ره‌به‌نییه‌ی ئێستام باشتر نییە‌ له‌و دۆزه‌خه‌؟).
ئه‌مه‌ وه‌ڵامی به‌شێک له ‌کچانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ له‌ ئێستادا به‌رامبه‌ر پرسی هاوسەرگیریی. کوڕه‌ نائومێده‌کانیش به‌رامبه‌ر هه‌مان پرس به‌م جۆره‌ رای خۆیان ده‌رده‌بڕن:
- به ‌قوربانه‌ وازم لێبێنن سه‌رم ره‌حه‌ت و سه‌حه‌ته‌ ئێستا، کاکم و هاوڕێکانم زۆریان هه‌ڵتڕاندووه‌ له ‌ژیانی خێزانیی تا منیش خۆم به‌و ‌ده‌رده‌ ببەم؟

چه‌ند رۆژێک به‌ر له ‌ئێستا ئاماده‌ی دیالۆگێک بووم له ‌نێوان کچێک (ته‌مه‌نی چل ساڵی تێپه‌ڕاندووه، ده‌رچووی زانکۆ‌) و ژنێک (نزیکه‌ی پانزه‌ ساڵه‌ له ‌ژیانی هاوسه‌رییدایه‌ و دایکی دوو منداڵه، ده‌رچووی زانکۆ‌)، ژنه‌که‌ هێنده‌ سکاڵا و بێزاریی خۆی ده‌رده‌بڕی له‌ ده‌ست مێرد و په‌یوه‌ستییه‌کانی ژیانی هاوسه‌ریی، مرۆڤ خۆزگه‌ی به‌و ره‌وشه‌ نه‌ده‌خواست، ناوبه‌ناو به ‌کچه‌که‌ی ده‌گوت:
- خۆزگه‌م به‌خۆت (خۆت … نه‌که‌ی، به ‌خوا ژیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ که‌ ره‌به‌نی).
پاش مشتومڕێکی زۆر له ‌نێوانیاندا کۆتایی دیالۆگه‌که ئه‌و هه‌سته‌ی به‌رجه‌سته‌ کرد له لایان که ‌کچه‌که‌ براوه‌یه‌ له ‌ژیاندا چونکه‌ ره‌به‌نه‌، ژنه‌که‌ش دۆڕاوه‌ چونکه‌ هاوسه‌رداره!

ره‌وشی خێزان به‌م جۆره‌ی که ‌ئێستا ‌هه‌یه‌‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی راشکاوە له‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی کۆمه‌ڵگه‌ چونکه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ فۆرمی خێزان ناشیرینتر ده‌کا و خواست له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هاوسەرگیریی که‌متر ده‌کاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خواستیشی له‌سه‌ر بێ له‌ لای به‌شێک ئه‌وا ئه‌و هه‌سته‌ دروست ده‌کا که‌ پرۆسه‌ی هاوسەرگیریی ئه‌زموونێکی تاڵه‌، که‌واته‌ پێشوه‌خت دروستکەری ئاماده‌گییه‌کی ده‌روونییه‌ که ‌به ‌گوێدا ده‌دا:
(تۆ ده‌چیە‌ ژیانێکی نوێوه‌ که‌ ئایینده‌ت روون نییه‌ تێیدا، تۆ به‌ره‌و ململانێیه‌کی به‌رده‌وام هه‌نگاو ده‌نێی که‌ رۆحت دە‌کرۆژێ، تۆ چێژه‌کانی ژیانت به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌ ده‌به‌ی).
ئه‌م ئاماده‌گییه‌ ده‌روونییه‌ هه‌ر زوو گه‌نجان ئاماده‌ ده‌کا که‌وا هه‌ست بکه‌ن ده‌چنه‌ شه‌ڕه‌وه‌، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، له‌گه‌ڵ ماڵه‌ خه‌زوور، له‌گه‌ڵ مافه‌کانی هه‌ردوو لا، له‌گه‌ڵ باڵاده‌ستبوونی به‌رامبه‌ر، له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی مه‌رجه‌کانی به‌رامبه‌ر.

کێ به‌ر له‌ هاوسەرگیریی له‌ دووی خاڵه‌ ئه‌رێنیی و شیرینه‌کانی ژیانی هاوسه‌رییدا ده‌گه‌ڕێ ؟

کێ قسه‌ له‌سه‌ر ئاسووده‌بوونی رۆح و جێگیربوونی باری سۆزدارییدا ده‌کا ؟

ئاخر که‌ مێشک ئه‌و ئاماژە ببه‌خشێ که ‌تۆ به‌ره‌و شه‌ڕ ده‌ڕۆی ئیدی تۆ بیر له‌ جوانیی و هێمنیی و ئاسووده‌یی ناکه‌یتە‌وه‌، چونکه‌ له ‌شه‌ڕدا جوانیی نابیندرێ، هەموو شتکان ناشیرینن ..

که‌واته‌ ده‌کرێ بڵێین ره‌وشی خێزانیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له ‌قه‌یران دایه‌، قه‌یرانێک که ‌که‌س پرۆژه‌ی پێ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی، ده‌سه‌ڵاتی کوردستان نه‌ک هه‌ر قسه‌ی راشکاوی نییه‌ له‌سه‌ر ئەو قه‌یرانه‌ به‌ڵکو هه‌ر تێیناگا، ناوبه‌ناو میدیایەکان توێژه‌رانی ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تی بانگهێشت ده‌که‌ن بۆ ئاخافتن له‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌ڵام مه‌به‌ستی میدیایەکان تەنیا پڕکردنه‌وه‌ی کاتی بۆشی بەرنامه‌کانیانه‌..

له ‌هه‌موو جیهاندا کاتێک لایه‌نێکی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ دووچاری قه‌یران دێ ده‌سه‌ڵاتی وڵات بانگهێشتی پسپۆڕان و بیرمه‌ندان و رۆشنبیران ده‌کا که توێژینه‌وه‌ی زانستیی ئه‌نجام بده‌ن و ‌پرۆژه‌ پێشکه‌ش بکه‌ن به ‌مه‌به‌ستی ئاستدانان بۆ قه‌یرانه‌که‌ یاخود چاره‌سه‌رکردنی. پڕۆژه‌ ئاماده‌ ده‌کرێ و گفتوگۆی چڕوپڕی له‌سه‌ر ده‌کرێ و بڕیاری پێویست و گونجاوی له ‌باره‌وه‌ ده‌درێ، ده‌بێته‌ کارنامه‌ی حکومه‌ت، بودجەی بۆ ته‌رخان ده‌کرێ.

به‌ڵام مه‌خابن له ‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تا ئێستا به‌و جۆره‌ کار نه‌کراوه‌. به‌ راشکاویی ده‌ڵێم ره‌وشی خێزان له ‌ئێستادا زه‌نگێکی مه‌ترسیداره‌ که ‌ئاماژه‌ بۆ ئایینده‌یه‌کی نه‌خواستراو ده‌کا که‌ پڕی ده‌بێ له‌ لادان و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئایینده‌یه‌ک که‌ پایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ره‌و شێواندن وتێکدانی دێمۆگرافی کورد لەزۆناوچەی کوردستان..نەک هەر کێشە لەسەرەکان ،بەڵکو بەئازادە کانیشەوە بەرەو مەترسی سڕینەوەی ڕەگەزی کوردی و پاشان داڕمان ده‌با..!

 ده‌بێ که‌س هه‌بێ له‌ ره‌وشێکی له‌و جۆره‌ سوود ببینێ؟

رەتکردنه‌وه‌ی چوونه‌ ناو ژیانی هاوسەرگیریی په‌تایه‌کی ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، که ‌زیانه‌کانی له‌ زیانی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ و به‌راز پترە، ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆرانه‌ی ئه‌نفلۆنزا تاکه‌ تاکه‌ مرۆڤه‌کان ده‌کوژێ، ئه‌وا په‌تای رەتکردنه‌وه‌ی هاوسەرگیریی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌ره‌و داڕمان ده‌با و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێ، به‌ واتای وشه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نه‌خۆش وبێتوانا به‌رهه‌مده‌هێنێ.